گۆڕان لەژێر فشاری كشانەوەدایە؛ پەرلەمانتارەكانیان تەقە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دەكەن

18-08-2020 07:36
عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان - مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

پەرلەمانتارێكی گۆڕان داوای كشانەوە لە حكومەت‌و پەرلەمانتارێكی دیكەیان حكومەت بە "ڕووخاو" ناودەبات‌و پێیوایە گۆڕان ڕایگرتووە، ئەمە كاردانەوەی ئەو فشارانەیە كە لەلایەن خەڵكەوە لەسەریانە، پرسی كشانەوە لە حكومەت خراوەتە سەرمێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانی ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام "هێندە بەهێز نییە جێبەجێ بكرێت".

لەپاڵ ڕەخنەو ناڕەزاییەكانی دیكە، لێبڕینی مووچەی ئەم مانگە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، فشارەكانی بۆسەر بزووتنەوەكە زیاد كرد، ئەوان پێشتر ڕایانگەیاندبوو دژی ئەو هەنگاوەن‌و تەنها بۆ یەك مانگ دەبێت.

"فشاری خەڵك‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان تادێت زیاتر دەبێت بۆئەوەی گۆڕان هەڵوێستێكی تووند وەربگرێت تا ئاستی كشانەوە لە حكومەت"، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، هەرچەندە ئەوانەی لەناو بزووتنەوەكە داوای كشانەوە دەكەن، "كەمینەیەكی كەمن‌و هێندە بەهێز نین تا ئەو هەنگاوە بە گۆڕان جێبەجێ بكەن، بەڵام ئەمە سەرەتایەكەو ئەگەر لێبڕینی مووچە مانگەكانی داهاتووش بەردەوام بێت‌و ڕێگریی تەواو لە گەندەڵی‌و دزی‌و قاچاخچێتی نەكرێت، بێگومان دەگاتەئەوەی گۆڕان بكشێتەوە لە حكومەت‌و هیچ بەرژەوەندییەكی لەمانەوەدا نییە".

ڕەخنەی خەڵك بەگشتی لە كۆی كابینەی حكومەتە، بەڵام خەڵكە ناڕازییەكەو ئەوانەی حیزبیی نین یاخود پارتی‌و یەكێتی نین، زیاتر ڕوویان لە بزووتنەوەی گۆڕانە كە پێشتر ئاستی هیوای خەڵكی بە چاكسازیی لە ماوەیەكی خێرادا زۆر بەرزكردووەتەوە.

لە چوارچێوەی بەدەمەوەچوون‌و وەڵامدانەوەی خەڵكی ناڕازیدا، وتەبێژی فەرمی گۆڕان ئەمڕۆ هەڵوێستی بزووتنەوەكەیانی لەبارەی دووەم مانگی لێبڕینی مووچە ئاشكرا كرد.

"دوێنێ حكومەتی هەرێم بڕیاری دابەشكردنی موچەی بەداشكاندنەوە دا. ئێمە پێشتر دژ بەو هەنگاوە بوین و پەسەندمان نەكرد، بەڵام بەڵێنی ئەوەدرابو كە ئەمە كاتییەو تەنها بۆ یەكجارە. بۆیە تیمی وەزاری گۆڕان هەفتەی رابردوو، وەك ئەوەی پێشتر بزوتنەوەكەیان بڕیاری دابوو، دەنگیان بۆ ئەو ڕێژەی بڕینە نەدابوو" عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و وتەبێژی گۆڕان وادەڵێت.

ئەو لە تویتێكدا دەشڵێت "سەرباری نیگەرانی زۆرمان لەو هەنگاوەو دەستبردن بۆ قوتی موچەخۆران، پێمانوایە جدی نەبون و پەلە نەكردن لە هەنگاوەكانی چاكسازی ڕیشەیی بەتایبەت لەبوارە گەورەكانی وەك نەوت و دەروازەكان و قاچاخی سەرسنور و موچەخۆری وەهمی و دواكەوتنی ڕێكەوتنێكی هەمەگیر لەگەڵ بەغدا، هۆكاری سەرەكی ئەو كورتهێنانەن".

وتەبێژەكەی گۆڕان هۆشداری دەدات ئەگەر لایەنەكانی ئەم كابینەیە، بەئیرادەیەكی هاوبەش و خێرا، كار بۆكۆتایی هێنان بەو دۆخە داراییەو بەهێزكردنی داهاتی ناوخۆ نەكەن بەجۆرێك سەرجەمی بڕژێتە خەزینەی حكومەتەوە، "ئەوا ئەم نەهامەتیە درێژە ئەكێشێت و چاكسازیش ناكرێت، ئەوەش پێشێلكردنی بەرنامەی ڕاگەیەندراو و ستراتیجی كابینەكەیە".

گۆڕان بە چوار وەزارەت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم‌و چەندین پۆستی دیكەی خوار وەزیر بەشدارە لە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە ناویاندا وەزارەتی دارایی كە زۆرترین ڕەخنەی ڕوبەڕوی ئەو بزووتنەوەیە كردووەتەوە.

"حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕووخاوە، بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگرتووە" ئەمە وتەی د.شایان عەسكەری پەرلەمانتاری گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان.

بەهۆی سروشتی بزووتنەوەكەو ئەو شێوازە ڕەخنەگرتنەی لە ساڵانی ڕابردوو هەی بووە بەتایبەت كاتێك ئۆپۆزسیۆن بووە، ئێستا هەندێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بۆ خۆدەربازكردن لە ڕەخنەی خەڵك وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەون، ئەمەش هاوشێوەی هەیە لەناو یەكێتی نیشتیمانی كە لەگەڵئەوەی پێكهێنەرێكی سەرەكیی حكومەتە، بەڵام ئاڕاستەیەكی ئەو حیزبە هەر لە سەرەتای كابینەكەوە دژی مەسرور بارزانی وەستاونەتەوە.

شیرین ئەمین یەكێكە لە پەرلەمانتارانی دیكەی گۆڕان كە ڕەخنەی تووند لە حكومەت دەگرێت‌و داوای كشانەوەی بزووتنەوەكەی دەكات لەم كابینەیە، هاوكات ڕەخنەش لە گۆڕان دەگرێت.

ئەو دەڵێت "گۆڕانیش نەیتوانی خاوەن پرەنسیپ و بەڵێنی خۆی بێت، لە موچەی مانگی ڕابردو گۆڕان وتی تەنھا بۆ یەك مانگ ئێمە دەچینە ژێری باری لێبڕینەوە، بەڵام ئەم مانگەش پارتییان بەتەنھا جێنەھێشت و بڕیاریاندا ھاوشێوەی مانگی ڕابردوو موچە بەلێبڕینەوە بدرێت بۆیە چاوەڕێی ھیچ لە حكومەت ناكرێت پێویستە گۆڕان بڕیاری كشانەوە لە كام كابینە پاتاڵە بدات".

فراكسیۆنی گۆڕان‌و بەتایبەت عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنەكە، چەند هەفتەیە هەڵمەتی چڕیان دەستپێكردووە تا حكومەت چاكسازیی بكات‌و ڕوبەڕوی قاچاخچێتی‌و گەندەڵی ببێتەوە بەتایبەت لە خاڵە سنورییەكان، ئەوەش بە ئامانجی زیادكردنی داهات بۆ دابینكردنی مووچە.

عەلی حەمەساڵح پڕۆژەیەكی وردی خستووەتە بەردەم سەرۆكایەتی حكومەت لەوبارەیەوە، ئەوان لە هەنگاوەكانی كابینەكەی مەسرور بارزانی ڕازیی نین‌و پێیانوایە داهاتی هەرێمی كوردستان لەوە زیاترە كە دەچێتە خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام بە گەندەڵیی دەڕوات.

"ئێستا قەبارەی گەندەڵی و قاچاغی، لە داهاتی حكومەت زیاترە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت! خراپترین وشەی فەرهەنگی كوردی (خۆ گونجاندنە لەگەڵ داهات) كە لای من گەوجاندنی خەڵك و موچەخۆرانە، خۆ گونجاندن لەگەڵ كام داهات؟ ئەو داهاتەی پاروویەكەو لە دەمی حزب دەكەوێتە خوارەوە بۆ حكومەت! بەم دۆخەی ئێستاوە دەبێت وەزیرەكانی گۆڕان لەوە تێبگەن، خۆگونجاندن لەگەڵ داهات، گونجاندنی ملی موچەخۆرانە لەگەڵ چەقۆ" دابان محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان وادەڵێت.

حكومەتی هەرێم دوای ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغداد كە مانگانە 320 ملیاری بۆ دەنێردرێت، هێشتا ناتوانێت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات‌و دوێنێ لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 3، وتیشی، بەپێی داهات مووچە دابەش دەكرێت‌و ئەم مانگەی هاوشێوەی مانگی پێشووە بە لێبڕینی لەسەدا 21.

حكومەت بەرچاوی ڕوون نییە مووچەی مانگەكانی ئایندە چیی بەسەر دێت‌و قەبارەی لێبڕین چۆن دەبێت، ئەگەر لێبڕین بەردەوام بێت، تادێت گۆڕان ڕوبەڕوی فشاری زیاتر دەبێتەوە كە ڕەنگە كاریگەریی تەواوی هەبێت لەسەر چارەنووسی بزووتنەوەكە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی.