ڕێواز فایەق لەژێر فشاردایە؛ دەتوانێت ستۆپ بە پارتی بكات؟

23-07-2020 10:30
ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانن

پەرەگراف

چاوەكان لەسەر هەڵوێستی ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانن بۆ ڕاگرتنی هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە چۆنی بوێت بەو جۆرە پەرلەمان ئاڕاستە دەكات، هەندێك گومانیان هەیە بێدەنگیی ڕێواز فایەق "تەنازول" بێت بۆ پارتی، خۆیشی هێشتا بێدەنگە لەوبارەیەوە.

لە نوێترین پێشهاتدا ئەمڕۆ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد بۆ كۆبوونەوە لە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوودا، لە كاتێكدا ئەو بانگهێشتە لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەماندایەو سەرۆك خۆی لەناو بینای پەرلەمان بووە لە شاری هەولێر، ئەو مامەڵەیەی پارتی ڕێوازی فایەقی خستووەتە ژێر ڕەخنەو فشارو داوای هەڵوێستی لێدەكرێت.

لە بانگهێشتەكەیدا هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە كردووە بەپێی حوكمی بڕگەی یەكەم لە ماددەی 19ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەكات، ئەو ماددەیە لە پەیڕەوی ناوخۆ تایبەتە بە ئەرك‌و دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان‌و بڕگەی یەكەمی دەڵێت "پیادەكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی سەرۆك، لەكاتی ئامادەنەبوونیدا"، بەو پێیەش حسابی ئامادەنەبوو بۆ سەرۆكی پەرلەمان كراوە، لەكاتێكدا بە فیعلیی ئامادەبووەو لە پەرلەمان بووە.

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، داوای ڕوونكردنەوە لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات لەبارەی بانگهێشتەكەی هێمن هەورامی، "ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان تەخویلێكی بۆ جێگری سەرۆك كردبێت‌و بڵێت لە هەولێر یان لە كوردستان نیم ئەوە دەكرێت، بەڵام بەبێ ئەو تەخویلە جێگرەكەی ناتوانێت بانگهێشتی ئەندامان بكات بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، هیوادارین سەرۆكی پەرلەمان خۆی ڕوونكردنەوە بدات بۆئەوەی وەكو پرسی پارێزبەندییەكەی لێ نەیەت".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان تەئكید لەوەش دەكاتەوە، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە ڕوونی دەڵێت، سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامان دەكات بۆ كۆبوونەوە، "لەكاتێكدا جێگر دەتوانێت كە سەرۆك لە پەرلەمان نەبێ‌و لە دەرەوەی وڵات بێت.. ئەمە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانەو دەبێت خۆی قسەی جددی لەبارەوە بكات".

بە ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان هەڵوێستەكەی سەركردایەتی یەكێتی بێكاریگەر دەبێت كە بە ئامانجی فشارخستنەسەر پارتی بەشداریی فراكسیۆنەكەی‌و سەرۆكی پەرلەمانی لە كۆبوونەوەكان هەڵپەساردووە.

بەرلەوەی  پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەم خولەی پەرلەمان دابەشبكرێن، پەرەگراف پلانی پارتی ئاشكرا كرد كە دەیەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا بەبێ خواستی ئەو هیچ یاساو بڕیارێك لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچێت بەتایبەت لە پرسە گرنگ‌و هەستیارەكاندا، بۆئەوەش پشت بە پێكهاتەكان دەبەستێت لەناو پەرلەمان، لەو چوارچێوەیەدا پۆستی دووەمی دەستەی سەرۆكایەتی بۆ خۆی‌و سێیەمی بۆ پێكهاتەی توركمان دەوێت، بەوەش قۆڵبەستی سەرۆكی پەرلەمان دەكات لەم خولەدا.

ئەوە یەكەمجار نییە پارتی لەم خولەدا پەرلەمان ئاڕاستە بكات بۆ جێبەجێكردنی خواستەكانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی سەرۆكی پەرلەمان لە كاتێكدا ئامادەیی هەیە لەناو بینای پەرلەمان‌و شاری هەولێر، پێشتریش لە پرسی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە.

سۆران عومەر كە نووسراوی دەستلەكار كێشانەوەی پێشكەشی پەرلەمان كردووەو بڕیارە لە دانیشتنەكەی یەك شەممەدا بخرێتە دەنگدانەوە، ئەمڕۆ لە كاردانەوەی بانگهێشتەكەی هێمن هەورامیدا بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی ڕێواز فایەق كرد.

"ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان ڕەدی نەكاتەوەو ڕاینەگرێ مانایەك بۆ بونی سەرۆكی پەرلەمان نەهێڵراوە، هەرچەندە سەرۆكی پەرلەمان لە هەڵگرتنی پارێزبەندی بەندەدا ئەوكات تەنازولی لە دەسەڵاتەكانی كردبوو بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان تاكو پارتی بەرنامەی كار دابنێ و پارێزبەندی هەڵگرێ! هەمان سیناریۆ دوبارە دەبێتەوە، گەر سەرۆكی پەرلەمان خۆی تەنازولی نایاسایی بۆ جێگر نەكردوە ئەبێ ئەم بێ ڕێزیە بە دەسەڵاتەكانی لەسەر كاغەز قبوڵ نەكات! بەداخەوە ئەوكاتە تەنازولی كرد كە منی تەسلیم بە پارتی كردو بۆشی ڕێك نەكرایەوە!" سۆران عومەر لە فەیسبووك وای نووسیوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەستلەكار كێشاوەیەی كۆمەڵی ئیسلامی، دەشڵێت "لەسایەی ئەم سەرۆكی پەرلەمان و جێگرە، ئەو كەمە شكۆو دەسەڵاتە و هیوایەی پەرلەمان ئەگەر مابوبێت ئەوەشیان نەهێشت! هەر فراكسیۆنێكیش بەدەم بانگهێشتی نایاسایی جێگرەوە بچێ واتە شەرعیەت دەدا بە كودەتای سپی پارتی بەسەر پەرلەمان و زۆرینە موزەیەفەكەی".

سۆران عومەر ئەو هەنگاوەی پارتی بە لێدانی "دوا بزمار لە تابوتی پەرلەمان" لە قەڵەم دەدات‌و داواش لە یەكێتی دەكات "حەق و حسابێك لەگەڵ ئەم سەرۆكی پەرلەمانە بكات كە ئاوای لە پەرلەمان كرد!".

تەنها لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان نین كە ڕەخنەیان لە ئەدای پەرلەمان‌و دەستەی سەرۆكایەتی هەیە، فراكسیۆنی گۆڕانیش كە بەشێكە لە دەسەڵا‌و بەشدارە لە حكومەت، ئۆباڵی خراپیی ئەدای پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی دەستەی سەرۆكایەتی كە پێكدێن لە؛ سەرۆك یەكێتی، جێگری سەرۆك پارتی‌و سكرتێری پەرلەمان پێكهاتەی توركمان(نزیك‌و لە ژێر هەژموونی پارتیدایە).

بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ پارتی‌و كۆنەبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب، یەكێتی بەشداریی فراكسیۆنەكەی‌و سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەكان هەڵپەساردووە، هێشتا دیارنییە فراكسیۆنەكانی دیكە بەشداریی كۆبوونەوەكەی یەكشەممەی داهاتوو دەكەن لەگەڵ پارتیدا یاخود نا.

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی كە بڕیاری هەڵپەساردنی بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی تێدا درا، مشتومڕی زۆر بەخۆیەوە بینیوە، هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و فراكسیۆنی یەكێتی كراوە، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان ڕوبەڕوی ڕەخنە بووەتەوە.

"ڕەخنەكان بەو ئاڕاستەیە بووە كە سەرۆكی پەرلەمان ئەدایەكی لاوازی هەیە بەرامبەر بە پارتی لە پەرلەمان، وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانیش ئەوەبووە كە پارتی زۆرینەیە لە پەرلەمان‌و جێگری سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانیشی هەیەو دەتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆك چییان بوێت تێی پەڕێنن"، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە وادەڵێت.

بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی یەكشەممەی پەرلەماندا چەند پرسێكی جیاواز تاوتوێ بكرێن‌و چەند وەزیرێكی حكومەتی هەرێم ئامادە دەبن، لەوانە؛ وەزیری ناوخۆ، تەندروستی، دارایی و ئابووری، پلاندان و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانووستاندن لەنێوان هەرێم و بەغداد.