یەكێتی لە دەستی لاهوردا؛ قوباد تاڵەبانی "نیگەرانە"

23-06-2020 11:09

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

بڕیارەكەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی مووچەی ئەم مانگە، یەكەم ناكۆكیی ئاشكرای لە دوای كۆنگرەی یەكێتی دەرخست، ناكۆكییەكە لە ئاستی لوتكەو لە نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتیدایە، بافڵ تاڵەبانی‌و قوبادی برای لەبەرەیەك‌و لاهور شێخ جەنگیی لەبەرەی بەرامبەرە.

شەوی ڕابردوو مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە كۆبوونەوەیەكی پڕ لە مشتومڕی ئەنجامدا، لە نێوان ڕەخنەی بەشێك لە مەكتەبی سیاسی لە تیمی حكومەتیان‌و بەرگریی‌و وەڵامدانەوەی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی‌و جێگری سەرۆكوەزیران، پرسی كشانەوە لە حكومەت خراوەتەسەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام بەبێ هیچ بڕیارێك كۆبوونەوەكە كۆتایی هاتووە.

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە، قوباد تاڵەبانی "پەیامی نیگەرانیی" بە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی گەیاندووە لە بارەی كاردانەوەی خێرای چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و دژ وەستانەوەیان بەڕووی بڕیارەكەی حكومەتدا.

"پەیامی كاك قوباد بۆ مەكتەبی سیاسی ئەوەبووە، هەندێك لەناو یەكێتی دژی كابینەی حكومەتن‌و هەموو شتێك دەقۆزنەوە بۆ لێدان لە كابینەكە، ئەوەش فشارخستنەسەر ئەو و تیمی حكومەتەو جۆرێكە لە موزایەدەكردن بە شتێكەوە كە ڕەوایەو مافی مووچەخۆران‌و خەڵكی كوردستانە، بەڵام دۆخی دارایی حكومەت لەبارنییەو ڕێگەچارەی دیكەیان نەبووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو، لە وەڵامی ڕەخنەكاندا، پەیامی قوباد تاڵەبانی ئەوە بووە، "یان قبوڵكردنی ئەم دۆخەو مانەوە لە حكومەت، یان ڕەتكردنەوەو چوونە دەرەوە لە حكومەت".

بەهۆی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و بەتایبەت نێوانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، هەر لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتی وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەون‌و قسە دەكەن، پرسی كەمكردنەوەی مووچەش كە ڕەخنەیەكی زۆری ڕوبەڕوی حكومەت كردووەتەوە، دەرفەتێكی دیكەو هاوسۆزییە لەگەڵ خەڵك‌و مووچەخۆران لەلایەن ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی بۆ لێدان لە حكومەت.

چەند كاتژمێرێك دوای كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، درەنگانی شەوی ڕابردوو میدیاكانی ئەوحیزبە بەیاننامەیەكیان بەناوی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان بڵاوكردەوە، بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی‌و هەڵوێستەكانی پێشوویان، بەیاننامەكە دژایەتیی و ڕەتكردنەوەی بڕیارەكەی حكومەت نەبوو، پشتیوانیی بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت ڕاگەیاند بۆ بەشدارییان لە بڕیارەكەی حكومەت‌و تێیدا ئەوە خرابووە ڕوو كە حكومەت "لە ناچاریدا" ئەو هەنگاوەی ناوە.

ئەو بەیاننامەیە كە "بە ڕەزامەندیی بافڵ تاڵەبانی بڵاوكرابووەوە"، چەند كاتژمێرێك لە میدیاكانی یەكێتیدا مایەوەو دواتر لابرا، تویتێكی لاهور شێخ جەنگی شوێنی گرتەوە كە تەواو پێچەوانەی ناوەڕۆكی ئەو بەیاننامەیە بوو، بەوەش لاهور شێخ جەنگی هێزو هەژموونی خۆیی بەسەر یەكێتییەوە سەلماند.

لاهور شێخ جەنگی لە تویتەكەیدا دەڵێت، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوەو ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگاتە ڕێككەوتن، شەفافییەتی نەبێت لە خەرجی و داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری مووچە بڕین.

"هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان و حكومەت و، هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێ لە بژاردەكانمان" لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت.

بەرپرسێكی یەكێتی لەبارەی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی‌و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی، بە پەرەگرافی وت "بەهۆی درەنگ كەوتنی نووسینیەوە، ڕەشنوسی كۆتایی بەیاننامەكە كاك لاهور نەیبینیوەو دواتر كە بینیویەتی بە گونجاوی نەزانیوەو لابراوە، هەرچەندە ناوەڕۆكی بەیاننامەكە ڕەنگدانەوەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بووە، بەڵام دەبوو لە شێوازی نووسین‌و داڕشتنیدا ڕەچاوی دۆخی گوزەرانی خەڵك‌و چاوەڕوانییەكان لە یەكێتی بكرایە".

لابردنی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە جۆرێك بوو لە پشتیوانیی‌و لەبەرژەوەندیی قوباد تاڵەبانی بوو، لە كاتێكدا بوو كە تاڵەبانی بە سەرۆكایەتی شاندێك بەڕێگاوە بوو بۆ بەغداد بە مەبەستی گفتوگۆو گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی، ئەوەش هەمان داواكارییە كە لاهور شێخ جەنگی لە تویتەكەیدا ئاماژەی پێكردووە.

بڕیارە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر هەمان پرس كۆببێتەوە، هەربۆیە ئەگەر بافڵ‌و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی نەگەنە لێكتێگەیشتن، پێناچێت بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت.

"زۆرینەی ئەنجومەنەكە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدان‌و هەڵوێست وەرگرتن‌و ڕاوبۆچوونیان هاوشێوەی ئەوە، ئەگەر بە دەنگدان بڕیارو هەڵوێستەكان یەكلایی بكرێنەوە چارەنووسی ئاڕاستەی كوڕەكانی مام جەلال لە سەركردایەتیدا باش نابێت‌و بە پێچەوانەی خواستی ئەوان بڕیار دەدرێت" ئەمە وتەی سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتییە بۆ پەرەگراف.

ئێستا كە قوباد تاڵەبانی لە بەغداد لە گفتوگۆی چڕدایە بۆ ڕێككەوتن‌و دابینكردنی مووچە، ئەنجامی ئەو سەردانەی‌و سەركەوتنی، كاریگەریی تەواوی دەبێت لەسەر هەڵوێستی حیزبەكەی بەجۆرێك دواجار لە بەرژەوەندیی پشتیوانیی تیمی یەكێتی بشكێتەوە لەناو حكومەتی هەرێم، بۆئەوەش لاهور شێخ جەنگی ڕەچاوی ئەگەرێكی لەو جۆرەی كردووەو لە تویتەكەیدا بەرلەوەی باس لە بژاردەی هەڵپەساردنی بەشداریی لە پەرلەمان‌و حكومەت بكات، باسی لە ئەگەری ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد كردووە.