پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ناڕەزاییەكی نوێ لەناو گۆڕان سەری هەڵداوەو پەیوەستە بە دەست خستنە بازاڕو "مامەڵەی ژێربەژێر" بە پڕۆژەكانەوە لەڕێی تیمی وەزاریی ئەو بزووتنەوەیە لە حكومەت، بەپێی سێ سەرچاوەی باڵاو ئاگادار بۆ پەرەگراف. ئەوە لەكاتێكدایە گۆڕان بەردەوام دەڵێت، بەشدارییان لە كابینەكەی مەسرور بارزانی بەپێی ڕێككەوتنێك بووە لە پێناوی چاكسازیو بەرژەوەندی گشتی.
دەستێوەردانو قۆرخكاریی حیزبو بەرپرسانی خاوەن هەژموون لە بازاڕی كارو پڕۆژەكاندا، بە درێژایی تەمەنی حوكمڕانیی كوردی پرسێكی جێی ڕەخنەو ناڕەزایی بووەو بە سەرچاوەیەكی گەندەڵیی دانراوە، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامە.
"بەداخەوە، گۆڕان خراپتر لە پارتیو یەكێتی دەستێوەردانو قۆرخكاریی دەكاتو چەند جارێك بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە لەوكارانە ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام دەسەڵاتی چارەسەركردنیان نییە"، ئەمە وتەی سەرچاوەیەكە كە بەوردیی ئاگاداری ئەو پرسەیە، ئەو ڕوونكردنەوەی زیاتری داو وتی "تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی كاتێك سەرمایەدارێك بیرۆكەی كارو پڕۆژەیەكیان بۆ باس دەكات، ئەوان دەچن دەیبەنو لە پشتەوە ژێربەژێر لەگەڵ سەرمایەداری دیكە مامەڵەی پێوەدەكەن لەپێناو بڕێك پارەدا".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "بەدڵنیاییەوەو بە بەڵگە هەیە كە لە تیمی وەزاریی گۆڕانەوە مامەڵەی ژێربەژێرو قۆرخكاریی بە پڕۆژەكانەوە دەكرێت. لە هەندێك ڕێكخستنی مامەڵەو بۆ ڕێككەوتن داواكراوە لەگەڵ بازرگانێكی گەنج قسە بكرێت كە كار دەكات بۆ نماو چیای كاك نەوشیروان(ڕێكخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان)و بەناوی گۆڕانەوە مامەڵە دەكات".
پەرەگراف لەناو گۆڕانەوە بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە كردووە، هەرچەندە بەرپرسانی بزووتنەوەكە خۆیان بە دوور دەگرن لە قسە لەسەركردنی بەناوی خۆیانەوە، بەڵام هەندێكیان وەك خۆیان دەڵێن "لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی بزووتنەوەكەداو بۆ لانەدان لە ڕێگەی ڕاست" ئامادەبوون زانیاریی بدەن.
دوو سەرچاوەی باڵاو ئاگادار لەناو گۆڕان بۆ پەرەگراف تەئكیدیان كردەوە كە دەستێوەردان لە بازاڕو پڕۆژەكان "ناڕەزایی لەناو گۆڕان دروست كردووەو تا ئاستی خانەی ڕاپەڕاندنو ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە ڕۆیشتووە".
سەرچاوەكان وەك دواین نمونە، باسیان لە چارەنووسی "دوو پارچە زەویی" گرنگ كرد لە ناو سلێمانی كە سەر بە وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانین كە وەزیرەكەی پشكی گۆڕانە، زیاتر لە سەرمایەدارێك لە كێبڕكێدانو داوای ئەو زەوییانەیان كردووە تا پڕۆژەی لەسەر بنیات بنێن.
"چارەنووسی ئەو دوو پارچە زەوییە ئاماژە سەرەتاییەكانی مامەڵەی ژێربەژێری تێدا دەركەوتووە دوور لە كێبڕكێ، بۆئەوەش قسە لەگەڵ وەزیری پیشەسازی كراوە" سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگادارە وای وت.
سەرچاوەیەكی دیكەش وتی "ڕاستە ئەو دوو پارچە زەوییە قسەوباسی لەسەرە، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادار بم هێشتا نەدراون بە كەس، بەڵام ئەگەر بە مامەڵەی ژێربەژێرو ناشەفافی بكرێت كارێكی زۆر خراپو هەڵەیەو لەسەر گۆڕان دەكەوێت".
پارچە زەوییەكان یەكێكیان شوێنی پاڵاوگە كۆنەكەی سلێمانییە لە گەڕەكی شەكرەكە كە ڕووبەرەكەی زیاتر لە 30 دۆنمەو ئەوەی دیكەیان لە پشتی كارگەی كۆنی چیمەنتۆی سەرچنارە كە زیاتر لە 50 دۆنمە، بە وتەی سەرچاوەكان.
پەرەگراف بۆ ماوەی 3 ڕۆژ هەوڵیدا لێدوانو زانیاریی لە كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازیو بازرگانیی وەربگرێت لەسەر ئەو پرسە، بەڵام دوای چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیو ناردنی نامەی مۆبایل، وەڵامی نەدایەوە، لە كۆتا پەیوەندیی وەڵام نەدراوەدا، نیوەڕۆی 24ی ئەم مانگە كەسێك بە ژمارە مۆبایلەكەی وەزیر پەیوەندیی كردەوەو بە (نەوزاد، بەرپرسی نووسینگەی وەزیر) خۆی ناساند، پەرەگراف دوای خۆناساند پێی گوت چەند پرسیارێكی هەیە بۆ وەزیر، ئەو كەسە وتی "مۆبایلەكەی لای منەو بەسەرچاو ئاگاداری دەكەمەوە"، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 24 كاتژمێر لەو پەیوەندییە، هیچ وەڵامێك لە وەزیرەوە نەبوو.
بەشێك لە بەرپرسانی بزووتنەوەكە، سەرمایەگوزاریی لە چوارچێوەی "ڕەواو شەفافو یاساییدا" بە مافی خۆیان دەزانن، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی دۆخی ئابوریی بزووتنەوەكەیانو وەك هەنگاوی سەرەتاش كردنەوەی كەناڵێكی تەلەفزیۆنیی ئاسمانیی كە زیاتر لە ساڵێكە نەیان ماوەو بە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانیانی دادەنێن.
بەرپرسێكی نزیك لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ پەرەگراف وتی "نەمبیستووە تائێستا ئەوان(كوڕەكان) مامەڵەی ژێربەژێرو دەستێوەردان بكەن، لەوە دڵنیابە ئەوان كاری ناشرین ناكەنو وەزیرەكانی گۆڕانیش كاری نایاسایی ناكەن".
مامەڵەكردن بە پڕۆژەكانو دەستخستنە بازاڕ، سەرچاوەی بەشێكە لەو سوودەی حیزبەكانی بەشدار لە حكومەت پێیان دەگات، هەربۆیە سەرباری پارتیو یەكێتی، حیزبەكانی دیكەش كە دەچنە حكومەتەوە، هەندێكجار پەنا بۆ هەمان ڕێگا دەبەن.
بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێكی خراپی داراییدایەو توانای پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی نییە لەكاتی خۆیدا، لەكاتێكدا بەراورد بە حیزبەكانی دیكە كەمترین مووچەخۆرو دامودەزگای هەیە، گۆڕان لە 11 ساڵی تەمەنی خۆیدا نەیتوانیوە ئابورییەك بۆخۆی بنیات بنێت كە پێی بژیی.
گۆڕان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دروشمی دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە بازاڕو دژایەتی قۆرخكاریی بەرز كردووەتەوە، ئەوەش وەك بەشێك لە پڕۆسەی چاكسازی ڕیشەیی كە بزووتنەوەكە خۆی بە ئاڵاهەڵگری دەزانێت.
ئێستا كە دەستێوەردانی بازاڕو پڕۆژەكان "بۆ مامەڵەی ژێربەژێرو قۆرخكاریی" لەناو گۆڕان سەرهەڵدەدات، دەنگی ناڕەزایی ناوخۆیی بەرزبووەتەوەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ڕەنگە ناڕەزاییەكان بچنە قۆناغێكی دیكەو هەڵوێست وەرگرتنی لێبكەوێتەوە.