ئازاد بە مراز نەگەیشت؛ چیرۆكی ئەو گەنجەی فڕۆكەكانی توركیا لە شیلادزێ شەهیدیان كرد

14-07-2020 03:53
ئازاد، 19ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە بۆردومانی فڕۆكەیەكی توركیا شەهید بوو.

پەرەگراف

ئەو ڕۆژەی موشەكەكەی توركیا بەر ئۆتۆمبێلەكەیان كەوت، هەینی و كاتی پشوودانی خەڵك بوو، بەڵام نەك بۆ ئازاد و هاوڕێ كرێكارەكانی.

لەگەڵ تەواوبونی كاری ئەو ڕۆژەدا، ئازاد 15 هەزار دیناری حەقدەستی دەخاتە گیرفانی شەرواڵە خۆڵاوییەكەیەوەو بەڕێدەكەون بۆ گەلی باڵندە، تا بەر لە گەڕانەوە كەمێك لە ماندوێتی كرێكاریی ئەو ڕۆژە كەمبكەنەوە.

ئازاد لەو ڕۆژانەدا زیاتر لە هەر كاتێك كرێكاری دەكرد، لە پشوەكانیشدا دانەدەنیشت، چونكە زۆر نزیك بوو بە مرازی خۆی بگات.

"لەسەر داوای خۆی داوای كچێكی خزممان بۆ كردبوو، تا ببێتە هاوسەری، دوو ڕۆژ دوای بۆردومانەكە كاتی مارەبڕینەكەی بوو، بەڵام قیسمەت نەبوو، توركیا نەیهێشت بە مرازی خۆی بگات" مەهدی شاجی، وای وت.

مەهدی باوكی ئازادە، لەتاو ئازاری لەدەستدانی كوڕەكەی ئۆقرەی لێ بڕاوەو هەر دەگری، ئەو لە باسی ئەو ڕۆژەدا بۆ پەرەگراف وتی "لەگەڵ هاوڕێ كرێكارەكانیدا چونە سەر كار، بلۆكیان بۆ خانویەك سەردەخست، دوای تەواوبونی كارەكەو وەرگرتنی 15 هەزار دیناری ئەو ڕۆژە، دەیانویست بگەڕێنەوە ماڵەوە".

لەوكاتەدا ئازادو هاوڕێكانی بڕیاردەدەن هەر بە جلوبەرگی كرێكارییەوە بچنە سەیرانگەی گەلی باڵندە، چونكە هەینییە و خەڵك بۆ كاتبەسەربردن دەچنە ئەو شوێنە.

هەینی بوو، 19ی حوزەیرانی 2020، فڕۆكەیەكی جەنگیی توركیا بە موشەكێك ئەو ئۆتۆمبێلە دەكاتە ئامانج كە سەرنیشنەكانی مەدەنی بوون، ئەوانیش ئازاد و هاوڕێیەكانی بوون.

لەو بۆردومانەی توركیادا ئازاد و سێ هاوڕێی شەهید بوون.

بۆردومانەكە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی توركیادا بوو، كە لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە دەستیپێكردووە، سەرەتا بە بۆردومان و دواتر بە هێرشی زەمینی، بە ئێستاشەوە شەڕ لە چەند ناوچەیەكی بادینان لە نێوان جەندرمەی تورك و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)دا بەردەوامە.

ئەو ڕۆژەی ئازاد شەهید بوو، مەهدی باوكی لە بازاڕ بوو، كەسێك لەڕێی تەلەفۆنەوە هەواڵی كوڕەكەی دەپرسێت، "وتم چۆتە كرێكاری خێرە لێی دەپرسی؟، وتی توركیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێكی كردووە لە گەلی باڵندە و چەند كەسێك شەهید بون".

دەستبەجێ مەهدی شاجێ بەڕێدەكەوێت بۆ نەخۆشخانەی شیلادزێ، لەوێ پێیدەڵێن كوڕی ئەو لەناو شەهیدەكاندا نییە، "دایكی ئازاد و خوشكەكانی بەپێخاوسی و بەپەلە چوونە شوێنی ڕووداوەكە، من هەر لە نەخۆشخانە مامەوە، چاوەڕێی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بوین لە شوێنی ڕووداوەكەوە بگەن".

نەخۆشخانە جمەی دەهات، پەیتا پەیتا خەڵك لە ئازیزانیان دەپرسی، نەبادا لە بۆردومانەكەدا شەهید بووبن، لەوكاتەدا زەنگی مۆبایلەكەی مەهدی لێیدا، "وتی تۆ باوكی ئازادی، وتم بەڵێ، وتی ئەگەر هەڵەنەبین تەرمی كوڕەكەت لە نەخۆشخانەی ئامێدییە". مەهدی دەڵێت، پێش ئەوەی وەڵامی پەیوەندییەكە بداتەوە وەك ئەوەی زانیبێتی هەواڵێكی ناخۆشی پێدەگات لە پەلوپۆ كەوتووە.

ڕێگای نێوان ئامێدی و شیلادزێ، نزیكەی یەك كاتژمێرە، دەستبەحێ مەهدی بەڕێدەكەوێت و لەوێ تەرمی ئازاد دەبینێت.

"بەهۆی بۆردومانەكەوە دەست و قاچەكانی نەمابوو، سەرو دەموچاوی تێكچوبوو، بەڵام هەر ناسیمەوە، ئاخر ئەوە جەرگی منە".

ئازاد دوەم كوڕی ماڵەكەیە، سێ برا و سێ خوشكی هەیە، باوكی پێشمەرگەیە.

"بەهۆی هەژارییەوە ئازاد لە 12 ساڵییەوە شوانی مەڕ بوو، دواتر دەچووە چیا بۆ كۆكردنەوەی دار و ئاژەڵداری، هەندێكجاریش كرێكاری دەكرد".

"كوڕە هەژار و بێ نازەكەم تا لە ژیان ڕۆیشت خۆشیی نەبینی" مەهدی شاجی، باوكی ئازاد وای وت.

مەرگی ئازاد و دەیان هاوڵاتی تری مەدەنی لە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدایە تائێستاش توركیا بە فەرمی نكۆڵی لەوەدەكات لە ئۆپەراسیۆنەكانیاندا هاوڵاتی مەدەنی بكەنە ئامانج.

پەیبەر ئەڕتیسی، مامۆستای مێژوە و لە ساڵی 1996ـەوە ئاماری قوربانیانی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە تۆماردەكات لە شیلادزێ، ئەو بە پەرەگرافی وت "لەوكاتەوە تائێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی زەمینی‌و بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیاوە 49 هاوڵاتی شیلادزێ شەهیدبوون، لەگەڵ برینداربونی نزیكەی 20 هاوڵاتی، جگە لەوەی 18 ژن بەهۆی بۆردومان و دەنگی تۆپبارانەوە منداڵەكانی ناوسكیان لەدەستداوە".

هەر لەو ماوەیەدا و بەپێی ئامارە تۆماركراوەكانی لای ئەو مامۆستایە، هەشت هاوڵاتی بێسەروشوێن بون، خەڵكێكیش هەیە بە دەنگی بۆردومان‌و ترس‌و دڵەڕاوكێ گیانیلەدەستداوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ "سەركۆنەی شەهیدكردن‌و زیان گەیاندن بە هاووڵاتییان"، ڕووی دەمی كردۆتە توركیا و پەكەكە، بە یەك ئاست داوایان لێدەكات پشێوی نەهێننە خاكی هەرێمەوە.

پەیبەر ئەڕتیسی دەڵێت، زۆربەی شەهیدانی مەدەنی دەكەونە سێ ساڵی ڕابردوو، كە 27 هاوڵاتی بون، "بۆردومانەكانی توركیا لە شیلادزێ كارەساتیان دروستكردووە، بەشێك لەو كەسانەی شەهید بوون جەستەیان پارچەپارچە بووە بەهۆی بۆردومانەوە یان بە تەواوی سوتاون".

تەنیا لە شیلادزێ نییە، لە ناوچەكانی مەخمور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیل دەیان هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید و برینداربون.

ڕاپۆرتێكی شیكاریی دەریدەخات كە لەماوەی پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2020، تەنها لەسەدا 23ی پێدادانەكانی پەكەكەو دەوڵەتی توركیا لەناوی خاكی توركیادا بوون، لەسەدا 77ی پێكدادانەكان لە خاكی هەرێمی كوردستانی عێراقدا ڕوویانداوە.

ڕاپۆرتەكە لەلایەن ئادەم میلەر بۆ "پڕۆژەی شوێن و كاتی پێكدادانە چەكدارییەكان" ئامادەكراوە و شەڕ و پێكدادانەكانی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵی پەكەكە و توركیا لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا بەراورد كراوە. بەپێی ئامارەكانی توركیا، تەنها لەماوی دوو هەفتەی سەرەتای دەستپێكردنی نوێترین ئۆپەراسیۆنی توركیا لە هەرێمی كوردستان، ژمارەی بنكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە لە هەرێمدا لە 24ەوە بۆ 26 زیادیان كردووە.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم، لە 1995ـەوە چەندین بنكەی سەربازیی لە هەرێم دامەزراندووە.

شەڕی سەخت لە نێوان توركیا و پەكەكە زیاتر لە ناوچەی هەفتانین چڕبۆتەوە.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل –نەپەگە- لە دوایین هەڵوێستدا بە میدیاكانی نزیك لە پەكەكەی ڕاگەیاند، پلانی توركیا داگیركردنی باشوری كوردستانە و هەر ناوچەیەك بگرێت باجێكی زۆر قورس دەدات.

سەرباری هۆشدارییەكانی عێراق‌ و دووجار بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغداد، ئەنقەرە سورە لەسەر هێرش ‌و پەلامارەكانی لە هەرێمی كوردستانەوە دژی پەكەكە و دەڵێت، بنكەی سەربازیی زیاتریش لە هەرێم دادەمەزرێنێت.