
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
یەكێتی لەبەردەم چوارەم كۆنگرەی ژیانی سیاسیدایە، ئەوە یەكەم كۆنگرەی ئەو حیزبەیە لە دوای مام جەلالو بۆ یەكێتییەكان گرنگییەكی زۆری هەیەو بە پڕۆسەیەك بۆ نوێبوونەوە تەماشای دەكەن، پەرەگراف بۆچوونو پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ كۆنگرەی یەكێتیو ئایندەی ئەو حیزبە لە دوای نەمانی خۆی دەخاتە ڕوو، كە تاڵەبانی چەند مانگێك بەر لە نەخۆشكەوتنی لە چاوپێكەوتنێكدا باسی كردوون.
پڕكردنەوەی شوێنی مام جەلال و دانیشتنی كەسێكی دیكە لەسەر كورسیی سكرتێری گشتیو دەسەڵاتەكانی، خاڵی جەوهەریی ناكۆكییەكانی نێوان باڵە جیاوازەكانی یەكێتی بوو، پێناچێت چیتر كەسی یەكەمی حیزب لە ژێر هەمان ناونیشان "سكرتێری گشتیی"و بەهەمان دەسەڵاتەكانی مام جەلال پۆستەكە وەربگرێت.
مام جەلال چەند مانگێك بەرلە نەخۆشكەوتنیو دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی لەبارەی ئایندەی حيزبەكەی دەڵێت "ئەگەر ڕێكخستنێك، حيزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات".
تاڵەبانی كە لە كۆتایی ساڵی 2012 بەهۆی نەخۆشییەوە لە سیاسەت دابڕا، لە مانگی 3ی ئەو ساڵەدا لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی(ژمارە 814و 815 ڕێكەوتی 4و7ی 3-2012) باسلە دۆخی ناوخۆییو گۆڕانكاریی لە حزبەكەیدا دەكاتو پێشبینی دەكات یەكێتی لە نەبوونی ئەویشدا ئایندەیەكی باشی هەبێت.
مام جەلال كە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی یەكێتی بووە لە دامەزراندنیەوە تا دووركەوتنەوەی لە سیاسەت، لە چاوپێكەوتنەكەیدا پێیوایە كاتی ئەوەهاتووە یەكێتی گۆڕانكاریی لەكاری خۆیو ڕەفتارو پەیوەندییەكانی خۆی، هەروەها سەركردایەتیو دروشمەكانی خۆیدا بكات، بە پێویستی دەزانێت یەكێتی ئەو سیاسەتە بگرێتەبەر كە بەرگرییە لە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی.
لە بارەی ڕێگریی لە گۆڕانكاریی لەلایەن ئەو بەرپرسانەی حزبەكەی كە لە بەرژەوەندییان نییە، تاڵەبانی پێیوانییە بتوانن ڕێگریی بكەن ئەگەر گۆڕانكارییەكە ببێت بە بڕیاری حزب، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانكارییدایەو لایەنگری ئەوەیە كەسی یەكەمی حیزب بۆ دووخول زیاتر دەسەڵاتی نەبێت.
تاڵەبانی بەو پێیەی چەندین خولە كەسی یەكەمە، ئەوكات پێیباش بووە تەنها یەك خولی دیكە بمێنێتەوە، مام جەلال دەڵێت"ئەگەر ترس لەوە هەیە یەكێتی كارەكانی خۆی پێڕانەپەڕێت بەبێ من، ئەوا دەڵێم ئەگەر ڕێكخستنێك، حیزبێك بەبێ مام جەلال نەتوانێ بەڕێوەبچێت، وەڵڵا حەقی مانەوەی نییەو با زووتر بڵاوەی لێبكات".
لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، ناكۆكییەكانی ناو حیزبەكەی تەشەنەیان سەندو یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوویدا بە زەحمەت بڕیارێكی داوە كە كۆدەنگیی لەسەر بووبێتو وەكخۆی جێبەجێ كرابێت، بەڕێوەبردنو دارایی حیزب دیارترین دوو پرسی جێ ناكۆكن.
بۆ یەكێتییەكان مام جەلال ڕەمزی یەكگرتوویی ناوخۆیی بوو، كە بە سیاسەتی چەپكە گوڵەكە ناویان دەبرد، بەواتای توانای كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكانو یەكخستیان، زۆری نەبرد لە دوای دوركەوتنەوەی تاڵەبانی كە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی لە حیزبەكەی دابڕاو دواتر قەوارەیەكی نوێی ڕاگەیاندو دوای ساڵێك گەڕایەوە ناو یەكێتی.
یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی چەندین سەركردەی لێجیابووتەوە كە حیزبو گروپی دیكەی سیاسییان پێكهێناوە، دیارترینیان نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بوون كە ساڵی 2006 جیابوونەوەو لە 2009دا گۆڕانیان دروستكردو بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد.
"بۆ یەكەمجاربوو ئێمە ڕوبەڕوی ئینشقاقێكی گەورەی وا ببینەوە، ئەو ئینشقاقە كاریگەری زۆری هەبوو بۆسەر وەزعی ئێمە" مام جەلال دەرباری جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا وادەڵێت، دەشڵێت"دڵنیام كۆنگرەی داهاتوو كۆنگرەی گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەبێت لەڕووی كۆمەڵایەتیو عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە، چونكە یەكێتی بەتەمایە ئەمجارە بەرەو پێشەوە بچێت، چونكە ئەو برینانەی لەشی ساڕێژ بووەو چاك بووەتەوە، ماوەتەوە ئەوەی پەیڕەوێكی پێشكەوتووی ئەوتۆ نیشان بدات كە سۆسیال دیموكراتییانە بێت".
هەرچەندە تاڵەبانی باسلەوەدەكات برینەكانی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی ساڕێژبوون، بەڵام لەدوای نەخۆشكەوتنیو دووركەوتنەوەی خۆی لە یەكێتی، برینی نوێ سەریان هەڵداو هاوڕێكانی لەناو حیزبەكەیدا چەند ساڵێكە نەیانتوانیوە ساڕێژیان بكەنو تائێستاش ناكۆكییەكان بەردەوامن.
پێشبینییەكانی مام جەلال بۆ ئایندەی یەكێتی
حیزبە كوردییەكان بەدەگمەن لە پڕۆسەیەكی دیموكراتیدا كەسی یەكەمیان دەگۆڕن، مەگەر نەخۆشیی یاخود مردن ببێتەهۆی گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتی حیزبدا، هەربۆیە نەمانی كەسی یەكەم كاریگەریی زۆری دەبێت، بەڕادەیەك زۆرێك مانەوەی حیزبو بەهێزییەكەی بە كەسی یەكەمەوە گرێ دەدەن.
مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ هاوڵاتی، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە كە پێیوایە یەكێتی واتە مام جەلالو مام جەلال واتە یەكێتی، لەبارەی ئەوەی دوای مام جەلال یەكێتی چی لێدێت؟ تاڵەبانی دەڵێت"هیوادارم یەكێتی دوای مام جەلال باشتر بێتو زیاتر دیموكراسی تێبكەوێتو زیاتر ئاڵوگۆڕی بەرەو پێشكەوتن تێبكەوێت، ئومێدیش دەكەم ئەو كەموكوڕییانەی لەسەردەمی سەركردایەتی مام جەلال هەبووە ئەو كات نەمێنێت".
تاڵەبانی لەوبڕوایەدایە یەكێتی دەتوانێت بەردەوام بێتو بەرەو پێشەوە بچێت، دەڵێت"یەكێتی دەمێنێتەوە وەك هێزێكی گەورە، مومكینە خەڵكی لی َجیاببێتەوە، خۆ نزیكترین كەس لە مام جەلال كاك نەوشیروان مستەفا بووە ئەوە جیابووەوەو گۆڕانی دروستكرد، وابزانم هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت ئەو كەسانەی لەناو یەكێتی ماونەتەوە نزیكترین كەس نەبوون لە مام جەلال لەناو یەكێتیدا لەچاو كاك نەوشیروان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە یەكێتی مایەوەو نەشفەوتا".
هاوڵاتی دەڵێت، بەڵام ئەودۆخە بە ودجودی خودی مام جەلالە، لە وەڵامدا تاڵەبانی دەڵێت"ڕاستە ئەوەی ئێستا هەمووی بەوجودی مام جەلال، جا دوای مام جەلال خۆیان بیربكەنەوە ئەگەر توانییان یەكێتییەكەیان بەڕێوەبەرن زۆرباشە، ئەگەر نەیانتوانی خۆ كاركردن بە زۆر بەڕێوەناچێت".
مام جەلال بەمجۆرە پێشبینی بۆ ئایندەی حیزبەكەی دەكات "پێشبینییەكەم ئەوەیە كە یەكێتی دەبێت خۆی بكاتە پارتێكی سۆسیال دیموكراتی ڕاستەقینە، هەندێك كەموكورتی هەیە موجامەلات دەكرێت، خاتری فڵانو فڵان دەگرن، ئەوە نەهێڵن.. هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەی كە پێویستە بەپێی هەلومەرجی تایبەتیو بابەتی هەم لە پڕۆگرامو پەیڕەودا هەم لە ڕەفتارەكانیدا، كە بەلای منەوە ڕەفتارەكانی زۆر گرنگە ئەنجامبدرێن".
كۆنگرە؛ مێژوویەك لە دواخستنو ململانێ
زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هاوڕای مام جەلالن بۆ پێویستی گۆڕانكاریی لەناو حیزبەكەیان، بەڵام بۆئەوكارە پێویستیان بە بەستنی كۆنگرەیەو ئەوەش یەكێك بووە لە بڕیارە قورسو پڕ ململانێكانی چەند ساڵی ڕابردوویان، ڕەنگە ترسی ئەوەیان هەبوو بێت ئەو هەنگاوە ببێتە سەرەتای كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسیی هەندێكیان.
كۆنگرەكەی یەكێتی، گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی ئەو حیزبەیە بۆ خۆنوێكردنەوەو گۆڕانكاریی لە شێوازی بەڕێوەبردنو لوتكەی دەسەڵاتی حیزب، ئەوەش وایكردووە لەسەر ئاستی ئۆرگانەكانی ئەو حیزبە بازاڕی تەكەتولو گروپ دروستكردن گەرم ببێتو هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەردەوام لە گۆڕاندابن.
یەكێتی لە 1975وە دامەزراوە، تائێستا سێ كۆنگرەی ئەنجامداوە، كۆنگرەی چوار بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبو لە 2013دا بوایە، بەڵام بەچەند هۆكارێك دواخرا؛ سەرەتا بەهۆی نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دواتر تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ كۆچی دوایی ئەودا لە 3-10-2017.
بەپێی ڕەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە پێشنیار كراوە بۆ كۆنگرەی چوارەم، ئەنجومەنێكی 121 كەسیی بۆ سەركردایەتی گشتیی یەكێتی لە كۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێتو ئەمڕۆ ڕیزبەندیی بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكرێت كە خۆیان بۆ ئەنجومەنەكە كاندید كردووە، لەو ئەنجومەنەشەوە سەرۆكی حیزبو ئەنجومەنی جێبەجێ كردن هەڵدەبژێردرێنو ئەندامی سەركردایەتیی ناوچەكانیش دیاریی دەكرێن كە كوردستان دابەشی 9 ئەنجومەنی سەركردایەتی كراوە.
هەروەها یەكێتی ئەنجومەنێكی دیكەی دەبێت بەناوی ئەنجومەنی باڵای دانایان یاخود دەستەی پاراستنی یەكێتی، ئەوەش دامەزرێنەرانو ئەو سەركردانە پێكی دەهێنن كە خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتیی هەڵنابژێرنو چاوەڕوان دەكرێت كۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆكایەتی ئەم ئەنجومەنە بكات.
بەپێی پەیڕەوی پێشنیار كراو كە بە وەرگرتنی بۆچوونی سەرجەم باڵەكانی یەكێتی ئامادە كراوە، ئەو كەسانەی پۆستی باڵای حیزبیی وەربگرن، نابێت پۆستی دیكەی حكومییو پەرلەمانییان هەبێت، وەك؛ سەرۆكی حیزب، ئەندامانی دەستەی جێبەجێ كردن، سەرۆكو ئەندامانی دەستەی پاراستنی یەكێتی(ئەنجومەنی باڵای دانایان).