ئێران وەڵامێكی بێ زیانی دایەوەو دەڵێت: با ئیتر ئەمریكا ئاقڵ بێت‌و هیچ نەكات!

08-01-2020 08:33


پەرەگراف

هەڕەشە تووندو ترسێنەرەكانی ئێران كە ماوەی 5 ڕۆژی لەسەر یەك تەواوی ڕاگەیاندنەكانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردبوو، بە هاویشتنی چەند مووشەكێك كۆتایی هات كە هیچ زیانێكی گیانییان لێنەكەوتەوە.

هەرچەندە هێشتا هەڕەشەكان بەردەوامن، بەڵام ئێران دەڵێت، تۆڵەی خۆیان كردووەتەوەو لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەوە لێدەخوێندرێتەوە كە پێناچێت ئێران هیچ كردەیەكی دیكەی سەربازیی دژی ئەمریكا ئەنجام بدات.

زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئێران ئەمڕۆ قسەیان لەبارەی مووشەك هاویشتنەكەی شەوی ڕابردووی وڵاتەكەیان كرد كە بنكەكانی عەیبن ئەسەدو هەولێری ئەمریكای كردە ئامانج، لەناو وتەكانیاندا تەنها عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە كرد "تۆڵە سەندنەوە شتێكی دیكەیە"‌و هێرشەكەی بە لێدانی زللەیەكی تووند ناوبرد، بەڵام خامنەیی لە وتەكانیدا ئەوەی خستە ڕوو، مەبەستی لە تۆڵە كردنەوەو گرنگتر لە كردەی سەربازیی، كۆتایی هێنانە بە بوونی ئەمریكا لە ناوچەكە، ئەوەش ئاماژەیەك بوو بەوەی ئێران بەو مووشەك هاویشتنە ڕازییەو پێناوچێت هێرشی دیكەی هەبێت.

هەریەكە لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران‌و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕوونتر لە خامنەیی ئەوەیان خستە ڕوو كە كردەی سەربازیی دیكەیان نابێت‌و ئامۆژگاریی ئەمریكایان كرد.

ڕۆحانی وتی، "با ئیتر ئەمریكا ئاقڵ بێت"، زەریفیش وتی"زۆر بەڕوونی وتومانە ئەگەر ئەمریكا هەنگاوی دیكە بگرێتەبەر ئێمە وەڵامی تووندی دیكەمان دەبێت".

هێرشەكانی ئێران هیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتەوە، لە دواین كاردانەوەدا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هیچ سەرباز‌و كەسێكی ئەمریكی‌و عێراق زیانی پێ نەگەیشتووە.

سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكدا وتی، لە هێرشە مووشەكییەكەی ئێراندا تەنها زیانێكی كەم گەیەندراوە بە بنكە سەربازییەكەیان‌و هیچ كەسێك نەبووەتە قوربانیی نە لە ئەمریكییەكان‌و نە لە لایەنی عێراقیی، وتیشی "ئەوەش بەهۆی ئەو ڕێكارەی پێشوەخت هێزەكانمان گرتیانەبەرو ئەو سیستمە زۆرباشەی دامان نا".

ترەمپ، ئێرانی بە "سپۆنسەری سەرەكیی تیرۆر" ناوبردو ئەوەشی خستە ڕوو، سزای زۆر تووند بەسەر ئێراندا دەسەپێنن‌و سزاكانی ئێستاش بەردەوام دەبن، وتی"ئێران بە مامەڵە گەمژانەكەیەوە بەردەوامە بۆ دروستكردنی كێشە".

لەگەڵ ئەوانەدا ترەمپ ئەوەی خستە ڕوو، نایانەوێت گرژییەكانیان زیاتر ببێت، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ نەبوونی نیازی كردەی سەربازیی.

هێرشەكانی ئێران بۆچی زیانی نەبوو؟

كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس‌و چەند فەرماندەیەكی دیكەی سوپای پاسداران‌و حەشدی شەعبی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ، دۆخی ناوچەكەو گرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێرانی گەیاندە لوتكە، ئەمریكا دەستی برد بۆ كوشتنی كەسێكی كاریگەری ئێران لە ناوچەكە كە زۆر كەس بە كەسی دووەمی ئێران لەقەڵەمی دەدەن، هەربۆیە چاوەڕوانییەكان‌و هەڕەشەكانی ئێران ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە ئێران تۆڵەیەكی بە زەبرو لە ئاست قاسم سلێمانیدا بكاتەوە، ئێستا كە ئەوە ڕووی نەداوە ئەو پرسیارە سەرەكییەی دەكرێت ئەوەیە، هێرشەكە بۆ زیانی نەبوو؟ ئێران نەیدەتوانی زیانی گیانیی بە ئەمریكییەكان بگەیەنێت یان خۆی ئەوە نەویستووە؟

ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكاو شرۆڤەكارانی سەربازیی وەڵامی جیاوازیان بۆ ئەو پرسیارانە هەیە، بەڵام زۆربەیان كۆكن لەسەر ئەوەی ئێران خۆی نەیویستووە ئەمریكییەكان بكوژێت، ئەوەش وەك ترس لە دەرئەنجامی كارێكی لەو شێوەیەو كاردانەوەی ئەمریكا.

لەو چوارچێوەیەدا بەشی عەرەبیی ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی بەریتانی لە زاری سەرچاوەكانییەوە ئەوەی بڵاو كردەوە كە هێرشەكەی ئێران "بە هەماهەنگیی پێشوەختی نێوان ئێران‌و ئەمریكا بووە".

ئیندیپێندێنت باس لەوە دەكات، هەر لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی، لەڕێگەی چەند وڵاتێكی كەنداو و بە بەشداریی عێراق هەوڵە دیبلۆماسییەكان دەستیان پێ كردووە بۆ هەماهەنگیی لە جۆری وەڵامدانەوە ئێران، تا گەیشتووەتە ئەوەی "ئەمریكا ڕازی بێت بە وەڵامدانەوەیەك بەبێ زیانی گیانیی".

ئێران 15 مووشەكی هاویشت، 10یان نران بە بنكەی عەین ئەسەدەوە لە ئەنبار، 1 دانەشیان بە بنكەی هەولێرەوەو چواری دیكەشیان ئامانجیان نەپێكاوە، ئەوەش بەوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا.

مووشەكەكان بە ئەو شوێنانە كەوتوون كە چۆڵكراون‌و خەڵكیان تێدا نەبووە.

هاوكات بەرپرسێكی ئەمریكا كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بە كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی وتووە "پێشتر هێندەی پێویست هۆشداری درابوە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەجۆرێك پێش هێرشە موشەكییەكەی ئێران، زەنگی ئاگادار كردنەوە لێدرابوو هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەی بۆردومانەكە دوركەوتوونەتەوە".

هەندێك لە شرۆڤەكاران هێرشەكە وەك خۆدەربازكردنێكی سیاسیی‌و دیبلۆماسییانەی ئێران دەبینن وەك وەڵامێك بۆ ئەو فشارانەی لەلایەن خەڵكەوە لەسەری بوو بۆ تۆڵە كردنەوەی خوێنی قاسم سلێمانی، بەجۆرێك ئێران وەڵامی دایەوەو خۆیشی پاراست لە كاردانەوەی دیكەی ئەمریكا.

لەگەڵ ئەو شرۆڤەو زانیارییانەدا، ترەمپ هۆكاری بێزیانیی هێرشەكەی گەڕاندنەوە بۆ بەهێزیی سیستمەكەیان‌و ئازایەتیی سەربازەكانیان، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك بخاتە ڕوو لە بارەی هەبوونی سیستمی بەرگریی وڵاتەكەی لەو بنكە سەربازییانە.

چی ڕوویدا؟

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی مووشەكبارانی بنكەی عەین ئەسەدو هەولێری سوپای ئەمریكای كرد، ئێران ڤیدیۆی ساتی هێرشەكەی بڵاوكردەوەو بە فەرمیی "سەركەوتن"ی ڕاگەیاند.

لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشەكەدا كۆشكی سپی ئەمریكا ڕایگەیاند ئاگاداری هێرشەكەن‌و دۆناڵد ترەمپ لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكات، ڕاستەوخۆش كۆبوونەوەی باڵای ئەمریكا ئەنجام درا، دوای كۆبوونەوەكە ترەمپ گوتاری پێشكەش نەكرد‌و كۆشكی سپی هیچ ڕاگەیەندراوێكی نەبوو.

هەرزوو، میدیاكانی ئەمریكا ڕایانگەیاند، لە هێرشەكەی ئێراندا هیچ ئەمریكییەك بەرنەكەوتووەو هێزەكانی ئەمریكا هیچ كوژراو و بریندارێكیان نییە. دوای چەند كاتژمێرێكش ترەمپ لە توویتێكدا وتی: هەمووشتێك سەلامەتە.

ئێران لەگەڵ هێرشەكەدا هەڵمەتی ڕاگەیاندن‌و هەڕەشەی چڕی دەستپێكرد، هاوكات ئێران هەڕەشەی هێرشكردنەسەر ئەمریكاو دوبەی‌و حەیفای كرد.

كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی بڵاویكردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە كەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر خاكی وڵاتەكەی بۆمباران بكرێت، ئەوانیش هەردوو شاری دوبەی لە ئیمارات‌و حەیفا لە ئیسرائیل دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان.

بەرلەو هەڕەشەیەش، پاسداران هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر ئەمریكا وەڵامی هێرشەكانی ئەمشەویان بداتەوە، ئەمجارەیان ئێران وەڵامدانەوەی بۆ ناو خودی ئەمریكا دەبێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەوە ڕایگەیاند: ئێران زیاتر لە 15 مووشەكی ناوە بە ئەمریكاو ھاوپەیمانانەوە لە عێراق، ڕوونە كە سەرچاوەی مووشەكەكان لە ئێرانەوە بووەو 10یان نراون بە بنكەی عەین ئەسەد‌و یەك دانەیان بە بنكەی هەولێرو چواری دیكەشیان ئامانجیان نەپێكاوە.