پەرەگراف- سوركێو محەمەد
لە كاردانەوەی ئەو ڕەخنانەی لە پەرلەمانتارانی پێكهاتەكانی كوردستان دەگیرێت كە بوون بە بەشێك لە پلانو بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانو وەك دەستی دووی ئەو حیزبە ناو دەبرێن، مەسعود بارزانی پەیامێكی نیگەرانیی بڵاوكردەوەو تەئكید لە پشتیوانیی پێكهاتەكان دەكات.
بارزانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت "ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەكرێتە سەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان جێی نیگەرانیمانە، لێرەدا ڕایدەگەیێنم كە بە هەموو توانایەك پشتگیریان دەكەین و ئەوان بەشێكی دانەبڕاون لە گەلی كوردستان و هەموو مافێكیان پارێزراوە".
ڕەخنەگرتن لە پێكهاتەكان دوای ئەوە چڕبووەوە كە پارتی لە پەرلەمان بە پشتیوانیی ئەوان توانی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ هەڵبگرێت، بەبێ دەنگی پێكهاتەكان پارتی نەیدەتوانی ئەوكارە بكات، ئەوە لەكاتێكدابوو تەواوی فراكسیۆنەكانی دیكەو سەرۆكی پەرلەمان ئەو دانیشتنەی پەرلەمانیان بایكۆت كردبوو، سەرباری ڕەخنەی حیزبو لایەنەكانی دیكەو بەشێك لە شەقام، هەندێك حیزبو كەسایەتیی خودی پێكهاتەكان خۆیشیان ڕەخنەیان لە ئەدای خۆیانو چوونە پاڵ پارتیی هەیەو بە ئاشكرا خستوویانەتە ڕوو.
بەرلەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی ئەنجام بدات، سۆران عومەر پەیامێكی ئاڕاستەی پێكهاتەكان كردو داوای لێكردن "مەبن بەدارشەقی پارتی دژ بە ئێمە!"، ئەو پەرلەمانتارە لە پەیامەكەیدا دەڵێت "پێكھاتەكانیش وەك چۆن لەھەڵبژاردن دا نایەنە ململانێی بەدەستھێنانی دەنگ لەگەڵ لایەنەكان پێویستە لەم بابەتانەدا نەبنە بەشێك لەئەجێندای پارتی، ئەگەر نا ئەوان نوێنەرایەتی دەستی دووی پارتی دەكەن كە عەیبەیەكی گەورەیە بەناوی پێكھاتەی ئاینی و نەتەوەییەوە خۆیان نمایش بكەن و لەژێرەوە پارتی بن وەك چۆن ھەندێكیان بەدەنگی زێرەڤانی دەرچوون!".
پارتیو پێكهاتەكان
هەرلەگەڵ كۆتاییهاتنی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2018، پارتی پلانی ئەوەی دانا لە چوار ساڵی داهاتوودا بەبێ خواستی ئەو هیچ یاساو بڕیارێك لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچێت بەتایبەت لە پرسە گرنگو هەستیارەكاندا، بۆئەوەش پشتی بە پێكهاتەكان بەست لەناو پەرلەمان.
مانگی 11ی 2018 كە هێشتا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكنەهاتبوو، پەرەگراف پلانەكەی پارتی ئاشكرا كرد بەوەی كە دەیەوێت لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ خۆیو سكرتێری پەرلەمان بۆ پێكهاتەی توركمان بێتو بە دیاریكراوی بۆ مونا قەهوەچی بێت، بەوەش دوو لە سێ كەسی دەستەی سەرۆكایەتی بۆخۆی مسۆگەر بكاتو قۆڵبەستی سەرۆكی پەرلەمان بكات لەم خولەدا.
لەم خولەدا پارتی زۆرینەیەو 45 كورسی پەرلەمانی هەیە لە 111، پێكهاتەكانیش خاوەنی 11 كورسینو لەگەڵ پارتیدا پێكەوە نیوە+1ی پەرلەمانن، حیزبی دووەم كە یەكێتییە كورسییەكانی ناگاتە نیوەی كورسییەكانی پارتی، پەرلەمان لە خولی پێشوودا زۆرترین بەركەوتنی لەگەڵ پارتیو خواستو بەرنامەكانیدا هەبوو، تەنها یەك كەس لە سێ كەسەكەی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی بوو.
پێكهاتەكان 11 كورسییان هەیە لە پەرلەمانی كوردستانو دەرچوونی كاندیدەكانیان ڕێژەیەكی كەمتر دەنگی پێویستە بەراورد بە كاندیدانی 100 كورسییەكەی دیكەی پەرلەمان، بە جۆرێك پەرلەمانتاری پێكهاتەكان تێیاندایە بە كەمتر لە 200 دەنگ بووەتە پەرلەمانتار.
چەندین خولە لەسەر یەك، پارتی كورسیی پێكهاتەكان بۆخۆی مسۆگەر دەكاتو هاوكاری دەرچوونی ئەو كاندیدانە دەكات كە نزیك لەو حیزبەن، ئەوەش زیاتر بە دەنگدانی تایبەت دەكات، بەوپێیەی دەنگی هێزی چەكدارەو زیاتر ئاڕاستەكراو و كۆنتڕۆڵ كراون بۆ دەنگدان بەهەر كەسێك حیزب بۆیان دیاریی بكات.
دیاریكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانو دانانی بەرنامەی كارو خستنە بەرنامەی هەر پڕۆژە یاسایەك، لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەبێت نەك سەرۆك بە تەنها، بۆئەوەش سەرۆك پێویستی بە واژۆی جێگر یاخود سكرتێری پەرلەمان دەبێت.
ئێستا دۆخەكە بەجۆرێكە سەرۆكی پەرلەمان ناتوانێت هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان ساز بكات یاخود هیچ پڕۆژەیەك بخاتە بەرنامەوە بەبێ ڕەزامەندیی پارتی كە جێگرو سكرتێر بە قسەی ئەو حیزبە واژۆكانیان دەخەنەسەر كاغەز، بە پێچەوانەوە ئەوان بەبێ سەرۆكی پەرلەمان دەتوانن بەرنامەی كار دابنێنو كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدەن، وەك ئەو دانیشتنەی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا.
پێكهاتەكان لە كوردستان
پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕێی پێدانی ڕۆڵی زیاتر و گەیشتن بە تەواوی مافەكانیان دەكەن، تاوەكو لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردن بەتایبەت لە ناوچەكانی خۆیاندا بەشداربن.
لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان؛ مەسیحی، توركمان، ئێزیدی، شەبەك، كاكەیی، مەندائی و چەندین پێكهاتەی ئایینی دەژین، كە بەپێی یاسا مافەكانیان دانی پێدانراوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست پەرەگراف كەوتون، لە هەرێمی كوردستان زیاترلە 220 هەزار مەسیحی نیشتەجین، زۆرینەش دەكەونە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر.
"لە پێدانی مافەكانماندا لەلایەن هەموو حیزبەكانەوە مافەكانمان دەخورێت و دەستوەردەدنە كاروبارمان، بێبەشیش دەكرێین لە وەرگرتنی پۆستی حكومی، لە دهۆك سەرباری زۆری ژمارەی مەسیحی، بەڵام لە پۆستی باڵای ئیداریدا نین" هەیسەم پترۆس، چالاكوانی مەسیحی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وای وت.
لە ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسیحی وەزیرێكی هەیەو جگە لە سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤیش، لە وەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەرایەتیەكی تایبەت بەو ئایینە كراوەتەوە.
11 كورسییەكەی پەرلەمانیش كە بۆ پێكهاتەكان تەرخانكراوە بە كۆتا، پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەنە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە بڕیاری ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمانی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرد، كە پەیوەستن بە بۆنەی زمان و یادی ڕۆژنامەگەریی ئەو پێكهاتەیە.
هەروەها یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە كوردستان، ساڵی 2015 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە، تێیدا هەر جیاكارییەك دژی پێكهاتەكان بەهۆی جیاوازی نەتەوە و ئاینییەوە قەدەغە دەكات، هەروەها بەپێی كارنامەی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم، پێداگری دەكەن لەو پێكەوەژیانەی هەیە، هەر جیاكارییەك ڕەتدەكەنەوە، جەختیشكراوەتەوە لە ڕۆڵی هەموو پێكهاتەكان.
پەرلەمان خولێكی بەڕێكردووە كە پارتی نایەوێت دووبارە ببێتەوە
خولی پێشووی پەرلەمان ئەزموونێكی جیاواز بوو بۆ هەرێمی كوردستانو بۆ پارتی، كاتێك بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتو سكرتێری پەرلەمان بۆ هێزێكی دیكەی ئۆپۆزسیۆنو جێگری سەرۆك بۆ پارتی بوو.
لەو خولەدا كە تەنها ساڵو نیوێك بەوجۆرە درێژەی كێشا، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانو فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمان، پەیوەندییەكی بەهێزو پتەویان هەبوو، چەندین جار بەبێ واژۆو ڕازیبوونی جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بوو، بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیان دادەناو پڕۆژەیان دەخستە بەرنامەوە بۆ گفتوگۆو پەسەند كردن، ئەوەش پارتی نیگەران كردبوو.
حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەو ماوەیەی پەرلەمان بە سەردەمێكی گرنگو گەشاوە لەقەڵەم دەدەن، بەڵام بۆ پارتی نا، ئەو سەردەمە پڕ سەرئێشەو بەربەست بوو، هەربۆیە تەحەمولی نەكرد ئەو خولە بگاتە كۆتایی تەمەنیو لە گەرمەی ناكۆكییەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، لە مانگی 10ی 2015 ڕێگریی لە سەرۆكی پەرلەمان كرد بچێتەوەسەر كارەكەیو نەك دەرگای پەرلەمان، دەرگای هەولێریشی بەڕوودا داخستو پەرلەمانی بۆ ماوەیەكی درێژ تووشی شەلەل كرد.
ئێستا پارتی دەیەوێت بە كۆنتڕۆڵكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەژموونو خواستەكانی خۆی بسەپێنێت بەسەر ئەو دامەزراوەیەدا كە بەرپرسە لە دەركردنی یاساو چاودێریكردنی حكومەت، ئەو حیزبە دەتوانێت لەكاتی خستنە دەنگدانی پڕۆژە یاساو بڕیارەكاندا بە هاوكاریی پێكهاتەكان تێیپەڕێنێتو فشارو ناڕەزایی لایەنەكانی دیكە نەبنە بەربەست لەبەردەمیدا.