دەڤەری یەك حزب؛ بۆچی لە بادینان تەنیا پارتی دەردەكەوێت؟

23-04-2020 02:10
بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە بانگەشەی پارتی لە دهۆك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ 6-5-2018

پەرەگراف

دەڤەری بادینان، وەك هەر ناوچەیەكی تر پڕە لە حزب و چالاكی سیاسی، بەڵام ئەوەی دەنگ دەهێنێت و دەردەكەوێت؛ تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە.

بەلای چاودێران و چالاكوانانی ئەو دەڤەرەوە، لاوازی و بێبەرنامەیی حزبەكانی دیكە، هۆكارێكی سەرەكییە لە دەركەوتنی تاكە حزبێكدا، هەرچی حزبەكانیشە پێیانوایە لە ناوچەیەكی داخراوی سیاسی و كاری حزبیدان، كە لەژێر هەژمون و هەندێكجار هەڕەشەی دەزگای ئەمنییشدایە.

پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆڵ و كاریگەری بەرنامەكانی خۆیان پەیوەست دەكەن بە سەركەوتنەكانیانەوە، وایدەبینن، جگە لەوان، هیچ حزبێكی تر نەیتوانیوە خواستی دانیشتوانی دەڤەری بادینان جێبەجێبكات.

"حزبەكانی تر، ئەوانەی دەرەوەی پارتی لاوازن لە بادینان، ئەوەش دوو هۆكاری هەیە" بەوتەی كاوار حەسەن.

كاوار چالاكوانی مەدەنییە لە بادینان، لەسەر لاوازی حزبەكانی تر بۆ پەرەگراف وتی "شێوازی حوكمڕانی دەسەڵات لە بادینان تەواو جیاوازە لەوەی هەولێر و سلێمانی، بەجۆرێك چوارچێوەی ئازادی لە بادینان تەسككراوە و هەموو جومگەكانی دەسەڵات بەدەست یەك حزبەوەن".

لەبەر فراوانی زۆری دەسەڵاتی پارتی لە بادینان، "وای لێهاتووە كاریگەری بكاتە سەر خەڵك و بەوەی ئەگەر پارتی نەبێت ئەبێ چیبكات".

كاوار لە باسی هۆكارێكی تردا دەڵێت "خودی حزبەكان خۆیان ئەدایان لاوازە، چونكە زۆربەی حزبەكانی تر تەنیا چەند سەروچاوێكن و چەندین ساڵە دوبارە دەبنەوە، حزبە نوێیەكانیش تەنیا كەوتنە قۆرغكردنی هەموو شتێك بۆ خۆیان و توشی شكستیش بون".

ئەو چالاكوانە ڕەخنەی زۆری لە حزبە سیاسییەكانی تری بادینان گرت، كە چۆن لە پێناو پۆست و ئیمتیازاتدا بەرنامە و خواستی خەڵكیشیان لەبیركرد، لەوەشدا نمونەی یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕانی هێنایەوە.

"بادینان بۆ هەموو حزبێك گرنگە، چونكە پارتی بەدەنگی پارێزگای دهۆك حوكمی كوردستان و بەشێكی عێراقیش دەكات".

كاوار پێیوایە پێویستە حزبەكانی تر بەپێی بارودۆخ مامەڵە بكەن و خاوەنی ستراتیژیەتی درێژخایەن بن، "لە جیاتی دروستكردنی هەماهەنگی پێیانخۆشترە پارتی مەرحەبایەكیان بكات، واتە ئەوان پارتی بە برا گەورە دەزانن لە بادینان و گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵكردووە".

دەڤەری بادینان، لە مێژوی حوكمڕانی كوردیدا بەردەوام لە قازانج و هێزی پارتیدا یەكلابۆتەوە، پێش چەندین ساڵ یەكێتی و دواتریش یەكگرتوو، دوو ڕكابەری لاوازی ئەو حزبە بوون، بەبێ زیادبون و هەڵكشان.

عەلی ئۆرەماری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "پرسی ئازادیی سیاسی بە تایبەتی لە دهۆك، پرسێكە پێویستە لەسەری ڕابوەستین، چونكە پارتی دژی حزبەكانی تر گروپی نهێنی و فشاری هەیە، لەڕێی دەزگای ئەمنییەوە سەرپەرشتییان دەكات و دەستێكی باڵای هەیە لەنێو هێزە سیاسیەكانی ناوچەكەدا، لە هەموو پرس و جوڵەیەكی سیاسی لەڕێی ئەو گروپانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریدەهێنێت یان كێشە بۆ ناوخۆی ئەو حزبانەش دروستدەكات".

لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆرەماری بەشێكی تر لە هۆكاری لاوازی خستە ئەستۆی حزبەكان، كە پەیوەندی نێوانیان لاوازە، "تەنانەت دوو پارتی بچوك پێكەوە كارناكەن، بۆیە حزبەكانی تر وەكو حزبێكی لۆكاڵ دێنە بەرچاو و هەژماردەكرێن".

بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2014دا، پارتی لە كۆی 28 كورسی ئەنجومەن 19 كورسی بەدەستهێنا ئەوەش بە دەنگی زیاتر لە 357 هەزار كەس لە كۆی زیاتر لە 500 هەزار دەنگدەر.

بەدوای ئەودا یەكگرتوو، بە سێ كورسی و 62 هەزار دەنگدەر، یەكێتی بە دوو كورسی و نزیكەی 41 هەزار دەنگ و گۆڕانیش بە یەك كورسی و نزیكەی 23 هەزار دەنگدەر توانیویانە كورسی مسۆگەر بكەن، واتە بەو سێ حزبەوە نەیانتوانیوە بەقەت نیوەی پارتی دەنگ بەدەستبهێنن.

"بادینان لە ژێر كۆنتڕۆڵی توندی ئەمنیدایە، نە حزب نە كەسی تر لە دەرەوەی دەسەڵات بۆی نییە یەك چالاكی بكات، ئەگەر ویستی چالاكی بكات دەبێت بە دڵی دەزگا ئەمنی و حزبییەكانی پارتی بێت، ئەگەرنا ڕێگەی پێنادرێت" ئەكرەم كوللی، ڕۆژنامەنوس و چالاكوان لە بادینان بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو پێشیوایە "بادینان لە ژێر هەڕەشە، ترساندن و دەزگای ئەمنیدا بێدەنگكراوە، هەركەس بیەوێت چالاكی بكات ڕوبەڕوی چەندین جۆر هەڕەشە و سزادان دەبێتەوە تا گەیشتنە زیندانی".

بەبڕوای كوللی تاكە حزبێك جەماوەری مابێت لە دەڤەرەكەدا، یەكگرتووی ئیسلامییە، "باقی حزبەكانی تر غائیبن و بادینانیان تەسلیم بە پارتی كردووە، ئەمەش خەلەلێكی گەورە و مەترسیدارە".

"خەڵك بەشێكی زۆریان ڕازی نین لە شێوازی حوكمڕانی ناوچەكە، بەڵام كاتێك حزبێك نەبێت یان لایەنێك تا ڕكابەری پارتی بكات خەڵكەكە چی بكەن؟"، ئەكرەم كوللی نمونەی گۆڕان و یەكێتی دەهێنێتەوە كە بادینان بە مەیدانی چالاكی خۆیان نازانن و وەك میوان خۆیان دەبینن، یەكگرتوو چالاكییەكانی لە سنوری بارەگاكانی خۆیدایە.

"خەڵكی بادینان بەشێوەكی گشتی پارتی نین، بەڵام ئەوەی وای نیشانداوە هەر كەسێك لە دەرەوەی بادینان هەست پێبكات هەموو خەڵكەكە پارتییە خەتای حزبەكانە، چونكە نەیانتوانی بادینان بكەن بە مەیدانی كاری خۆیان.. پێیانوایە بادینان موڵكی پارتییە، تەسلیمی وەهمێك بون كە ئەویش بادینان یەكسان دەكەن بە پارتی".

ئەو چالاكوانە ڕەخنەیەكی تری ئەوەیە ڕۆڵی میدیای دەرەوەی پارتی لە گەیاندنی دەنگی بادیناندا لاواز بووە، ئەوەی هەیە زمانی كاركردنیان سۆرانییە، تەنانەت لە شێوەزاری ناوچەكە تێناگەن و بەشێكیان ئەگەر بابەتیان بە غەیرە سۆرانی بۆ بنێردرێت بڵاویناكەنەوە.

پێشتر و لە 2005یشدا، هەر پارتی حزبی یەكەمی بادینان بووە، بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەوكاتی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك، لە كۆی 41 كورسی پارتی 33 كورسی هەبووە بە 302 هەزار دەنگ، هەشت كورسییەكەی تر یەكێتی و یەكگرتوو یەكی چواریان بردووە، هەریەكەیان بە 35 هەزار دەنگ.

خالید ئەحمەد، كارگێڕی لقی یەكی دهۆكی پارتی بۆ پەرەگراف وتی "ئەو گۆڕانكارییانەی لە باشوری كودستان هاتۆتەپێش، لە خزمەتی حزبی بچوكدا نەبووە، بۆیە حزبی گەورە و كاریگەر توانی ڕۆڵی گەورەی هەبێت".

"لەگەڵ ئەوەشدا، هۆكاری تر ئەوەیە حزبەكانی تر نەیانتوانی خەونی دەنگدەر و داواكارییەكانیان بەدیبهێنن، ئەوان دەبێت بۆ چاككردنی ئەوە هەوڵبدەن و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بڕۆن، نەك تۆمەت بۆ پارتی دروستبكەن".

لێپرسراوەكەی بادینان بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێت "بەڵێ ژینگەی دهۆك لەڕوی كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە جیاوازە لە شارەكانی تر، لێرە كاری سیاسی ڕەنگە بۆ حزبی بچوك زۆر قورس بێت".

ئەو پێشیوایە حزبەكەی توانیویەتی سەركەوتوانە مامەڵە بكات و لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بڕوات، نەك وەك حزبەكانی تر، كە تەنانەت دەنگەكانیشیان پەرت بووە.

"سیاسەتی حزبەكانی تر دوورە لە خواستی خەڵكەوە، ئەگەرنا گۆڕەپانی سیاسی دهۆك وەك شارەكانی تر كراوەیە بە ڕوی هەموو پارتەكاندا، بەڵام خۆیان خاوەن بڕیاربن و جەماوەری خۆیان بپارێزن.. با هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی سەركەوتن بدەن نەك گەڕان بە دوای تۆمەتباركردنی حزبی تردا لە شكستهێنانیاندا".