دلۆڤان؛ جوانەمەرگێكی دیكەی بۆردومانی توركیا لە بامەڕنێ

30-07-2020 08:15
وێنەی دلۆڤان‌و ئۆتۆمبێلەكەیان كە لە بۆردوومانەكەدا سووتا.

پەرەگراف

ئەوكاتەی مامی گەیشت، هێشتا ئۆتۆمبێلەكەی دلۆڤان و هاوڕێیەكەی دەسوتا، تەرمەكانیان لە یەكتری جیانەدەكرانەوە، بەهۆی بەهێزیی بۆردومانەكەوە.

ئەو بۆردومانەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، 26ی ئەم مانگە لە ناوچەی بامەڕنێی ئامێدی بوو لە دەڤەری بادینان، وەك هەموو جارێكیتر، بە پاساوی ڕاوەدونانی گەریلاكانی پەكەكە.

"وەڵا دلۆڤان دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە لایەنە سیاسییەكانەوە نەبوو، بە پەكەكەشەوە، تەنیا كاری جوتیاریی خۆی دەكرد"، مامی دلۆڤان بۆ پەرەگراف وای وت.

دلۆڤان عومەر شاهین، تەمەن 30 ساڵ، بەهۆی بۆردومانەكەوە جوانەمەرگ بوو، دوای خۆیشی هاوسەر و دوو منداڵی بەجێهێشت، كوڕ و كچێك، كە تەمەنی گەورەكەیان ناگاتە سێ ساڵ.

هاشم عومەر، مامی دلۆڤان یەكەم كەس بووە چۆتە شوێنی ڕووداوەكە، دەڵێت "دوو كەس لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سوتابون، كەس نەیانی دەناسییەوە، بەهۆی زۆریی سوتانی جەستەیانەوە، بە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەدا دڵنیابوینەوە خۆیانن".

بۆردومانەكە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكی توركیادا بوو، كە لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە دەستیپێكردووە، سەرەتا بە بۆردومان و دواتر بە هێرشی زەمینی، بە ئێستاشەوە شەڕ لە چەند ناوچەیەكی بادینان لە نێوان جەندرمەی تورك و گەریلاكانی پەكەكەدا بەردەوامە.

ئەوە لە كاتێكدایە تائێستاش توركیا بە فەرمی نكۆڵی لەوەدەكات لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا هاووڵاتی مەدەنی بكاتە ئامانج.

"دلۆڤان هیچ پەیوەندییەكی بە پەكەكەوە نەبوو، ئەو ڕۆژە لەگەڵ خێزانەكەیدا چوبوە ماڵی خەزوری لە ناحیەی بامەڕنێ" بەوتەی مامی.

هاشم عومەر وتیشی "دلۆڤان مەوعیدی هەبوو لەگەڵ هاوڕێیەكی بچێتە شوێنێك، برایەكی كێشەی كۆمەڵایەتی هەبوو، لە زیندان بوو، دەیوست لەڕێی كەسێكەوە هەوڵی ئازادكردن و چارەسەركردنی كێشەكەی بدات".

"دوای خواحافیزی لە خێزان و ماڵە خەزوری، لەگەڵ هاوڕێیەكەی دەگاتە شوێنی مەبەست، كاتێك ڕادەوەستن، فڕۆكەی توركیا بۆردومانیان دەكات"، مامی دلۆڤان جەختیكردەوە لە شوێنی بۆردومانەكە نە بارەگا و نە هیچ گەریلایەكی پەكەكەی لێ نەبووە.

خێزانەكەی دلۆڤان كاری جوتیاریی دەكەن، دانیشتوی ناحیەی باتیفای سەر بە قەزای زاخۆن لە دهۆك.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە یەك مانگی ڕابردوی دەستپێكی هێرشەكانی توركیاوە بۆ ناو خاكی هەرێم، زیاتر لە 10 گوند لە ناوچە سنورییەكان چۆڵبون و خەڵكەكەی ئاوارەی ناو زاخۆ و دهۆك بون، چەندین هاوڵاتیش شەهید و برینداربون.

هاشم عومەر كاتێك لە ڕوداوی بۆردومانە ئاگاداركراوەتەوە، زانیویەتی دلۆڤان لەو ناوچەیەیە و وەڵامی تەلەفۆنیشی ناداتەوە، بۆیە گومانی هەبووە و دەستبەجێ چۆتە شوێنی ڕوداوەكە، "ئۆتۆمبێلەكە دەسوتا و تەرمەكان بە كوشنەكەوە نوسابون".

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم، لە 1995ـەوە چەنین بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە.

لە ناوچەكانی شیلادزێ، مەخمور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیل دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید و برینداربون.

19ی حوزەیرانی 2020یش، فڕۆكەیەكی جەنگی توركیا بە موشەك ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج لە شیلادزێ كە سەرنشینەكانی مەدەنی بون، بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی شەهید بون.

پەیبەر ئەڕتیسی، مامۆستای مێژوە و لە ساڵی 1996ـەوە ئاماری قوربانیانی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە تۆماردەكات لە شیلادزێ و چەند ناوچەیەكی بادینان، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی "لەوكاتەوە تائێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی زەمینی و بۆردوكانی فڕۆكەكانی توركیاوە 49 هاوڵاتی شێلادزێ شەهیدبون، لەگەڵ برینداربونی نزیكەی 20 هاوڵاتی، جگە لەوەی 18 ژن بەهۆی بۆردومان و دەنگی تۆپبارانەوە منداڵەكانی ناوسكیان لەدەستداوە".

هەر لەو ماوەیەدا و بەپێی ئامارە تۆماركراوەكانی لای ئەو مامۆستایە، هەشت هاوڵاتی بێسەروشوێن بون و خەڵكێكیش هەیە بە دەنگی بۆردومان و ترس و دڵەڕاوكێ گیانی لەدەستداوە.

لەو هێرشی و سنوربەزاندنانەی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردشتان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی ئەنكەرە و لێپرسراوانی كورد هەركاتێك باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن؛ پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوە و گۆڕەپانی شەڕ بە تەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

گەریلاكانی پەكەكە، زیاتر لە 20 ساڵە، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی یەكێتی و پارتییەوە، ڕویانكردۆتە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان و لەوكاتە بە دواوە، لەگەڵ بەشێك لە حیزبە كوردییەكان كەوتنە شەڕەوە و بە هێنانی هێزی زیاتر، لە ناوچەیەكی بەرفراواندا جێگیربون.

سنوری حوكمڕانی پەكەكە، ناونراوە بە هەرێمی پاراستنی میدیا، ئەوان دەكەونە ناوچەی قەندیل، لە كوێستانەكانی زنجیرە چیای زاگرۆس، كە هاوسنوری نێوان هەرسێ پارچەی باشور، باكور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانە.