"بارزانییەكان لە ئەمریكا بەبڕی 47 ملیۆن دۆلار دوو ڤێلا دەكڕن"

13-11-2019 02:30
یەكێك لە ڤێلاكان بەناوی (Foothill Manor) كە بە 20 ملیۆن دۆلار كڕدراوە


پەرەگراف

ڕۆژنامەنووسێكی تایبەتمەندی بواری ئاشكراكردنی خاوەنی ڤێلا گرانبەهاكانی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، چەند كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی بەم دواییانە دوو ڤێلای گرانبەهایان لەو وڵاتە بە بەهای 47 ملیۆن دۆلار كڕیوە.

جەمیس ماككالین، كە ڕۆژنامەنووسێكی بنكۆڵكاری تایبەتمەندە بە گەڕان بەدوای خاوەنی ڕاستەقینەی موڵك و ماڵە گرانبەهاكانی ویلایەتە جیاوازەكانی ئەمەریكا، لە ڕاپۆرتێكی نوێیدا كە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە لە ماڵپەڕی دێرت-ی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات كە چەند كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، خاوەنی دوو لە گرانبەهاترین ڤێلاكانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریكان.

دوو ڤێلاكە دەكەونە ناوچەی Beverly Hills كە یەكێكە لە ناوازەترین و سەرنجڕاكێشترین ناوچە گەشتیارییەكانی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا.

یەكێك لە ڤێلاكان (Maison 613) كە بەر لە فرۆشتنی ڤیدیۆیەكی بازرگانیی بۆ كراوە، ڕووبەرەكەی 21 هەزار پێ دووجایەو دەیان ژوور و هۆڵ و مەسعەد و هۆڵی وەرزشی و 17 گەرماو و تەنانەت هۆڵی یاریی بۆڵینگیشی تێدایە.

ڤیدیۆی ڤێلای Maison 613

بە دووریی یەك كیلۆمەترو نیو لە باكووری ئەو ڤێلایەوە، ڤێلایەكی دیكە هەیە (Foothill Manor) كە هەرچەندە ڕووبەرەكەی لەچاو ئەوەی پێشتردا كەمترە و تەنها 11 هەزار پێ دووجایە، بەڵام بەوە دەناسرێتەوە كە ڤێلایەكی داخراو و تایبەتە و بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرە دارە بەرزانەی بەچواردەوریدان، بەزحمەت لەدەرەوە دەتواندرێت ناوەوە ببیندرێت.

ڤیدیۆی ڤێلای Foothill Manor

بەپێی ئەو تۆمارانەی دەست ڕۆژنامەنووسەكە كەوتوون، ساڵی ڕابردوو ڤێلای Maison 613 بەبڕی 27 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و پارەكەی ڕاستەوخۆ بەكاش دراوە، ئەوەش بە یەكێك لە گەورەترین مامەڵەكانی خانووبەرە لەو ناوچەیە دادەنرێت. سێ مانگ پێشتریش، ڤێلای Foothill Manor بە بڕی 20 ملیۆن دۆلاری كاش فرۆشراوە. بەپێی تۆمارەكانیش، كڕیاری هەردوو ڤێلاكە، كەسێكی نەناسراوە كە ناونیشانی نیشتەجێبوونی(ئەدرەسەكەی) لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریكایە. ڕۆژنامەنووسەكە دەڵێت، تەنها دوو شت هەیە كە دەتوانین لەسەر خاوەنە نوێیەكانی ئەو دوو ڤێلایە بیڵێین ئەوەیە كە "ئەوان زۆر زۆر دەوڵەمەندن، هەروەها نایانەوێت كەس بزانێت كێن و چۆن ئەو پارەیەیان دەستكەوتووە."

ڤێلای Maison 613 بەبڕی 27 ملیۆن دۆلار كڕدراوەو پارەكەی ڕاستەوخۆ بەكاش دراوە

دوای قووڵبوونەوە لە تۆمارەكاندا، ڕۆژنامەنووسەكە بۆی دەردەكەوێت كە ناوێك هەیە پەیوەستە بەكڕینی هەردوو ڤێلاكەوە، ئەویش هەڤاڵ دۆسكی-یە، كە كەسێكی دانیشتووی ویلایەتی ڤێرجینیایە و بەڕەگەز كوردە و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هەریەك لە مەنسور و مەسرور بارزانی كوڕانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان هەیە.

ڕۆژنامەنووسە ئەمەریكییەكە باس لەوەش دەكات كە پێناچێت لە ئێستادا هیچ كەس لەو ڤێلایانەدا بژی. بەتایبەت ڤێلای Maison 613 كە بەم دواییە سەردانی كردووەو لەسەر دەرگای پێشەوەی هەندێك تێكچوونی بینیوە كە بەهۆی كەشووهەواوە ڕووی داوە، ئەوەش دەری دەخات بۆ ماوەیەكە كەسی تێدا ناژی. هاوكات هیچ ئۆتۆمبێلێك لە گەراجەكەدا نەبووە و بەشەوانیش ڤێلاكە هەر بە تاریكیی دەمێنیتەوە.

بەهەمان شێوە ڤێلای Foothill Manor هەر چۆڵە، ئەوەش بە ئاشكرا لەسەر دەرگای دەرەوەی نووسراوە كە بەهۆی چاككردنەوە لە ئێستادا كەسی تێدا ناژی. بەڵام بەپێی وتەی ئەو كەسانەی لەو نزیكانە دەژین، بە درێژایی ساڵی ڕابردوو ژنێك لەو ڤێلایە ژیاوە كە خەڵكی لەندەنە و دەوترێت خێزانی یەكێك لە كوڕەكانی مەسعود بازرانییە و منداڵێكی هەیە كە پاشناوی بارزانی هەیە.

ڕۆژنامەنووسە ئەمریكییەكە باسلەوەش دەكات، خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار لەو ڤێلایانەدا لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختدا دەژین و بەپێی ڕاپۆرتێک، نزیکەی لەسەدا ٥.٥ی هاوڵاتیانی هەرێم مانگانە تەنها دەتوانن ٨٠ دۆلار پەیدا بکەن، لە کاتێکدا هەرێمەکە سەرچاوەیەکی داهاتی زۆری هەیە.

ئەمە یەكەمجار نییە كە بارزانییەكان وەك كڕیاری ڤێلا گرانبەهاكانی ئەمەریكا پیشان دەدرێن، لە ساڵی 2011 مایكڵ ڕۆبن نووسەری ئەمەریكی ڕایگەیاند كە مەسعود بارزانی لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریكا بەبڕی 10 ملیۆن دۆلار ڤیلایەكی كڕیوە، بەڵام دواتر ئەو تۆمەتانە ڕەتكرانەوە.

بەهۆی ناشەفافییەت‌و دەستنەكەوتنی زانیاریی لە هەرێمی كوردستان ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆ ناتوانن بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسانە بكەن‌و زانیاریی‌و لێدوانیان دەستبكەوێت بۆ پشتڕاستكردنەوەیان، هاوكات بارزانییەكان لە داخراوترین بنەماڵەكانن بەڕووی ڕۆژنامەنووساندا هەربۆیە ڕێگایەك نییە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ كردنیان‌و وەرگرتنی زانیاریی‌و ڕایان، خۆیشیان كەمترین جار لێدوان‌و ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانییان هەیە لەسەر ئەو پرسانەی ناوی ئەوانی تێدا دەهێندرێت.

ڤێلای Maison 613

ڤێلای Maison 613

ڤێلای Maison 613

ڤێلای Maison 613

ڤێلای Foothill Manor 

ڤێلای Foothill Manor 

ڤێلای Foothill Manor 

ڤێلای Foothill Manor