پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ناڕەزاییو كاردانەوەكانی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر بەردەوامن، پەرلەمانی كوردستانو فراكسیۆنەكان ڕوبەڕوی ڕەخنەی بەشێك لە شەقامو حیزبە سیاسییەكان بوونەتەوەو ئەو هەنگاوە كە پارتی پلاندانەرو جێبەجێ كاری بوو، بە "مەترسیدار" لە قەڵەم دەدرێت بۆسەر كاری پەرلەمانتاریو ئازادیی قسەو بەدواداچوونی پەرلەمانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشتیوانیی پەرلەمانتارانی پێكهاتەكان ئەو كارەی ئەنجام داو فراكسیۆنەكانی دیكەو تەنانەت سەرۆكی پەرلەمانیش بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانیان كرد، پەرەگراف ئەوە ئاشكرا دەكات كە سەرۆكی پەرلەمان ڕێگای دیكەی لەبەردەمدا بووەو نەیگرتووەتەبەر. هەرچەندە پڕۆسەكە بەدڵی پارتی تێپەڕی، بەڵام هێشتا سەرۆكی پەرلەمان ڕۆڵێكی دیكەی ماوە.
سەرۆكی پەرلەمان دەیتوانی چی بكات؟
"یەكسەر چوون بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی پرسێكی باش نییە لە ڕووی یاساییەوە، دەبێت قۆناغی دیكە ببڕێت" ئەمە وتەی دانا دارا ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستانە.
ئەو ڕاوێژكارە یاساییە بۆ پەرەگراف وتیشی "دەبێت سەرۆكی پەرلەمان لیژنەی بۆ پێكبهێنێ شیكاری ئەو ڕەهەندانە بكات كە لە پشتی ئەم سكاڵایەوەن دەتوانێت بە لیژنەیەكی بسپێرێ، لە پەرلەمانی عێراق چەندین پەرلەمانتار سكاڵایان لەسەرەو پەنایان بردووە بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە پەرلەمانتاران. لیژنە نەك لە ڕووی بەڵگەو دادوەریی كردن تۆ بۆت نییە دادوەریی بكەیت لەم سكاڵایانە، بەڵكو لیژنەكە لە ڕەهەندە سیاسییەكان بكۆڵێتەوەو پاشان تۆمەتەكانی تەشهیر زۆریان سیاسین نەك یاسایی دەبێ هەوڵبدات نەهێڵێ بچێتە بەرنامەی كارەوە".
دانا دارا نمونەی بەو سكاڵا یاساییە هێنایەوە كە لە كوردستانەوە لەسەر سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە عێراق تۆمار كراو داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر كرا، بەڵام ڕێگە نەدرا بچێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.
ڕاوێژكارەكەی پەرلەمان ئەوەی خستە ڕوو، ئەوە ئەركێكی سەرەكی بوو لەو قۆناغەدا سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بیكات. لە وەڵامی ئەوەی لە كەیسی سۆران عومەردا بۆ ئەوە نەكرا؟ دانا دارا وتی"نازانم ئەوە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانو دەستەی سەرۆكایەتییە. دواتر جیاوازی بكرێت لە نێوان داوایەك كە كەتنە لەگەڵ تاوانكاریی، ئەگەرچی دەقە پەیڕەوییەكە جیاوازیی نەكردووە لە نێوان كەتنو تاوان".
ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، 10 ڕۆژ بەرلەوەی دانیشتنی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر(پەرلەمانتاری كۆمەڵ) بەڕێوەبچێت لە وەڵامی نووسراوێكی كاروباری یاسایی پەرلەماندا بە 3 خاڵ ڕای خۆی لەوبارەیەوە خستووەتە ڕوو، لە خاڵی یەكەمدا دەڵێت، ڕەزامەند نییە بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی. لە خاڵی دووەمدا داوای وەرگرتنی ڕای جێگری سەرۆكو سكرتێری پەرلەمان دەكاتو لە خاڵی سێیەمیشدا دەڵێت "لە هەموو بارێكدا نابێت جیاكاریی بكرێتو دەبێت داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی هەموو پەرلەمانتاران بە یەك شێوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت".
لە دوای ئەو وەڵامەی سەرۆكی پەرلەمان، پرسەكە ڕێچكەی یاساییو پەیڕەویی گرتەبەر، جێگری سەرۆكو سكرتێری پەرلەمان بەبێ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان هەڵگرتنی پارێزبەندیی 4 پەرلەمانتاریان خستە بەرنامەی كارەوەو بەبێ ئامادەبوون سەرۆكی پەرلەمان لە 7ی ئایاردا دانیشتنەكە ئەنجام درا.
هێمن هەورامی سەرۆكایەتی دەكرد، هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چوار پەرلەمانتار خرایە دەنگدانەوە، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تەنها 3 پەرلەمانتار لەگەڵ ئەوەدا بوون پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان 4 پەرلەمانتارو شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان بەهەمانشێوە 4 پەرلەمانتار، بەڵام سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی 57 پەرلەمانتار دەستیان بۆ بەرزكردەوەو پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، ڕێگای دیكە لەبەردەم سەرۆكی پەرلەماندا هەبووە، "بەڵام ئەو خۆی لە پرسەكە دەرباز كردووەو داویەتییە دەست جێگرەكەیو سكرتێری پەرلەمان، ئەوەش جۆرێكە لە ڕەزامەندیی نواندن بەو مەرجەی خۆیی تێدا نەبێت".
"بۆنمونە دەیتوانی وا بكات ڕێچكەی یاساییو پەیڕەویی نەگرێت، وەك چۆن لە خولی پێشووی پەرلەمان چەند پەرلەمانتارێك داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان دەكرا، بەڵام د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان، دۆسیەكانیانی نەدەخستە بەردەست بۆ كارلەسەر كردنو پارێزبەندیی لەسەر كەس هەڵنەگیرا".
"یاخود ڕێواز خان دەیتوانی لە دەرەوەی وەرزی یاسادانان دۆسیەكانی ببردایەتە دەستەی سەرۆكایەتی كە بەپێی پەیڕەو دەیتوانی، پاشان بیگوتایە پارێزبەندیی لەسەر سەرجەم پەرلەمانتارەكان لاببرێ، ئەوكات پارتی قبوڵی نەدەكرد، چونكە سەرۆكی فراكسیۆنەكەیانی تێدایە، بەوشێوەیە ڕەنگە جۆرێك لە ڕێككەوتن بكرایە بۆ كپكردنەوەی هەموو دۆسیەكان" سەرچاوەكە وای وت.
ئەو سەرچاوەیە زانیارییەكیشی خستە ڕوو، كە لە بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی پەرلەمانەوە دەستی كەوتووەو تێیدا باسلەوە دەكات، لە(5-5-2020) دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبووەتەوەو هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لە سەرۆكی پەرلەمان كردووە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سۆران عومەر بخرێتە بەرنامەی كارەوە، "بەڵام سەرۆكی پەرلەمان ڕازیی نەبووەو وتویەتی چەند پەرلەمانتارێكی دیكەش داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەرەو تەنها ئەو نییە".
ڕۆژی دواتر كە دەكاتە ڕۆژێك بەرلە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان سیناریۆیەكی خستووەتە بەردەم سەرۆكی پەرلەمان كە لە كۆی 9 پەرلەمانتار كە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەرە ناوی 4 پەرلەمانتار بخرێتە بەرنامەی كارەوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی، "سەرۆكی پەرلەمان بەوە ڕازیی بووە بەومەرجەی ئەو واژۆی بەرنامەی كار نەكاتو دانیشتنەكەش بەڕێوەنەبات".
ئەو زانیارییانە لە سەرچاوەیەكی دیكەی دەرەوەی پەرلەمانیشەوە دەست پەرەگراف كەوتوون، بۆ پشتڕاست كردنەوەی زانیارییەكانو وەرگرتنی ڕاو هەڵوێستی، پەرەگراف زیاتر لە جارێك پەیوەندیی بە ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانەوە كرد، بەڵام تەلەفۆنەكەی داخرابو و بەردەست نەبوو. هەروەها پەیوەندیی بە مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.
لە ڕۆژی دانیشتنەكەی پەرلەماندا سەرۆكی پەرلەمان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوەی خستە ڕوو، لە ڕوانگەی باوەڕبوونی بە سازانو یەكڕیزیی فراكسیۆنەكانو باوەڕبوونی بە ئازادی ئاخاوتنو ڕادەربڕینی پەرلەمانتار، بەرنامەی كاری واژۆ نەكردووەو بڕیاریشیداوە سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی پەرلەمان نەكات كە تایبەتە بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چەند پەرلەمانتارێك.
"بەشی زۆری ڕۆڵی سەرۆكی پەرلەمان یاسایی بوو، هەم ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە بەرنامەی كار تەرخان بكرێ بۆئەم پرسە، پێشیوابووە ئەم پرسە ڕەهەندێكی سیاسییە" دانا دارا وای وت.
بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر بە واژۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڵاوكرایەوە كە لەسەر 4 داوای یاساییە لە دادگاكانی هەولێرو سلێمانیو ڕێگە دراوە بە وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی لەبارەیانەوە.
پەرەگراف پەیوەندیی بە سۆران عومەرەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك بداتو وەڵامی پرسیارەكانمان بداتەوە.
سەرۆكی پەرلەمان ڕۆڵی دیكەی ماوە
هەرچەندە بەبێ سەرۆكی پەرلەمان، پارتی ئامانجەكەی خۆی بەدیهێنا كە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر سۆران عومەر بوو، بەتایبەت بەهۆی سكاڵایەك كە سەرۆكایەتی حكومەت لەسەری تۆماری كردووە، بەڵام هێشتا ڕێواز فایەق ڕۆڵێكی دیكەی ماوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی دادپەروەریی لەو دۆسیەیەدا.
لە دوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە، كۆمەڵی ئیسلامیو سۆران عومەر گومانی خۆیان پیشانداوە لە بێلایەن نەبوونی دادگاو پڕۆسەی دادوەریی، ڕاوێژكارە یاساییەكەی پەرلەمان ئەوە دەخاتە ڕوو، ڕۆڵێكی دیكەی سەرۆكی پەرلەمان ماوە كە دادگایی كردنی سۆران عومەر بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكی پەرلەمان ناكرێتو یاسایی نییە.
"لەو ڕوەوە دەتوانێت نوێنەری خۆی دیاری بكات بۆئەوەی لەكاتی دادگاییكردن جۆرێك لە دادپەروەریی بەدیبێت، ئەگەر نوێنەریش دیاریی نەكات ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی دادگایی، چونكە پارێزبەندییەكە لاچووە" دانا دارا وتی وت.