كورد لە بەغداد لە ژێر چەترێكدا كۆنابێتەوە؛ فراكسیۆنەكان پابەندی ڕێككەوتنی حیزبەكانیان نابن

پەرەگراف
لە یەكەم هەنگاویدا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەوڵەكانی چڕ كردەوە بۆ یەكخستنی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغداد لە ژێر چەتری هاوپەیمانییەكدا، بۆئەوەش سەركردایەتی 5 حیزبی گەورەی هەرێمی ڕازیكردو تەنانەت "ڕێككەوتنیش كرا"، بەڵام پەرلەمانتاران لە بەغداوە نەچوونە ژێر باری ڕێككەوتنەكەو پڕۆسەكە تائێستا شكستی هێناوەو چاوەڕوانی گۆڕانكاریی ڕۆژانی داهاتووە.
هێشتا نێچیرڤان بارزانیو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نائومێد نەبوون، هەربۆیە دوو ڕۆژ لەمەوبەر كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەگەڵ ئەو 5 حیزبە ئەنجامدا، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەرەگرافو وتەی بەرپرسانی باڵای كورد، پێدەچێت هەوڵەكان ئەنجامیان نەبێتو ئەو گەرموگوڕییەی لە هەرێم هەیە بۆئەو پرسە، لە بەغداد نییە.
سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆكانە بۆ پەرەگراف وتی"زیاتر پارتیو دوای ئەویش یەكێتی هۆكاری سەرەكیین كە دۆخێكیان دروست نەكردووە ئەو زەمینەیە بڕەخسێت بۆ كاری پێكەوەییو دروستكردنی هاوپەیمانێتی".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەربۆیە پەرلەمانتاران پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبوون كە نوێنەرانی 5 حیزبە سەرەكییەكە واژۆیان كردووە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكە"، سەرچاوەیەكی دیكەی باڵای یەكێك لەو حیزبانەش كە داوای كرد ناوی نەهێنرێت، هەمان زانیاریی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە كە ئەو ڕێككەوتنە واژۆ كراوە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە.
خەلیل ئیبراهیم، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەریی یەكگرتوو بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، لە یەكەم كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەركردەی حیزبەكان "بڕیار درا فیدراسیۆنێك بۆ لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا دروست بكرێت، دوێنێش گفتوگۆ لەسەر ئەوە كرا كە ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت".
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكگرتوو وتیشی، بەرەپێشچوون لەم بابەتەدا هەیە، بەڵام وردەكاریی ماوەو دەبێت هەر لایەنێك لەگەڵ فراكسیۆنەكەی خۆی گفتوگۆ بكات، پاشان "سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆببنەوەو پەیڕەو و پڕۆگرامێك بۆ خۆیان دابڕێژن".
لەبارەی ئەوەی ئایا فراكسیۆنەكان لە بەغداد ڕازین بەو هاوپەیمانێتییە؟ خەلیل ئیبراهیم وتی "مادام بڕیاری سیاسییە، دەبێت پێوەی پابەند بن. بەڵام تێبینییەكانی ئەوان لەبەرچاو دەگیرێت، ئەوان لە بەغدان، دەبێت ڕۆڵی ئەوانیش دیار بێت، چونكە ئەوان لەسەنگەرەكەدان و كارەكە بەوان دەكرێت".
پەرلەمانتارانی گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، ئایندە، نەوەی نوێو دوو پەرلەمانتارەكەی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی پارتیو یەكێتی گروپێكیان پێكهێناوە بۆ یەكخستنی هەڵوێستو دیدی هاوبەش، ئەوان لە زۆر پرسدا جیاواز و تەنانەت دژن لەگەڵ بۆچوونەكانی پارتیو یەكێتی.
سەرچاوە باڵا كوردەكەی بەغداد، دوو نمونەی هێنایەوە لە دواین ناكۆكییەكانی نێوان گروپی پەرلەمانتاران لەگەڵ پارتیو یەكێتی؛ یەكێكیان پەیوەست بە یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقو دووەمیان پەیوەندیدار بە پشكی باڵیۆزانی كورد لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق.
لەبارەی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق كە لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا هەموار كرایەوەو ئەوە چەسپێندرا كە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لە دادوەران پێكبهێندرێنو 2 ئەندامیان پشكی كورد دەبێت، پارتی پێداگریی كردووە دادوەرەكان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەوە كاندید بكرێن كە خودی ئەو ئەنجومەنەش تۆمەتی حیزبی بوون(پارتیو یەكێتی) لەسەرە، بەڵام گروپی پەرلەمانتارانی دیكە داوایان كردووە تیروپشك لە نێوان ژمارەیەك دادوەری شایستەو سەربەخۆدا بكرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو دوو پۆستە، سەرئەنجام بەوە كۆتایی هات چەند كاندیدێك لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەوە دیاریی بكرێنو لە نێو ئەوانەدا تیروپشك بكرێت.
هەرچی لەبارەی جیاوازیی نێوان گروپی پەرلەمانتارانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ئەو دوو حیزبە لەسەر پشكی كورد لە باڵیۆزەكان، پارتی ئامادە نەبووە دەستبەرداری "نیو باڵیۆز"ی خۆی ببێت لە پێناو ڕێككەوتن لەگەڵ ئەو لایەنە كوردانەی دیكە.
بڕیارەكە بەو جۆرە بووە 70 باڵیۆز دابنرێن، 35 باڵیۆزیان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقو 35ی دیكەیان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دیارییان بكەن، لەو ڕێژەیە 6 باڵیۆز لە وەزارەتو 6 لە فراكسیۆنەكان پشكی كورد بووە، گروپی دەرەوەی پارتیو یەكێتی داوایان كردووە هەر 12 باڵیۆزەكە بە ڕێككەوتنی نێوان فراكسیۆنەكان دابنرێن، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتكردووەتەوە، لەو 6 باڵیۆزەشی كە بەر فراكسیۆنەكان كەوتووە دیارییان بكەن، پارتی 2.5ی بەركەوتووەو یەكێتی 2و گروپی پەرلەمانتارانی دیكە 1.5، گروپەكە داوایان كردووە 6 پۆستە بە سێ دوویی دابەش بكرێتو پارتی ئەو نیوەی خۆی بدات بە ئەوان، بەڵام پارتی ڕازیی نەبووە.
پڕۆسەی دیاریكردنی ئەو باڵیۆزانەش بەهۆی دەستلەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیو كابینەكەی لە ئێستادا ڕاوەستاوە.
"پێشتریش پارتیو یەكێتی هەربەو جۆرە مامەڵەیان كردووەو تەواوی پۆستەكانیان بۆخۆیان قۆرخ كردووە، ئێستاش داوای هاوپەیمانێتیی دەكەن، پارتی دەستبەرداری نیو باڵیۆز نەبێت، چۆن هاوپەیمانێتی لەگەڵدا دەكرێت؟" سەرچاوەكە وای وت.
هەروەها خەلیل ئیبراهیم، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتوو نەیشاردەوە كە تێبینییان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداو "شتی دیكەش" هەیە، وتی"دەبێت ئەو شتانە كۆتایی پێ بێت. ئەو جۆرە ڕەفتارانە نەمێنێت. دەبێت ئەرك و مافی هەمووان دیار بێت. گرنگترین شت ئێستا لە بەغدا ئەوەیە كە بتوانین چۆن مافەكانی كورد بپارێزینو وەكو یەك تیم كار بكەین".
هەوڵەكانی كورد بۆ كۆبوونەوە لە ژێر چەترێكدا لە بەغداد لە كاتێكدایە، عێراق بە دۆخێكی نالەبارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت خۆپیشاندان لە بەغدادو شارەكانی دیكە بەردەوامەو داوای گۆڕانكاریی ڕیشەیی دەكرێت، لە ژێر فشاری خۆپیشاندەرانیشدا حكومەت دەستی لەكار كێشایەوەو وڵات لە چاوەڕوانیی كابینەیەكی نوێو دابەشكردنەوەی سەرلەنوێی پۆستە باڵاكانی حكومەتدایە.