سەماكردن بە دەوری وشەكاندا؛ ئەو كاتەی دەوڵەتی توركیا ناچارت دەكات یاریی بە وشەكان بكەیت

01-02-2020 03:01


پەرەگراف

نووسینی: نورجان بەیساڵ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕێنوار نەجم

پێدەچێت وشەی "شەڕ" لە توركیا قەدەغە كرابێت. سێ هەفتە لەمەوبەر و لە كاتی خۆپیشاندانی پلاتفۆرمی كار و دیموكراسیی ئامەد، پۆلیسی پڕچەككراو بە چەكی قورس، بەزۆر وشەی "شەڕ"ـیان لەسەر بانەرەكان بە خۆپیشاندەران لابرد. پۆلیس بە خۆپیشاندەرانی وت كە ئەو وشەیە قەدەغەكراوە.

لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەكارهێنانی هەندێك وشە لە توركیا بووەتە كارێكی مەترسیدار. یەكێك لەوانە وشەی "ئاشتی"ـیە. دوو ساڵ لەمەوپێش، پۆلیس هەڵیان كوتایە سەر ماڵەكەم و دەرگاكەیان شكاندم و بەشێوەیەكی توندوتیژانە لەبەرچاوی منداڵەكانمدا دەستگیریان كردم، هۆكارەكەش ئەو تویتانەبوو كە تێیدا داوای ئاشتیم كردبوو.

لە دوای هاوینی ساڵی ٢٠١٥ەوە، كاتێك پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) داڕما، "ئاشتی" بووە وشەیەكی زۆر مەترسیدار. نزیكەی دوو هەزار كەسی ئەكادیمی لە زانكۆكان دەركراون و ژمارەیەكی زۆری دیكەش زیندانیكراون تەنها بەهۆی ئەوەی داوای ئاشتییان لەگەڵ كورددا كردووە.

كاتێك وشەی "ئاشتی" بەكاردەهێنیت، واتە تۆ مەبەستت ئەوەیە شەڕێك لە ئارادایە. بەڵام توركیا بوونی شەڕ قبوڵ ناكات. دەوڵەتی توركیا پێی وایە ئەوەی ئەوان لە شارە كوردییەكانی خۆیان‌و سوریا یاخود هەر خاكێكی بچووكی دیكەی كورد لە دونیادا دەیكەن، شەڕ نییە، بەڵكو "ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە."

ئەوەی توركیا دەیڵێت بەشێك لە ڕاستیی تێدایە. ئەوەی ئەوان لە باكووری سوریا دەیكەن زۆر خراپترە لە شەڕ. ئەوان بە زۆر چوونەتە خاكی وڵاتێكی دیكەوە، من ناتوانم بە ئاشكرا ئەو وشەیە بەكاربهێنم كە ئەوان خەریكن دەیكەن، چوون نامەوێ بچمە زیندان!

زۆر سەختە باسی ئەوە بكەیت یاخود لەبارەی ئەوەوە بنووسیت كە ئێستا لە توركیا دەگوزەرێت. وەك ڕۆژنامەنووسێك یاخود داكۆكیكارێكی مافەكانی مرۆڤ، دەبێت لە هەر وشەیەك ڕابمێنم كە بەكاری دەهێنم. ئایا وشەی "پەلامار" بەكاربهێنم. ئایا وشەی "داگیركاری" بەكاربهێنم، ئایا وشەی "ئاشتی" بەكاربهێنم؟ هەر وشەیەك كە بەكاری دەهێنم كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت، نەك بەتەنها لەسەر ژیانی خۆم، بەڵكو لەسەر ژیانی هەموو ئەندامانی خێزانەكەشم.

تەنها سێ مانگ پێش ئێستا، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنەی توركیا كە پێی دەوترێت "كانیی ئاشتی" دژی كوردەكانی باكووری سوریا، جارێكی دیكە هەڵیان كوتایە سەر ماڵەكەم. ئەم جارەیان بەهۆی بەكارهێنانی وشەی "شەڕ" لە تویتەكانمدا. بەوپێیەی لەو كاتەدا من لە لەندەن بووم، دەستگیر نەكرام، بەڵام جارێكی دیكە كوڕەكانم ڕووبەڕووی توندوتیژیی پۆلیس بوونەوە.

هەندێك جار قەدەغەكردنی وشەكان وامان لێ دەكات كە شتی زۆر سەیر بكەین. لەدوای داڕمانی پڕۆسەی ئاشتییەوە، وشەی "كوردستان" لە توركیا قەدەغەكراوە. پێویستە ڕێگای جیاواز بدۆزینەوە بۆ باسكردنی هەرێمەكەمان. هەندێك جار دەڵێین "شارە كوردییەكان"، بەڵام ئەمەش دەكرێت مەترسیداربێت، بۆیە هەندیك جار تەنها دەڵێین "هەرێمەكە" هەندێك جاری دیكەش دەڵێین "باشووی ڕۆژهەڵاتی توركیا."

ئاڵنگارییەكە لێرەدا كۆتایی نایەت. ناوی كوردیی شارەكەی من "ئامەد"ـە و ناوە توركییەكەشی "دیاربەكر"ـە. لە كاتی پڕۆسەی ئاشتیدا هەردوو ناوەكەمان بەكاردەهێنا و هەردووكیشیان لەسەر بیلیبۆرد، باڵەخانە گشتییەكان و بڵاوكراوە فەرمییەكان بەكاردەهێنران. دوای ئەوەی حكومەت شارەدارەكانی ئێمەی تۆمەتباركرد بە هەبوونی لینكی تیرۆرستی و لەسەر كارەكانیان لابران و لەبری ئەوان كارمەندی حكومیی دانران، ناوی ئامەد لەهەموو شوێنەكانی شارەكە سڕدرانەوە، بەهەمان شێوە هەموو ناوە كوردییەكانی دیكەش لە هەموو سووچێكی شارەكانماندا لابران. سیمبولە زمانەوانی و كەلتورییە كوردییەكانیش لە سەرتاسەری "هەرێمەكە" خاپووركران.

ئەو كارە بەرەو بەكارهێنانی وشەیەكی دیكە پەلكێشم دەكات كە لە ژیانی ڕۆژانەماندا لە ئامەد، یاخود با بڵێین دیاربەكر، توشی كێشەمان دەكات. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە، شارەكانی ئێمە لەلایەن ئەو كەسانەوەی بەڕێوەدەبرێن كە حكومەت دەستنیشانی كردوون، كە لە توركییدا پێی دەوترێت "قەیووم". بەڵام كەسە دەستنیشانكراوەكان داوا دەكەن پێیان بوترێت شارەدار، ئەوەش بووەتە هۆی نانەوەی كێشەی جۆراوجۆر لە ژیانی ڕۆژانەماندا، بەو پێیەی ئەوان لە شارەكانی ئێمەدا هێزیان بەدەستەوەیە.

من لە شارێكەوە ئەم وتارە بۆ ئێوە دەنووسم كە ناوەكەی قەدەغەكراوە. ئەوێ شارێكە لە هەرێمێك كە بەهەمان شێوە ناوی هەرێمەكەش قەدەغەكراوە. لەم شار و هەرێمەدا شتێك ڕوودەدات كە ناتوانم پێتان بڵێم چییە، چوون قەدەغەكراوە. ئەوەی دەتوانم پێتان بڵێم ئەوەیە كە خەڵك لە هەرێمەكەی مندا دەمرن. شەقامەكان و نیشتمانە قەشەنگەكەم بە ئاڵای توركیا و قەیووم داپۆشراون، بەڵام ناتوانم پێتان بڵێم هەستی ئەو جۆرە ژیانە چۆنە. پۆلیس و هێزی تایبەت بە چەكی قوورسەوە لەسەر شەقامەكان هەن، بەڵام بەڕاستی و ڕاشكاوی ناتوانم پێتان بڵێم بۆ لەوێن! هەموو ڕۆژێك فڕۆكەی جەنگی بەسەر شارەكانماندا دەسووڕێتەوە، تەنانەت ئێستاش كە من خەریكی نووسینی ئەمەم، بەڵام ناتوانم پێتان بڵێم ئەوان بۆ كوێ دەفڕن و بۆمبارانی كوێ دەكەن. هیوادارم خۆتان تێبگەن.