ئەمریكا چۆن سزای عێراق دەدات؟

07-01-2020 06:35


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا لەلایەن ئەمریكاوە گورزێكی كوشندە دەبێت بۆ عێراق و سەرجەم هاوڵاتییەكانی، بەشێوەیەك هیچ سێكتەرێكی ئەو وڵاتە نامێنێتەوە كە پریشكی ئەو ئاگرەی بەرنەكەوێت، ئەوەش لە حاڵەتێكدا ئەگەر سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەكەی بباتەسەر.

لەگەرمەی باس و خواسی جەنگ و پێكدادانی سەربازی، دۆناڵد ترەمپ پرسی سەپاندنی سزای ئابووریی قورسی بەسەر عێراقدا ورووژاند، ئەو دەڵێت "ئەگەر عێراق ھێزەكانیان ناچار بە جێھێشتنی ئەو وڵاتە بكات، سزایەكی زۆر تووندی عێراق دەدەن كە پێشتر وێنەی نەبووبێت و قورستر لەوەی بەسەر ئێراندا سەپێندراوە."

لەدوای ساڵی 2003 و ڕووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە، بەغدا هاوپەیمانێكی ستراتیژیی واشنتن بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵانی دواتریشدا جگە لە پەیوەندی سەربازیی و هەواڵگریی، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و فراوانی ئابووریش لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە.

لە ساڵی 2018 ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمریكا و عێراق گەیشتووەتە 13.2 ملیار دۆلار، بەشێوەیەك هەناردەی ئەمریكا بۆ عێراق 1.3 ملیار دۆلار بووە، هەناردەی عێڕاقیش بۆ ئەمریكا 11.9 ملیار دۆلاربووە كە بەنزیكەیی هەمووی هەناردەكردنی نەوتی خاو بووە، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

ئەوەش بەو مانایە دێت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتی عێراق پارەی ئەمریكایە، بەوپێیەی عێراق وڵاتێكە بودجەكەی پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە.

لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2019، بڕی هەناردەی ئەمریكا بۆ عێراق 565 ملیۆن دۆلاربووە، ئەوەش دابەزینی بەخۆوە بینیوە بەو پێیەی لەهەمان ماوەی ساڵی 2018 بڕی هەناردەكە 682 ملیۆن دۆلاربووە.

لە ساڵی 2013وە واشنتن و بەغداد ڕێككەوتنێكیان لەبواری بازرگانی و وەبەرهێنان واژۆكردووەو ئەنجومەنێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیە دامەزرا.

كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی‌و چەند كەسێكی دیكەی ئێرانی‌و حەشدی شەعبی لەشاری بەغداد لە لایەن ئەمەریكا و بەفەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، ئاڵۆزییەكی زۆری خستووەتە نێوان واشنتن و بەغداوە كە لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.

خۆپیشاندەرێك لە عێراق وێنەی ترەمپ‌و ئاڵای ئەمریكا دەداتەبەر نەعل

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ داوای لە حكومەتی عێراق كرد ڕێوشوێنەكان بگرێتەبەر بۆ وەدەرنانی سەرجەم هێزە بیانییەكانی سەر خاكی عێراق، كە مەبەستی سەرەكیی لێی هێزە ئەمریكییەكان بوو، ئەوەش توڕەیی دۆناڵد ترەمپی لێ كەوتەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی كرد بەسەر حكومەتی عێراق ئەگەر هێزەكانیان لەو وڵاتە بكرێنە دەرەوە.

لەئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، ئەگەرێكی گەورە هەیە كە ئەمریكا داهاتنی نەوتی عێراقی سڕ بكات كە لەڕێی بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە دەگاتەوە عێراق، ئەوەش گورزێكی كەمەرشكێن دەبێت بۆ ئابووریی عێراق، بەو پێیەی زۆرینەی داهاتی وڵاتەكە لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوەیە. لەئەگەرێكی وەهادا دەبێت عێراق بەدوای جێگرەوەی دیكەدا بگەڕێت بۆ كڕینی نەوتەكەی.

بەڵام ئەگەر عێراق كڕیاری دیكەش بۆ نەوتەكەی بدۆزێتەوە، ئەوا پاشەكشەی كۆمپانیا نەوتییە ئەمریكی و بیانییەكان دەبێتەهۆی كەمبوونەوەیەكی ئێجگار زۆری بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە.

جگە لە زیانی داهاتی نەوت، سەپاندنی هەر جۆرە سزایەك دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی هەناردە و هاوردە لە سنوورەكانی عێراقەوە، ئەوەش واتا كەبوونەوەی بڕی گومرگ كە داهاتێكی زۆری بۆ حكومەتی عێراق هەیە.

هاوكات ئەگەری سڕكردنی وەبەرهێنانە عێراقییەكان هەیە لە سەنەدی خەزێنەی ئەمریكا كە بڕەكەی زیاترە لە 32.7 ملیار دۆلاری ئەمریكی.

یەكێكی دیكە لە لێكەوتەكانی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا ڕمانی بەهای دیناری عێراقییە، ئەوەش ڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و خواردەمەنییەكان لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا. هەروەها دەبێتە هۆی پاشەكشەیەكی گەورە لە پاشەكەوتی نەختینەی عێراقی لە بانكی ناوەندیی عێراقیدا كە پشت بە كەڵەكەبوونی پارەی نەوت دەبەستێت و چیتر ناتوانێت بەرگری لە بەهای دیناری عێراقی بكات.

لەلایەكی دیكەوە، سەپاندنی هەر سزایەك بەسەر عێراقدا كاریگەریی زۆر لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان لە تەواوی وڵاتەكەدا دەبێت و كارێك دەكات كە بەشی زۆری كۆمپانیا بیانییەكان بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەوە عێراق جێبهێڵین. هەروەها بودجەی ساڵی 2020یش ڕووبەڕووی قەیرانێكی ڕاستەقینە دەبێتەوە بەهۆی پاشەكشەیەكی زۆر لە داهات لە لایەك و ئامادەنەبوونی پێدانی قەرز بەو وڵاتە.

وەك دۆناڵد ترەمپ داوای كردووە، عێراق ناچار دەكرێت ملیارەها دۆلار بدات بە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبەرامبەر چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكان، ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنێكی پێشتری بەغداد و واشنتن.

بەتەنها عێراق لە سزا چاوەڕوانكراوە ئەمریكییەكان زەرەرمەند نابێت، بەڵكو ئێرانیش گورزێكی كوشندەی بەردەكەوێت. بەو پێیەی ئێران ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار شتومەك هەناردەی عێراق دەكات، كە بەهۆی ئەو سزا قورسانەی لەسەر تارانە وەك دەرچەیەكی باش بەكاری دەهێنێت، ئەگەر سزا بەسەر عێراقدا بسەپێت ئەوا چیتر عێراق ناتوانێت بەو بڕە زۆرە كاڵای ئێرانی بكڕێت. هەروەها چیتر ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاری عێراقی ناچنە ئێران، ئەوەش زیانێكی گەورەیە بۆ ئابووریی ئێران.

خۆپیشاندەران لە عێراق وێنەی ترەمپیان خستە ژێر پێ

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی داوە لە كاردانەوە ئابوورییەكانی بڕیاری دەركردنی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق.

بەپێی ڤیدییەكی دزەپێكراوە، حەلبوسی لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كە بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی تێدا درا، ڕووەو عادل عەبدولمەھدی سەرۆكوەزیرانی عێراق وتویەتی "یەكێك لەو هەنگاوانەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەینێت بریتییە لە وەستانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ عێراق، هیوادارین بەڕێزتان ئەمە بۆ پەرلەمانتاران روون بكەنەوە. ڕەنگە نەتوانین پابەندبین بەوەی لە ئەستۆماندایە لەڕووی داراییەوە بەرامبەر بە ھاووڵاتییانمان لەھەر ساتێكدا بێت".

لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، چەند وڵاتێك ئامادەییان نیشان داوە ئەو بۆشاییەی ئەمەریكییەكان لە عێراقدا دروستی دەكەن، ئەوان پڕی بكەنەوە، وەك وڵاتانی چین و ڕووسیا.

دوێنێش دوای گەرمبوونی دەنگۆی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق پێشوازیی لە باڵیۆزی چین لە بەغدا كرد، هەردوولاش دووپاتی پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان كردووەتەوە لە ڕووی سەربازیی و هەواڵگریی و ئابوورییەوە.

لە ساڵی 2018دا قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە عێراق بڕی 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و بڕەكە ساڵانە بە ڕێژەی 10% زیاد دەكات. چین دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە و دووەم گەورەترین كڕیاری نەوتەكەیەتی. هاوكات عێراق چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی چینە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا عەبدولمەهدی سەردانی وڵاتی چینی كرد و گرێبەستێكی زەبەلاحی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆكرد. بەپێی گرێبەستەكە، سندوقێكی سەروەریی بۆ ماوەی 10 ساڵ بە بەهای 500 ملیار دۆلار دادەمەزرێت، عێراق مانگانە لەو نەوتەی دەیفرۆشێتە چین، 180 ملیۆن دۆلار دەخاتە سندوقەكەوە، بە پارەی سندوقەكەش كۆمەڵێك پڕۆژەی ژێرخانی ئابووریی بۆ عێراق ئەنجام دەدرێت، لایەنی جێبەجێكاری سەرجەم پڕۆژەكانیش كۆمپانیا چینییەكان دەبن.

لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكاو سزادانی عێراق، پێناچێت واشنتن لێبگەڕێت ڕووسیاو چین جێ پێی خۆیان لە عێراق قایم بكەن، وەك ئەوەی ئێستا ئەو خواستە پیشان دەدەن، بۆئەوەش ئیدارەی ترەمپ چەندین بژاردەی دیكەی لەبەردەستدا دەبێت.