ئارام شێخ محەمەد سكاڵا لەسەر سەرنوسەری پەرەگراف تۆمار دەكات

15-01-2020 01:56
ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق - سوركێو محەمەد سەرنوسەری پەرەگراف

پەرەگراف

سەرنوسەری پەرەگراف لەسەر سكاڵایەكی ئارام شێخ محەمەد لەبەردەم دادوەر ئامادەبوو و بەڵگەی پێویستی خستە ڕوو، دادوەر بڕیاریدا ماددەی یاسایی دۆسیەكە بگۆڕێت بە یاسای ڕۆژنامەگەریی‌و سەرنوسەری پەرەگراف بە كەفالەت ئازاد كرا.

سكاڵاكەی ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەو ڕاپۆرت‌و بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییانەیە كە پەرەگراف بڵاوی كردوونەتەوە‌و پەیوەندیدارن بە موڵك‌و ماڵی گشتیی كە ئارام شێخ محەمەد دوای تەواوبوونی كاری فەرمیی نەیگەڕاندوونەتەوە بۆ دەوڵەت.

لە سكاڵاكەیدا تۆمەتی "ناوزڕاندن"ی داوەتە پاڵ سوركێو محەمەد سەرنوسەری پەرەگراف، سكاڵاكە بە ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن تۆمار كراوەو دوو ڕۆژ لەمەوبەر فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرنوسەری پەرەگراف دەرچووە.

دوای ئەوەی دوێنێ لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ لە سلێمانی سەرنوسەری پەرەگراف ئاگادار كرایەوە لە سكاڵاكە‌و داوا كرا بۆ ئامادەبوون لەبەردەم دادوەر، ئەمڕۆ لەبەردەم دادوەر ئامادەبوو، وتەی لێ وەرگیراو سەرجەم تۆمەتەكانی ئارام شێخ محەمەدی ڕەتكردەوەو بەڵگەی فەرمیی پەیوەندیدار بە بابەتی سكاڵا لەسەر تۆمار كراوی خستە بەردەم دادوەر.

سەرنوسەری پەرەگراف داوای كرد ماددەی یاسایی دۆسیەكە بگۆڕدرێت بە یاسای ڕۆژنامەگەریی، بەوپێیەی ڕۆژنامەنووسەو ماڵپەڕەكەشیان فەرمییەو بابەتی سكاڵا لەسەر تۆمار كراویش ڕۆژنامەوانییە، بۆئەوەش پشتگیریی نوسراوی لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانی خستە بەردەم دادوەر.

دواتر دادوەر بڕیاریدا؛ ماددەی یاسایی دۆسیەكە بگۆڕێت بە ماددەی 9ی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007‌و بە كەفالەتی 500 هەزار دینار سەرنوسەری پەرەگراف ئازاد كرا.

سكاڵاكەی ئارام شێخ محەمەد لەسەر چییەو بەڵگەكانی پەرەگراف كامانەن؟

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە دەست پەرەگراف كەوتوون‌و لە بەدواداچوونێكی ڕۆژنامەوانییدا لە ڕێكەوتی 21-11-2019 بڵاوكرانەوە كە دەكاتە ساڵ‌و نیوێك دوای نەمانی ئارام شێخ محەمەد لە پۆستەكەی، پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، ئارام شێخ محەمەد جێگری دووەمی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، 5 ئۆتۆمبێلی حكومیی لایەو دوای تەواوبوونی كارەكەی نەیگەڕاندوونەتەوە، بەرلەو بەدواداچوونەش پەرەگراف لە مانگی 4ی ساڵی ڕابردوو بەڵگەنامەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە لەبارەی نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی دیكەی حكومەت هەر لەلایەن ناوبراوەوە.

پەرەگراف، وەك بیرخستنەوەیەك لێرەدا بەشێك لەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەو بەڵگەنامەكان دەخاتەوەبەر دیدەی خوێنەرانی.

ئۆتۆمبێلەكان؛ سۆبەربانێكی گولـلەنەبڕی ڕەنگ ڕەش

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق كە دەست پەرەگراف كەوتووەو ڕێكەوتی 14-10-2019ی لەسەرەو ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كراوە، تێیدا داواكراوە ئەو بەرپرسانەی ئۆتۆمبێلی حكومییان لایەو بەشێوەیەكی كاتیی پێیاندراوە بیان گەڕێننەوە، یاخود پێیان بفرۆشرێتەوە بەپێی یاسا.

لە نووسراوەكەدا وەزارەتی بەرگریی ناوی بەرپرسەكان‌و ژمارەو جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی دیاریی كردووە كە نەگەڕێندراونەتەوەو مۆڵەتی 3 مانگی دیاری كردووە بۆ گەڕاندنەوەیان، بەپێچەوانەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر. لەناو لیستی ناوەكاندا تەنها یەك كوردی تێدایە كە ئارام شێخ محەمەدەو لە تەنیشتی ناوەكەیەوە نووسراوە ئۆتۆمبیلێكی جۆری "شۆفرلێت سۆبەربانی درع – ڕەنگی ڕەش"ی لایەو نەیگەڕاندووەتەوە.

نووسراوەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق

ناوی ئارام شێخ محەمەد لە نووسراوەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەیە

سێ لاندكرۆزەر و فۆردێك

بەپێی نووسراوێكی دیكە كە 2-5-2019 لە ئەمیندارێتیی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، ناو و ژمارەو جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاریی كراوە كە لای بەرپرسانی خولی پێشووی پەرلەمانەو نەیانگەڕاندووەتەوە. لەوەشدا ناوی ئارام شێخ محەمەد هاتووە كە 4 ئۆتۆمبێلی لایەو ئەوانیش؛ 3 دانەیان جۆری لاندكرۆزەری مصفحە (واتە تایبەتی حكومی)و چوارهەمیان فۆردێكی ئیدجە.

دوو مانگ دوای ئەو نوسراوەی ئەمیندارێتیی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران، فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنەكە لە نووسراوێكدا(20-7-2019) تەئكید دەكاتەوە كە ئەو بەرپرسانە ئاگادار بكرێنەوە بە گەڕاندنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلایانە.

بەرلە بڵاوكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە، پەرەگراف لە بەدواداچوونێكی ورددا ئەوەی ئاشكرا كرد، ئارام شێخ محەمەد چەندین ئۆتۆمبێل‌و ڤێللایەكی موڵكی دەوڵەتی لایەو نەیگەڕاندوونەتەوە، ئەوكات پەرەگراف نووسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بڵاوكردەوە ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق‌و چەند بەرپرسێكی دیكە كراوەو یەكێكیان ئارام شێخ محەمەدەو داوای گەڕاندنەوەی موڵك‌و ماڵی دەوڵەتی لێكراوە.

پەرەگراف ئەوكات ئاشكرایكرد، ناوی ئارام شێخ محەمەد لەو نوسراوەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پەیوەندیدارە بە تەنها یەكێك لەو چەند ئۆتۆمبێلەی لای ماوە كە موڵكی ئەنجومەنی وەزیرانەو جۆری "مارسیدسی گولـلە نەبڕە".

ئارام شێخ محەمەد لەسەر ئەو نوسراوەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەرەگراف قسەیكرد و تەنها ئەوەندەی وت "بەڵێ من ئۆتۆمبێلی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانم لەلایە، یەك ئۆتۆمبێلە‌ و بە لیژنە وەرمگرتووە و چاوەڕوانی لیژنە دەكەم بۆئەوەی تەسلیمی بكەمەوە." پەرەگراف ویستی پرسیاری دیكەی لێبكات‌و پێی ڕاگەیاند كە بەدواداچوونەكەی چەند پرسێكی دیكەش لە خۆدەگرێت لەوانە ڤێللایەك لە بەغداد، بەڵام ئارام شێخ محەمەد ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارەكان بداتەوەو قسە لەبارەی موڵك‌و ماڵەكانی دیكە بكات.