بارزانی سەركێشییەكی دیكەی پێوەدەكات؛ ئایا فوئاد حسێن تامی شكستێكی دیكە دەكات؟

04-06-2020 06:33
مەسعود بارزانی‌و فوئاد حسێن

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

فوئاد حسێن نوێنەرو كەسی یەكەمی مەسعود بارزانی بۆ باڵاترین پۆستی پارتی لە بەغداد، لەبەردەم سەركێشییەكی دیكەدایە‌و لەگەڵ كاندیدكردنی بە فەرمی بۆ وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری پەیوەندیی نێودەوڵەتی، جموجوڵی چەندین پەرلەمانتار لە دژی دەستیان پێكردووەو لۆبیی دەكەن تا لە پەرلەمان شكست‌و كەوتنێكی دیكە ئەزموون بكات‌و بەرەو هەولێر بیگەڕێننەوە.

ئەو كەسە نزیكەی مەسعود بارزانی ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ متمانە وەرگرتن لە پەرلەمان هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر شكستی هێنا لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان تاوەكو لەسەر كورسیی سەرۆك كۆمار دابنیشێت كە ئەوكات بە نوێنەرایەتی بارزانی ڕكابەری بەرهەم ساڵحی دەكرد.

فوئاد حسێن، تاكە وەزیری كابینەی پێشووی عێراقە كە لە كابینەكەی مستەفا كازمیدا دووبارە كاندید كراوەتەوەو پێگەكەی لە وەزیری پێشووی داراییەوە بۆ كاندیدی وەزیری دەرەوە گۆڕاوەو ئەمڕۆ ناوەكەی لەگەڵ ناوی كاندیدانی دیكەی وەزارەتە پڕنەكراوەكان ئاڕاستەی پەرلەمان كراو چاوەڕوانی دەنگ‌و متمانەی پەرلەمانتارانە.

"لەگەڵ كۆمەڵێك پەرلەمانتاری ناوەڕاست‌و باشووری عێراق لۆبیی لە دژی دەكەین، تائێستا نزیكەی 80 پەرلەمانتاری ناوەڕاست‌و باشور بە فەرمی لە دژی فوئاد حسێنن" سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەرەگراف وای وت.

سەركەوت كە بە ئاشكرا دژایەتیی پارتی دەكات، ئەو هەڵوێستەی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە، "یەكەم ئەوەیە دژی ئەوەم پارتی ئەو پۆستە وەربگرێ، چونكە عێراقی وەكو دوژمن سەیر كردووەو وەرگرتنی ئەم پۆستە پێچەوانەی ئەو كەمپین‌و تۆمەتانەیە كە ئاڕاستەی ئێمەومانانی دەكات ئەمە دەبێت ڕابگیرێت".

ئەو پەرلەمانتارە كوردە پرسیاری ئەوە ئاڕاستەی پارتی دەكات؛ كە سیاسەتی دژە عێراق پەیڕەو دەكەیت چۆن سیاسەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەبەیت؟ دەشڵێت "فوئاد خۆی یەكێك بووە لە بانگەشەكارانی ڕیفراندۆمەكەو لە ئەمریكا وتی ئەوە كۆتایی هاتووەو ئێمە مامەڵە لەگەڵ عێراق ناكەینەوە، هەروەها لە وەزارەتی داراییش زۆر فاشیل بووەو تەنها وەزیری پێشووە كە دەیانەوێت بیسەپێنن، تاكە كەسیشە لە كابینەكەدا كە بەڕادەیەكی زۆر نزیكە لە كەسی یەكەمی حیزبێك كە مەسعود بارزانییە".

كابینەكەی مستەفا كازمی دوای تەنگژەیەكی قووڵی سیاسی لە عێراق پێكهات كە تێیدا چەند كەسێكی دیكە سەركەوتوو نەبوون لە پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش لە ژێر فشارو داواكاریی خۆپیشاندەرە عێراقییەكاندا كە داوای حكومەتێكی دوور لە حیزب‌و پڕكردنەوەی وەزارەتەكانیان دەكرد بە كەسانی سەربەخۆو لێهاتوو، بە كاندیدكردنەوەی فوئاد حسێن ڕەنگە كابینەكەی كازمیی ڕوبەڕوی ڕەخنەو ناڕەزایی زیاتری شەقامی ناڕازیی ببێتەوە.

پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی‌و یەكێتی، ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی دیكە كە لە بەغدان‌و بە گروپی 15 ناسراون دەنگ بە فوئاد حسێن نادەن كە پێویستی بە زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی كۆبوونەوەكە دەبێت، هەرچەندە سەرچاوەیەك بە پەرەگرافی وت لەناو یەكێتیشدا چەند پەرلەمانتارێك دەنگی پێنادەن، بەڵام پەرەگراف نەیتوانی ئەوە پشتڕاست بكاتەوە.

لەناو فراكسیۆنە كوردییەكاندا بزووتنەوەی گۆڕان هەرلەسەرەتای متمانەدان بە كابینەكەی كازمیی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند كە دەنگی پێ نادات، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان دەڵێت، لەسەر ئەو هەڵوێستە سوورن‌و دەنگ بە هیچ وەزیرێك نادەن بەوانەی پارتی‌و یەكێتیشیەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بۆ پەرەگراف تەئكیدی لەوە كردەوە لە هەموو ئاستەكاندا ناڕەزایی لە دژی فوئاد حسێن هەیەو لەناو شیعەكاندا ناڕەزاییەكە گەورەترە‌و لەناو سوننەشدا هەیەو كوردیش بەشێكیان دەنگی پێ نادەن، "لەناو سەرجەم كاندیدەكاندا فوئاد حسێن چانسی لە هەموویان لاوازترە".

"وا دەردەكەوێت پارتی لەگەڵ فراكسیۆنەكان گەیشتووەتە ڕێككەوتن كە فوئاد حسێن تێپەڕێت، بەڵام مەرج نییە پەرلەمانتارەكان پابەندی هەڵوێستی فراكسیۆنەكانیان بن، لە پێشووتریشدا ئەوە سەلمێندراوە بۆ نمونە كاتی متمانەدان بە سەرۆك كۆمار پارتی لەگەڵ فراكسیۆنەكان ڕێككەوتبوو دەنگ بە فوئاد حسێن بدەن، بەڵام پەرلەمانتارەكان پابەند نەبوون، هەربۆیە ئێستا لەهەمان سیناریۆ دەترسێت" هۆشیار عەبدوڵا وای وت.

بزووتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پارتیدا هەیەو پێكهێنەرێكی سەرەكیی حكومەتە، بەڵام وادیارە ئەو پەیوەندییە كاریگەریی نییە لەسەر هەڵوێستی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد، هۆشیار عەبدوڵا وتی "ئاگادارنیم بە فەرمی داوا لە فراكسیۆنەكەمان كرابێت دەنگ بە فوئاد حسێن بدەین، بەڵام لەسەر ئاستی حیزبیی بەناوی دروستكردنی یەكڕیزییەكی ساختە بەردەوام ئەو داواینە هەیەو ئەوەش كاریگەریی نییە لەسەر هەڵوێستی ئێمە‌و ڕای ئێمە ڕوونە".

هەرلەسەر ئەم پرسە، پەرەگراف لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی‌و گروپی 15 قسەیكرد، ئەوان ئامادەنەبوون لێدوانی لەبارەوە بدەن، تەنها پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وتی "هێشتا هیچ ڕێنماییەكمان بۆ نەهاتووە بۆ دەنگدان یاخود دەنگ نەدان بە فوئاد حسێن"، لەبارەی هەڵوێستیی كەسیی چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە دژی فوئاد حسێن، ئەو پەرلەمانتار ئاگاداریی ئەوە نەبوو، لەبارەی هەڵوێستی خۆیشی وتی "هێشتا نازانم دەنگی پێدەدەم یاخود نا".

هاوشان لەگەڵ فوئاد حسێندا كە كاندیدی پارتییە، حیزبەكانی دیكەش كاندیدیان هەیە بۆ وەزارەتەكانی دیكە، لەوانەش یەكێتی كە كاندیدی وەزارەتی داد نزیكە لەو حیزبە، بۆئەوەش حیزبەكان پێویستیان بەدەنگی یەكتر هەیە لە پەرلەمان بۆ دەرچواندنی كاندیدەكانیان‌و لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆو ڕێككەوتن دەكەن.

"ڕیزبەندیی خستنە دەنگدانی كاندیدەكان لەناو پەرلەمان زۆر گرنگە، بۆ نمونە؛ ئەگەر سەرەتا فوئاد حسێن كە كاندیدی پارتییە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوە لایەنەكان زیاتر ناچار دەبن دەنگی پێبدەن بۆئەوەی پارتیش دواتر دەنگ بە كاندیدانی لایەنەكانی دیكە بدات، چونكە ئەگەر فوئاد حسێن بخرێتە كۆتایی‌و كاندیدەكانی دیكە یەكلایی بووبنەوە ئەوە چانسی لاوازتر دەبێت" پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وای وت، ئەوەشی ڕەتكردەوە كە لە ڕووی یاساییەوە بتوانرێت سەرجەم كاندیدەكان پێكەوە بخرێنە دەنگدانەوە.

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگاداری ناو پارتی زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە كە پارتی خۆیشی هەستی بە "مەترسیی دەرنەچوونی فوئاد حسێن" كردووە، بۆئەوەش ئامادەكاریی كردووەو كاندیدی دیكەی ئامادەیە بۆ شوێنگرتنەوەی، بەڵام هەوڵی تەواوی پارتی‌و مەسعود بارزانی بۆ دەرچواندنی فوئاد حسێنەو بەردەوامن لە گفتوگۆو هەوڵی ڕازیكردنی لایەنە عەرەبییەكان بۆئەوەی دەنگی پێ بدەن.

ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی دژی فوئاد حسێن وەستاونەتەوە پێیان باشە كوردێكی سەربەخۆ ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆئەوەش ئامادەن لۆبیی بۆ بكەن‌و چەندین كاندیدی جیاوازیان لەبەردەستە، بەڵام بەوپێیەی پارتی وەك ئیستیحقاقی حیزبیی خۆی تەماشای دەكات، ئەوە ڕوونادات كە كوردێكی سەربەخۆ ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت.

بە هەڵسەنگاندنێكی گشتیی دۆخەكە، ئایا فوئاد حسێن لە پەرلەمان دەردەچێت؟ پەرەگراف ئەم پرسیارەی ڕوبەڕوی سەركەوت شەمسەدین كردەوەو لە وەڵامدا وتی "نیوە بە نیوە ئەگەری دەرچوون‌و دەرنەچوونی هەیەو پێموایە ئەمە سەركێشییەكی گەورەیە بە ئینكاریی‌و كەلـلەڕەقی خودی مەسعود بارزانی".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كرد، ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو كاریگەرییان هەیە لەسەر ئەنجامی كۆتایی‌و ئەگەر زیاتر لە 250 پەرلەمانتار ئامادەبن ئەوە لەبەرژەوەندیی فوئاد حسێنە، بە پێچەوانەوە لەبەرژەوەندیی نییەو ئەگەری دەرنەچوونی زیاتر دەبێت.