گۆڕان ڕەخنەی تووند لە ڕووداو و ڕەنج سەنگاوی‌و نێچیرڤان بارزانی دەگرێت

14-09-2020 04:57
گفتوگۆكەی مەلا بەختیار لە ڕووداو

پەرەگراف

كاردانەوەی بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەسەر چاوپێكەوتنەكەی مەلا بەختیار لە كەناڵی ڕووداو بەردەوامە، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەڵێت "هەڵەكانی مەلا بەختیار لە چاوی نێچیرڤان بارزانی دەبینين"، بەرپرسانی گۆڕان پێیانوایە ڕووداو "بە مەبەست" مایكی بۆ مەلا بەختیار كردووەتەوە "بە دڵی خۆی" قسە لەسەر نەوشیروان مستەفا بكات‌و وەك تاوانباری قۆناغێكی مێژوویی بیناسێنێت.

چاوپێكەوتنەكەی مەلا بەختیار تایبەت بوو بە كتێبێكی نوێی كە بڕیارە سبەینێ بكەوێتە بازاڕەوە بە ناونیشانی (لەبری بیرەوەری)، تێیدا باسی چەند قۆناغێكی مێژووی ژیانی سیاسی خۆی‌و كۆمەڵەو یەكێتی‌و ئاڵای شۆڕش دەكات، لە كتێبەكەیدا چەندین ڕووداوی هەستیارو تاوان‌و كوشتنی ناو ئەو مێژووە لەسەر نەوشیروان مستەفا تاپۆ دەكات.

ڕەنج سەنگاوی پێشكەشكاری ڕووداو چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ئەنجامدا، مەلا بەختیار لە ڕووداو تەنها لەگەڵ ئەودا دەردەكەوێت ئەوەش بەهۆی "ئەو پەیوەندییە نزیك‌و هاوڕێیەتییەی لە نێوانیاندا هەیە"(جارێك لە بەرنامەی كەوانەی سوور بەشداربووە كە پێشكەشكارەكەی ڕەنج سەنگاوی نەبووەو ڕێبوار كەریم وەلی ڕۆژنامەنووسی پێشووی ڕووداو بووە)، شێوازی پرسیارەكانی ڕەنج‌و ئاڕاستەی دوو كاتژمێر گفتوگۆكەی لەگەڵ مەلا بەختیار، بوونەتە مایەی ڕەخنەو سەرنجی گۆڕانخوازان.

بابەكر دڕەیی یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمپانیای وشە‌و یەكێك لە كارەكتەرە دیارەكانی ئاڵای شۆڕش لە چاوپێكەوتنێكدا كە پەرەگراف لەبارەی وتەكانی مەلا بەختیار لەگەڵیدا ئەنجامیداوەو دواتر بڵاو دەكرێتەوە، ڕەخنە لە كەناڵی ڕووداو دەگرێت‌و نیشانەی پرسیار دەخاتەسەر بەرنامەكەی.

دڕەیی ڕەخنەی لە پرسیارەكانی ڕەنج سەنگاوی نییە، بەڵام دەڵێت "ئەوەی ڕووداو ئامادەیە دەرفەت بە مەلا بەختیار بدات لەسەر ئەم بابەتە قسە بكات جێگای پرسیارە، بۆ ئەم بابەتانە دەوروژێنن ئایا ئێستا دۆخی كوردستان یان مەلا بەختیار خۆی یان گۆڕان‌و كاك نەوشیروان هی ئەوەیە تۆ ئەم پرسانە بوروژێنیت، من لەوە زۆر گومانم هەیەو ئاسایی نایبینم، هەمووی جێگای پرسیارە ئەم بەرنامەیە".

هاوكات دلێر عەبدولخالق ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانی گۆڕان‌و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە، لە تویتێكدا دەڵێت "هەڵەكانی ئەو چاوپێكەوتنەی مەلا بەختیار لە روداو كردی، لە چاوی نێچیرڤان بارزانی دەبینین، چونكە ئاشكرایە چیرۆك و ریوایەتەكانی ئەم كەسە، نە لەناو خەڵك ئەرزشی هەیە و نەدەچێتە مێژووەوە".

"نوسینەوەی لاپەڕەكانی مێژو، دوور لەچاوی بابەتیانە و بە زمانی حقد و شێواندنی راستیەكان، هاوكات ئاراستەی پرسیارەكانی پێشكەشكارەكە بۆ دەستبردن بۆ مێژوی پاكی كاك نەوشیروان و تەرخانكردنی دو كاتژمێر بۆ هۆنینەوەی زنجیرەیەك ناڕاستی هەمویان مایەی هەڵوەستەكردن و كاردانەوەی خەڵكن" دلێر وادەڵێت.

مەلا بەختیار بەرلەوەی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵدا ئەنجام بدرێت، وێنەیەكی لە كتێبە بڵاونەكراوەكەی بۆ ڕەنج سەنگاوی ناردووە تا بیخوێنێتەوەو پرسیاری لەسەر ئامادە بكات، لە گفتوگۆكەدا ڕەنج سەنگاوی گێڕانەوەی بەشێك لە كتێبەكەی ئاڕاستەی میوانەكەی كردو پرسیاری لەبارەوە كرد.

بەرپرسانی گۆڕان قسەیان زۆرە لەسەر وتەكانی مەلا بەختیارو بەرنامەكەی لە كەناڵی ڕووداو، بەڵام هەندێكیان پێیان باش نییە لە ئێستادا بەناوی خۆیانەوە قسەی لەسەر بكەن، بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "ئەو مێژووە لەلایەن چەندین كەسی دیكەو بە شێوازی جیاواز لە مەلا بەختیار گێڕدراونەتەوە، ڕەنج سەنگاوی‌و ڕووداو نەچوون بەلای ئەوانەداو ڕوبەڕوی مەلا بەختیاریان نەكردەوەو گفتوگۆكەیان تەنها پڕوپاگەندەبوو بۆ مەلا بەختیارو كتێبەكەی".

ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان وتیشی "ئەو گفتوگۆیە لای بەرپرسانی گۆڕان وا لێك دەدرێتەوە بە مەبەست‌و بە دڵی مەلا بەختیار مایكی بۆ كراوەتەوە بۆ لێدان لە نەوشیروان مستەفاو مێژووەكەی، لە كاتێكدا كاك نەوشیروان تا خۆی لە ژیاندا بوو چەندین كتێبی نووسیوەو باسی ئەو مێژووەو ڕووداوەكانی كردووە، بۆچی تا خۆی مابوو جورئەتی ئەوەیان نەبوو ئەو قسانەی ئێستا بكەن؟".

كاتێك ڕەنج سەنگاوی باسی ئیبراهیم جەلال‌و كتێبەكەی دەهێنێتە ناو گفتوگۆكانی بەرنامەكەی‌و دەیەوێت پرسیار لەبارەیەوە ئاڕاستەی مەلا بەختیار بكات، مەلا بەختیار دەڵێت "لە كتێبەكەم باسم كردووە كە ئەو جەریئانە كتێبەكەی نووسیوە بەڵام هەموو ڕقەكانی خۆی تێكەڵ كردووە، حەزناكەم لەسەر ئەو بڕۆیت، حەزناكەم، چونكە ئەو كارەكتەرێكی زۆر موهیم نەبووە لەناو یەكێتی".

لە دوای ئەم وەڵامەی مەلا بەختیار، ڕەنج سەنگاوی بەقسەی دەكات‌و ناچێتەوە بەلای گێڕانەوەكانی ئیبراهیم جەلال لە كتێبەكەیدا كە بە دڵی مەلا بەختیار نییە‌و پێی قەڵس دەبێت.

ئێستا هەڵسوڕاوانی گۆڕان بەشێك لە كتێبەكەی ئیبراهیم جەلال لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردەهێنن لە دژی مەلا بەختیار، بەتایبەت ئەو بەشەی كە باسلەوە دەكات كاتێك مەلا بەختیار لەسەر ئاڵای شۆڕش دەستگیركراوە لەلایەن یەكێتییەوە ئەو چووەتە لای‌و بەوجۆرە دەیگڕێتەوە كە مەلا بەختیار دانپێدانانی لەسەر هاوڕێكانی نووسیوە لە پێناو مانەوەی خۆی لە ژیان.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، وەك لە گفتوگۆكەی ڕووداو باس كرا كتێبە نوێیەكەی 465 لاپەڕەیەو زیاتر لە 200 بەڵگەنامەی تێدایە، مەلا بەختیار ئەوەی خستە ڕوو، لە كتێبەكەیدا لە زۆر كەس و ڕووداوی ئەو مێژووە چاوپۆشی كردووەو هەندێكی هەڵگرتوون بۆ كتێبی بیرەوەرییەكانی كە لە داهاتوودا دەینوسێت.