پەرەگراف- هەڤاڵ زەنگەنە
لە ساڵی 2006دا بوو، كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی لەشكری یەكگرتووی بە خەڵكی دا، لەوكاتەوە چوار كابینەی تر و سێ سەرۆكوەزیران بونەتە حوكمڕان، بەڵام هێشتا زۆرینەی هێزی پێشمەرگە بە دەست حيزبەوەن و یەكنەخراونەتەوە.
یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بە نیشتیمانی كردنیان، مێژویەكی درێژی لای هاوڵاتیانی كورد هەیە و لەگەڵ هەر ڕوداوێكیشدا، جارێكیتر ئەو پرسە دەوروژێنرێتەوە.
لە دوایین ڕوداودا، 10ی تشرینی دوەم لە بەردەڕەش، دوو ئەفسەر لە لیوای 12ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كوژران، بەهۆی شەڕە تەقەی نێوانیانەوە لە ئەنجامی دروستبونی مشتومڕ، ئەوەش دوای بڕیاری گۆڕانكاریی لە چەند بەرپرسیارێتییەكدا بوو.
هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە، تاكە ناونیشانی هێزە چەكدارەكانە بە فەرمی، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی چەكیان بە دەستە، وەك بەشێك لە یەكێتی و پارتی سەیردەكرێن، لە زۆر كاتیشدا، هەر لەوانەوە فەرمانیان پێكراوە و جوڵێنراون.
"هەر هێزێكی سەربازی لە هەركات و سەردەمێك نەك یەكنەگرتن تەنانەت شیرازەشی یان زەبتی سەربازیشی نزمببێتەوە كارەسات دروست دەكات" عەمید عادل كاكەیی، شرۆڤەكاری سەربازی وادەڵێت.
ئەو بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە، لەكاتی ململانێ سیاسیەكانیشدا، ئەگەر هێزەكان یەكگرتوو نەبن، ئەوا دەبێتە هۆی ڕەنگدانەوەی حزبایەتی لەناو هێزەكاندا و لەو كاتەشدا ئەو هێزە ناتوانێت بەرگری لە خۆی و لە خاك و لە نیشتیمانەكەی بكات.
لە ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كەركوك، بەشێك لە پێشمەرگە تۆمەتباركران بەوەی بەرگرییان نەكردووە و كشاونەتەوە، ئەوەش بە تایبەت لە لیوا یەكگرتوەكاندا، بەوپێیەی لێپرسراوەكانیان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەشبونو لە ژێر هەژموونی حیزبدان.
وەزارەتی پێشمەرگە، تائێستا 14 لیوای یەكگرتوو یان یەكخراوەی هەیە، بەبێ هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80ی پارتی، كە زۆرینەی هێزی چەكداری هەرێمن.
عادل كاكەیی وتی "هێزی چەكدار چەكەكەی شەرەفیەتی و خاكەكەی دایكیەتی و ئەركەكەی باوكیەتی، بەڵام ئەگەر ئەجێندای حیزبی لەناو هێزەكان زاڵبێت هەموو ئەمانە بەلاوە دەنرێت، گوێ بە هەرناو و ناتۆرەیەك نادرێت كە بەهۆی جێبەجێنەكردنی ئەركی ئەو هێزەوە دروست ببێت، ئەوەش خەتەرە بۆ هێزی چەكدار، بۆیە یەكگرتن و یەكدەنگی و مەشق و دیسپلینی سەربازی هۆكارن بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت زەفەرت پێ بەرێت".
بەڵێنی یەكخستنەوەی پێشمەرگە، لە كابینەی پێنجەم و دوای سەردەمی شەڕی ناوخۆوە بەردەوامی هەیە، لە كابینەی شەشەم بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح، كابینەكانی حەوت و هەشت كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیران بوو تا كابینەی نوێ، كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانیەتی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە لە 11ی ئەم مانگە، جەختیكردۆتەوە لە هەنگاوی كردەیی بۆ ڕێكخستنەوەی بوارەكانی كارگێڕی و یاسایی و داڕشتنەوەی پەیكەری وەزارەت و هێز و پێكهاتەكانی پێشمەرگە.
بارزانی بۆ رۆژی دواتر و لە مەراسیمی دەرچوانی ئەفسەرانی كولێژی سەربازی زاخۆ وتی "هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێزێكی چەكداری نیشتمانیی خاوەن دیسپلین و پرەنسیپی پێشكەوتووە. هێزی یەكگرتوو، خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانی، لە سەرووی هەموو مەبەستێكی سیاسی، حیزبی، نەتەوەیی، ئاینی و مەزهەبییەوە بێت".
وتیشی "ناكرێت هێزی حیزب و لایەن و گرووپەكان بێت. دەبێ دوور بێت لەناكۆكی و ململانێی ناوخۆ. بۆ مەرامی سیاسی و یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسییەكان بەهیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان نابێ بەكار بێت".
پێشتر و لە چەندین ململانێی سیاسی حیزبەكان، هێزی پێشمەرگە و چەكدار جوڵەی پێكراوە، هەرچەندە لەسەر ئاستی فەرمی نكۆڵی لێدەكرێت.
لە ئێستادا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەت ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، لەگەڵ هاوكارییەكانیاندا، فشار دەخەنەسەر حكومەتی هەرێم بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بە تایبەت یەكەكانی 70 و 80ی یەكێتی و پارتی.
جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پەرەگراف وتی "نەك ئەمەل، بڕیار هەیە دەبێـت لەم چوار ساڵەی كابینەی نۆیەم هەموو هێزەكان یەكبخرێنەوە لە ژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگەو یەك فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش پڕۆژە و بەرنامەی هەم وەزارەتی پێشمەرگە هەم سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە".
ئەوەشی ڕوونكردەوە دەرئەنجامی كاری یەكخستنی پێشمەرگە تائێستا چوار لیوای یەكگرتوو، دیوانی وەزارەت، یەكخستنی هەموو بنكەكانی مەشق و ئەو دامودەزگایانە بووە كە پێشمەرگە بەڕێوەدەبەن.
"هێزەكانی 70 و هێزەكانی 80 هەندێكیان ماون، ئێستا پڕۆژەیەك هەیە بۆ دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ ڕێكخستنی باقی ئەو هێزانە لە ڕووی فەرماندەیی و كارگێڕی و ژمێریارییەوە".
جەبار یاوەر مەندە جەحتیكردەوە "ئەو هێزانەی یەكیان نەگرتۆتەوە لەكاتی ئەرك و ئۆپەراسیۆندا فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن، وەك لەكاتی شەڕی داعش فەرمان و پێداویستییەكانی خواردن و چەك و سوتەمەنییان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگرتووە".
هەنگاوی كردەیی بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لە 2010وە دەستیپێكردووە، لەوكاتەوە تا 2013 و بەر لە قەیرانی دارایی، نزیكەی 43 هەزار پلەدار و ئەفسەر و پێشمەرگە لە 14 لیوادا ڕێكخرانەوە.
عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا واقیعێك هەیە و هێزەكانی 70 لە ژێر فەرمانی یەكێـتی و هێزەكانی 80 لەژێر فەرمانی پارتییە، ڕاستە هەموویان فەرمان لە وەزارەتەوە وەردەگرن".
لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەرێوەبەرایەتییەك بەناوی چاكسازی كراوەتەوە و هاوپەیمانان سەرپەرشتی دەكەن، كە ئامانجێكی سەرەكی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگەیە.
سێدەری وتی "هیچ یاسایەك نییە بۆ یەكنەبونی پێشمەرگە تا یاسایەك بۆ یەكگرتنەوەیان دەربكرێت، بەهەموو پێوەرێك دەبێت یەكبن و پەرلەمانیش پاڵپشتی تەواویان دەبێت، بۆیە پێویستە لایەنەكانی پارتی و یەكێتیش ئیرادەیەكیان هەبێت بۆ یەكگرتن".