كورد پشت دەكاتە زورفی‌و ڕوو لە كازمی؛ پاڵپشتییەكەی نێچیرڤان بارزانی چی لە پشتەوەیە؟

08-04-2020 08:22
نێچیرڤان بارزانی- بەرهەم ساڵح- مستەفا كازمی- عەدنان زورفی


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

عەدنان زورفی هێشتا بێهیوا نییە لە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق‌و هەوڵەكانی بەردەوامە، بەڵام ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی پشتی تێكردو لە پشتیوانییەكی پێشوەخت دا، پاڵپشتیی كوردی بۆ مستەفا كازمیی ڕاگەیاند كە هێشتا بە فەرمی ڕانەسپێردراوە لەبری زورفیی كابینەكە پێكبهێنێت.

ئەو دوو كەسایەتییە هەردووكیان شیعەن، هەریەكەیان چەند لایەنێكی شیعە پشتیوانیی دەكەن، بەڵام هێشتا لایەنەكان وەك كورد بە فەرمیی‌و ڕوون‌و ئاشكرا پاڵپشتییان بۆ كازمیی دەرنەبڕیوە، هەرچەندە وادیارە تای تەرازووەكە بەلای ئەودا بشكێتەوەو زۆرینەی شیعە پاڵپشتیی بكەن بەتایبەت سەدرو هادی عامری‌و عەممار حەكیم.

ڕاگەیەندراوەكەی نێچیرڤان بارزانی خۆیەكلاییكردنەوەیەكی پێشوەختە لە ناو كێشمەكێشی ناوماڵی شیعەداو دەڵێت "پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكات".

زورفی بەڵێنی دابوو وەزیرە كوردەكان لە كابینەكەیدا دابنێتەوەو بەردەوامە لە هەوڵەكانی‌و ڕازیكردنی لایەنەكان، لەو چوارچێوەیەدا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق كە باڵاترین پۆستی لە حكومەتدا هەیە لە پشكی پارتی، ئەمڕۆ سەردانی كردووەو پرسی پێكهێنانی كابینەكەیان تاوتوێ كردووە، بەڵام دوابەدوای ئەو دیدارە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیەندراوەكەی بڵاوكردەوە.

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە بەغداد زانیاریی وردی دەستكەوتووە لەبارەی پشتیوانیی كورد لە مستەفا كازمیی، ڕاگەیەندراوەكەی نێچیرڤان بارزانی كە هەڵوێستی فەرمیی هەرێمی كوردستانە بە ئاگاداریی سەرجەم حیزبە كوردییەكان بووە، ئەوەش لەسەر داخوازیی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق.

"د.بەرهەم پەیوەندیی بە حیزبەكانەوە كردووەو پێی گوتوون مستەفا كازمی زۆرینەی شیعە پشتیوانیی دەكەن‌و داوای كردووە كوردیش بە فەرمیی پشتیوانیی بكات، گوتوشیەتی خۆی عەدنان زورفی بانگهێشت دەكات‌و هەوڵدەدات ڕازیی بكات لە پڕۆسەكە بكشێتەوەو كازمیی ڕابسپێردرێت بۆ ئەو ئەركە" سەرچاوەكەی پەرەگراف وادەڵێت.

ئەو سەرچاوە باڵایە كە ئاگاداری وردەكارییەكانە، وتیشی "د.بەرهەم داوای لە فراكسیۆنەكانیش كردووە بەیاننامەی پشتیوانی لە كازمیی بڵاو بكەنەوە، فراكسیۆنەكانیش دیراسەی ئەو داواكارییە دەكەن".

مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراقە، پشتیوانییەكەی نێچیرڤان بارزانی پڕاوپڕو گشتگیرە، لە كاتێكدا هێشتا ڕاوبۆچوون‌و هەڵوێستی ڕوونی كازمیی ئاشكرا نییە لەبارەی پرسی كوردو كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدادو ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام پەرلەمانتارێك دەڵێت، كازمیی هەمان بەڵێنی عەدنان زورفیی بە كورد داوە بۆ دانانەوەی وەزیرەكان.

لەبارەی هەڵوێستی كازمیی لەبارەی پرسی كوردو هەرێمی كوردستان، د. ڕێبوار كەریم پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەرەگراف وتی"هەڵوێستی وەك عەدنان زورفی باشە بەومانایەی گوتویەتی وەزیرە كوردەكان لە پۆستەكانیان دادەنێتەوە، بەداخەوە پرسی كوردو كێشەكانی كوردستان بووە بە دانانەوەی وەزیرەكان".

مستەفا كازمیی خەڵكی بەغدایەو بە كەسێكی نزیك لە بەرهەم ساڵح لەقەڵەم دەدرێت، ماوەیەك لە سلێمانی ژیاوەو سەرنوسەری گۆڤارێك بووە بەناوی(ئسبوعیە) كە بە عەرەبی دەرچووەو دەزگای خەندانی بەرهەم ساڵح دەریكردووە.

لە نێوان بەرەی ئەمریكاو ئێراندا، كازمیی بە نزیكتر لە ئەمریكا دادەنرێت، بەڵام قبوڵكراوی ئێرانییەكانیشە‌و لارییان نییە ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

پشتیوانییەكەی نێچیرڤان بارزانی كوردی كردەوە بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوماڵی شیعە، سەرچاوە باڵاكەی كورد لە بەغداد بە گومانە لەوەی كورد نەكەوتبێتەوە هەمان هەڵەی ساڵانی ڕابردوو لە پرسی پێكهێنانی حكومەتدا.

"ساڵانی پێشوو كاتێك كورد پشتیوانیی هەر كاندیدێكی كردووەو دواتر پۆستەكەی وەرگرتووە، دانانی ئەو كەسە وەك مەرج‌و داواكاریی كورد لەقەڵەم دراوە هەربۆیە نەتوانراوە داواكاریی دیكەو خواست‌و مافەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت‌و گوتراوە خواستی ئێوە بە دانانی سەرۆك وەزیران جێبەجێ كراوە، ڕەنگە ئێستاش بۆ مستەفا كازمیی هەمان هەڵەو هەمان مێژوو دووبارە ببێتەوە".

كورد بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی بەلایانەوە گرنگە خۆیان كاندیدی ئەو وەزارەتانە دیاریی بكەن كە پشكی كوردن، لەو چوارچێوەیەدا، بەهۆی دانەنانەوەی وەزیرەكانیان لە كابینەی نوێدا، بە تووندی دژی محەمەد تۆفیق عەللاوی وەستانەوە(جگە لە چەند پەرلەمانتارێك)، عەللاوی پێش عەدنان زورفی ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سووربوو لەسەر دانانی وەزیری سەربەخۆ لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەڵام شكستی هێناو كشایەوە.