پەرەگراف
گروپی كەركوكییەكانی ناو یەكێتی ڕووەو باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ هەنگاو دەنێنو لە ماڵی مام جەلال دوور دەكەونەوە، بەڵام هێشتا كۆسرەت ڕەسوڵ ئامادە نییە بچێتە كۆنگرەوە بەبێ ڕێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵ ماڵی مام جەلال، بۆئەوەش سیناریۆی دواخستنی كۆنگرە لە گیرفانیدایە.
كەركوكییەكان كە گروپێكی بەهێزو یەكگرتوون بۆ كۆنگرەی یەكێتیو لەلایەن ڕەفعەت عەبدوڵاو ئاسۆ مامەند ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتی دەكرێن، پێشنیاری خۆیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی، پێشنیارەكەیان پەسەندكراوی كۆسرەت ڕەسوڵەو ماڵی مام جەلال ڕەتی دەكەنەوە.
كۆنگرە گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی یەكێتی-یە بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردنو لوتكەی دەسەڵاتی حیزب، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتولو گروپ دروستكردن گەرم ببێت، فشارەكانیش لەسەر هەندێك لە كاندیدی كۆنفرانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی دەستیان پێكردووەو سەركردەكان ناچار بە كشانەوەیان دەكەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.
كەركوكییەكان باڵانس دەگۆڕن
كەركوك شارێكی گرنگە بۆ یەكێتیو بەپێی دواین دوو هەڵبژاردن زۆرترین دەنگی ئەو حیزبە لەو پارێزگایە بووە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی كوردستان، ئەوەش وایكردووە كەركوكییەكان لە كۆنگرەی حیزبەكەیاندا دەنگی یەكلایی كەرەوەبنو بۆ خۆیشیان یەك دەنگو یەكگرتوون لەناو خۆیاندا.
تا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر باڵی ماڵی مام جەلال پشتیان بە كەركوكییەكان بەستبوو بۆ كۆنگرەی حیزبەكەیان، بەڵام لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هاوكێشەكانی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.
سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتییە بۆ پەرەگراف وتی "كەركوكییەكان هاتونەتە بەرەی كۆسرەت ڕەسوڵو ئێستا بەتەواوی پشتیوانیی ئەو دەكەن".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، كەركوكییەكان پێشنیاری نوێیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی، "پێشنیاریان كردووە سەرۆكی داهاتووی یەكێتی سێ جێگری هەبێت بۆ هەولێرو سلێمانیو كەركوك، سەرۆكیش بەرهەم ساڵح بێتو لە بەغداد بێت".
بەپێی پێشنیارەكەی كەركوكییەكان، سەرۆكی داهاتووی یەكێتی دەسەڵاتی كەم دەبێتو زیاتر "كارتۆنیی" دەبێت، جێگری سەرۆك لە هەولێر كە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتییە بۆ باڵی كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سەرۆك لە سلێمانی بۆ ماڵی مام جەلالو جێگری سەرۆك لە كەركوك بۆ كەركوكییەكانو بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبێت.
"ئەمە دواین سیناریۆی بەهێزەو ماڵی كاك كۆسرەت پێی ڕازین، بەڵام ماڵی مام جەلال ڕەتی دەكەنەوەو داوای یەك جێگر دەكەن بۆ سەرۆكی یەكێتیو ئەویش بۆ خۆیان بێت" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.
ڕووكردنە كۆسرەت ڕەسوڵ لەلایەن كەركوكییەكانەوە دوای ئەوەدێت پێشتر بەرهەم ساڵح پشتی كردە كۆسرەت ڕەسوڵو ڕووی لە ماڵی مام جەلال كرد، كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر ئەو گۆڕینی هەڵوێستە نیگەرانیی پیشانداو هێشتا پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاسایی نەبووەتەوە.
ئەو پێشهاتە نوێیانە لەكاتێكدان هێشتا ڕێككەوتن لە نێوان باڵە جیاوازەكانی یەكێتی نەكراوە بۆ كۆنگرە، ئەوەش چارەنووسی ئەو پڕۆسەیەی بە نادیاریی هێشتووەتەوەو ئەگەری دواخستنی كۆنگرە كراوەیە.
سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "ئەگەر ڕێككەوتن نەكرێت ئەوا كۆنگرە دوادەخرێتو كاك كۆسرەت ئامادەنییە ببەسترێت، لەو چوارچێوەیەشدا لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا كاك كۆسرەت دەچێتە ئەوروپا بۆ پشكنینی پزیشكیی، بەوەش كۆنگرەكە ناكرێت".
بەپێی ئاماژەكانی بەرلە كۆنگرە، پۆستی كۆسرەت ڕەسوڵ لە داهاتووی ئەو حیزبەدا سەرپەرشتیكردنی ناوەندێكی نوێ دەبێت كە كەسانی بەتەمەنو ئەزمووندار ئەندامی دەبنو زیاتر ڕۆڵیان ڕاوێژكاریی دەبێت.
فشارەكان لەسەر كادرانی یەكێتی چڕ دەبنەوە
یەكێتییەكان بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی كۆنگرەی حیزبەكەیانن كە 6 ساڵ بەسەر وادەی بەستنیدا تێپەڕبووە، چاوەكان لەسەر ئەوەن كۆنگرە گۆڕانكاریی دروست بكاتو خەڵكی نوێ بچنە ڕیزەكانی پێشەوەی حیزب، بەڵام ئاماژەكان لە ئێستاوە بەو ئاڕاستەیە نینو كۆنەكان چاویان لە وەرگرتنەوەی پۆستەكانیانە.
ئامادەكارییەكانی كۆنگرە لە تەواوبووندانو گرنگترین قۆناغی كە مابێت كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە كە تێیدا ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام فشار لەسەر هەندێك لەو كەسانە هەیە كە لە مەڵبەندەكان خۆیان كاندید كردووەو داوای كشانەوەیان لێدەكرێت.
"چەند كاندیدێك لە ژێر فشاری سەركردەكاندا كشێندراونەتەوە بە مەبەستی كەمبوونەوەی ژمارەی كاندیدەكانو مسۆگەركردنی دەرچوونی ئەو كەسانەی كە ئەندامانی سەركردایەتی مەبەستیانە دەربچنو ببنە ئەندامی كۆنگرە" كادرێكی یەكێتی كە زانیاریی وردی هەیە بۆ پەرەگراف وای وت.
هەر ئەندام سەركردایەتییەكی یەكێتی، ئێستا بە چڕیی كار بۆئەوە دەكات ژمارەیەك كەسی خۆی بباتە كۆنگرە، لەوێش ئەو كەسانە سەركردایەتی نوێ هەڵدەبژێرن، "ئەوكات هەر دەنگ بەمانە دەدەنەوەو ناتوانن لە ژێر فەرمانیان دەربچن، ئێستا ئەوەی سەركردایەتییەك پشتگیریی بكات چانسی بەهێزی هەیە دەربچێتو بچێتە كۆنگرە".
مەلا بەختیار پێشنیاری نوێی هەیە
لە درێژەی پێشنیارو سیناریۆكان بۆ ئایندەی یەكێتی، مەلا بەختیار دەڵێت، ئاسان نییە لەناو یەكێتیدا كەسی یەكەم هەبێتو دروستكردنی ناوەندێكی 3 بۆ 7 كەسیی بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی بە باشترین ڕێگەچارە دادەنێتو ئەو پێشنیارە دەباتە كۆنگرەی حیزبەكەی.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە لە كۆبوونەوە فەرمییەكانی حیزبەكەی دووركەوتووەتەوە، ئەمڕۆ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ڕووداو بۆچون و تێڕوانینەكانی خۆی لەبارەی ئایندەی یەكێتی و ئەنجامدانی كۆنگرەی حیزبەكەی خستە ڕوو.
هەرچەندە بڕیارە شەممەی داهاتوو(7-12) یەكێتی كۆنگرە ببەستێت، بەڵام هەندێك بەرپرسانی ئەو حیزبە لە ناویاندا مەلا بەختیار دەڵێن، هێشتا دڵنیانین كۆنگرە لە كاتی خۆیدا دەبەسترێت یاخود نا، مەلا بەختیار وتی "لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا بەشێك لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی پێیانوابووە دۆخی ئێستا گونجاو نییە بۆ بەستنی كۆنگرە".
لەبارەی هەیكەل و پێكهاتەی یەكێتی لە دوای ئەو كۆنگرە چاوەڕوانكراوە، مەلا بەختیار وتی: ئاسان نییە لەناو یەكێتیدا كەسی یەكەم هەبێت، بۆیە باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە، ناوەندێكی ڕابەڕایەتی كە لە سێ كەس بۆ 7 كەس بێت، یەكێتی بەڕێوەبەرێت، ئەمەش پێشنیازی منەو دەیبەمە كۆنگرە، دواجاریش ئەندامانی كۆنگرە هەر بڕیارێك بدەن، من قبوڵی دەكەم.
مەلا بەخیتار ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ لێكتێگەیشتنە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی و بردنی پێشنیازەكان بۆ ناو كۆنگرە، "بەڵام بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانیم تەوافوق لەسەر سەپاندنی كەس و لیست بكرێت و بهێنرێـتە ناو كۆنگرە لەوێش بسەپێنرێت"، ئەوەشی خستە ڕوو، پارە بەخشینەوە دەستی پێكردووە بۆ "كڕینی ویژدان"ی كادیرانی یەكێتیو ئەندامانی كۆنگرە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پێویستبوو كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە لە مانگی 10ی 2013دا ببەسترایە، ئێستا 6 ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕبووەو هۆكاری سەرەكییش كە لەو ماوەیەدا نەبەسترا، نەخۆشكەوتنی مام جەلالو دووركەوتنەوەی بوو لە گۆڕەپانی سیاسی لە كۆتایی ساڵی 2012و تا كۆچی دواییكردنی لە 2017 دا، تاڵەبانی بۆشاییەكی گەورەی لەناو یەكێتی دروست كردو لە نەبوونی ئەودا ناكۆكییەكان قووڵ بوونەوەو كێشەكان زیادیان كرد.
ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی بەجۆرێكن هەر گروپەو دەیەوێت لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕانكاریی بكرێتو جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی حزبیی لای خۆی بێت وەك؛ پۆستی یەكەمی حزب، پارەو هێزو میدیا.
ئێستا پڕكردنەوەی شوێنی تاڵەبانیو دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسییەكەیو وەرگرتنی دەسەڵاتەكانی، بووەتە خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانی یەكێتی بۆ كۆنگرەی نوێیان، بەڵام پێناچێت كەسی یەكەم لە ژێر هەمان ناونیشان "سكرتێری گشتیی"و بەهەمان دەسەڵاتەكانی مام جەلال پۆستەكە وەربگرێت.