توركیا دوو هەزار جەندرمە دەنێرێتە دهۆك

21-07-2020 06:24
بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی ئاڤاشین لە بادینان، ئەفسەرێكی بنكەكە چاودێریی ناوچەكەو جوڵەی گەریلاكانی پەكەكە دەكات. وێنە؛ گێتی ئیمەیج/ ئەنادۆڵی توركی

پەرەگراف

حكومەتی توركیا، زیاتر لە دوو هەزار جەندرمە و كارمەندی میتی ناردۆتە پارێزگای دهۆك، تا لە سەربازگە جێگیرەكانیەوە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بكەن.

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا، لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستیپێكردووە، سەرەتا بە بۆردومانی ئاسمانی و ئێستاش بە زەمینی لە چەندین ناوچەی سنوری بادینانەوە لەگەڵ گەریلای پەكەكەدا كەوتونەتە شەڕەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هێزە ئەمنییەكانی دهۆك، زانیاری وردی لەسەر بەزاندنی خاكی هەرێم لەلایەن توركیاوە بۆ پەرەگراف ئاشكراكرد و وتی "تەنیا لە بادینان نزیكەی 20 بنكەو بارەگای گەورەی سەربازیی توركیا هەن و جەندرمەیان تێدا جێگیركراون".

بەشێك لە سەرباز و بارەگاكانی توركیا، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لە ساڵانی نەوەدەكاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی لە دژی یەكێتی، ڕویانكردە هەرێم و دواتر نەگەڕانەوە.

سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت، گەورەترین بارەگای سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان، دەكەوێتە بادینان و ناوی (سەربازگەی بارۆخێ)ـیە، لە نزیك ناحیەی كانی ماسێ، بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە سنوری پارێزگای دهۆك.

تەنیا لەو سەربازگەیەدا، توركیا "زیاتر لە هەزار و 500 جەندرمەو میتی جێگیركردووە، بەوپێیەی شوێنێكی ستراتیژییە".

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، چەندین تۆپ ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

بەوتەی سەرچاوەكە لە فڕۆكەخانەی ناحیەی بامەڕنێ لە قەزای ئامێدی، زیاتر لە 400 جەندرمە و كارمەندی هەواڵگری توركیا و چەندین زرێپۆش جێگیركراون.

سەرباری هۆشدارییەكانی عێراق‌ و دووجار بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغداد، ئەنقەرە سورە لەسەر هێرش ‌و پەلامارەكانی لە هەرێمی كوردستانەوە دژی پەكەكە و دەڵێت، بنكەی سەربازیی زیاتریش لە هەرێم دادەمەزرێنێت.

شەڕی سەخت لە نێوان توركیا و پەكەكە زیاتر لە ناوچەی هەفتانین چڕبۆتەوە.

سەرچاوە ئەمنییەكەی دهۆك ئاشكرایكرد كە 11 سەربازگەی تری توركیا بە درێژای سنوری چیای هەفتانین لە ناوچەی گۆللی و سندی لە قەزای زاخۆ درێژبونەتەوە تا دەگاتە سنوری ناوچەی بارزان.

هەروەها وتی "لە نێوان ئەم سەربازگانەدا، دەروازە كراوەتەوە لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، تەنیا بۆ هاتوچۆی سەربازەكانی توركیا"، ئەو دەروازەیە دەكەوێتە ناحیەی كانی ماسێ لە دیوی هەرێمی كوردستان و ناحیەی چەلێ لە دیوی باكوری كوردستانەوە.

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی و سەختن؛ تۆپ ‌و تانك ‌و فڕۆكەی جەنگیی ‌و چەكی جۆراوجۆر بەكاردێن لە ئۆپەراسیۆنەكەدا.

سەربازگەكانی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە سنوری بادینان؛ سەربازگەی باتۆفا لەناحیەی باتۆفای زاخۆ، سەربازگەی كریبێ لە زاخۆ، سەربازگەی سینكی لە بارزان، سەربازگەی سیریێ لە بارزان، سەربازگەی كوپكی لە ئامێدی، سەربازگەی قومری لەناوچەی بەرواری باڵا، سەربازگەی كۆخێ سپی لە ئامێدی، سەربازگەی دەرێ لە ئامێدی، سەربازگەی گەلی زاخۆ، سەربازگەی هەواڵگری لە ناو ئامێدی، ئەمانەو چەندین سەربازگەی دیكەن وەك لە نزیك باشیك لە نەینەوا و ناوچەكانی تر.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانەی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی ئەنكەرە، لێپرسراوانی كورد هەركاتێك باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن؛ پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بە تەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل –نەپەگە- لە دوایین هەڵوێستدا بە میدیاكانی نزیك لە پەكەكەی ڕاگەیاند، پلانی توركیا داگیركردنی باشوری كوردستانە و هەر ناوچەیەك بگرێت باجێكی زۆر قورس دەدات.

گەریلاكانی پەكەكە، زیاتر لە 20 ساڵە، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی یەكێتی و پارتییەوە، ڕویانكردۆتە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان و لەوكاتە بە دواوە، لەگەڵ بەشێك لە حیزبە كوردییەكانی باشوری كوردستان كەوتنە شەڕەوەو بە هێنانی هێزی زیاتر، لە ناوچەیەكی بەرفراواندا جێگیربوون.

سنوری حوكمڕانی پەكەكە، ناونراوە بە هەرێمی پاراستنی میدیا، ئەوان دەكەونە ناوچەی قەندیل، لە كوێستانەكانی زنجیرە چیای زاگرۆس، كە هاوسنوری نێوان هەرسێ پارچەی باشور، باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە.

قەندیل، ناوچەیەكی سەختی شاخاویی بەرزە، پێشتریش پەناگەی زۆربەی شۆڕشەكانی كورد بووە و لە ئێستادا دەسەڵاتی حوكمڕانی حكومەتەكانی هەرێم و عێراقیشی پێناگات.

پەرلەمانی كوردستان، بڕیارێكی لە ساڵانی ڕابردودا دەركردوە تا حكومەتی هەرێم، توركیا ناچاربكات بنكە سەربازییەكانی لە خاكی هەرێمی كوردستان بباتە دەرەوە، بەڵام بڕیارەكە تەنیا وەك مەرەكەبی سەر كاغەز ماوەتەوە.

بەهۆی هێرشەكانی توركیا بە پاساوی ڕاوەدونانی پەكەكە، لە 1996ـەوە نزیكەی 400 گوندی ناوچە سنورییەكانی بادینان چۆڵبون، خەڵك ئاوارە بون و دەیان كەسیش بە بۆردومانی ئاسمانیی شەهیدو بریندار بوون.

جگە لە هێرشەكانی بۆ سەر قەندیل، لە دوو ساڵی ڕابردوودا توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە لە چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێم پەكەكەی كردووەتە ئامانج، وەك؛ لە سلێمانی، زینی وەرتێ‌و كەمپی مەخمور، لە هەندێكیاندا خەڵكانی مەدەنیش بوونەتە قوربانیی.