بابەكر دڕەیی بۆ مەلا بەختیار: شمشێر گرتن بۆ كەسی مردوو دووڕووییەو دوورە لە مۆڕاڵی سیاسی

15-09-2020 01:18
بابەكر دڕەیی - مەلا بەختیار

پەرەگراف

"ئەو ڕووداوانەی لەناو یەكێتی‌و كۆمەڵە ڕوویداوە دەبێت وەكو ڕووداوێكی مێژوویی‌و سەیر بكرێن نەك سیاسی‌و ئەمڕۆیی، چونكە بایەخیان تێپەڕیوە، ناكرێت مرۆڤ ئەوانە كاوێژ بكاتەوە بۆ سوودی ئەمڕۆ، كەس ناتوانێت ئەمانە بخاتەوە گۆڕەپانی سیاسی بۆ قازانجی خۆی. پەلاماردانی نەوشیروان مستەفا قابیلی قبوڵ نییەو ئەوەی مەلا بەختیار دەیكات دووڕووییەو دوورە لە مۆڕاڵی سیاسی" ئەمە وتەی بابەكر دڕەیی یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمپانیای وشەیە لەبارەی دواین كتێبی مەلا بەختیار كە تێیدا چەندین ڕووداوی هەستیارو تاوان‌و كوشتنی قۆناغێكی مێژوو لەسەر نەوشیروان مستەفا تاپۆ دەكات.

بابەكر دڕەیی، یەكێك لە كاراكتەرە دیارەكانی ئاڵای شۆڕش‌و هاوخەباتی ئەودەمی مەلا بەختیار بووە‌و لە دیارترین كەسەكانی ئەو قۆناغەیە كە لە ژیاندا مابێت‌و خاوەنی قەڵەم‌و نووسین بێت، ئەو لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف ڕەخنەی تووند لە مەلا بەختیار دەگرێت لەبارەی نوێترین كتێب‌و گفتوگۆی لە كەناڵی ڕووداو.

دڕەیی دەڵێت "ئەگەر ئەو ڕووداوانەی ناو كۆمەڵە دراسە بكرێن بەو مەبەستەی نەوشیروان مستەفای پێ بشكێنرێ بێسوودەو شتیوا ناكرێت، نەوشیروان مستەفا كەسایەتییەكی گەورەی مێژوییەو ڕۆڵێكی زۆر گەورەی بینیوەو بەم شتانە ناشكێنرێ، لە تابلۆ گەورەكەی میللەتی كورددا پیاوێكی زۆر قامەت باڵاو گەورەیە".

گفتوگۆكەی پەرەگراف لەگەڵ بابەكر دڕەیی لەبارەی وردەكاریی گێڕانەوەكانی كتێبەكەی مەلا بەختیار نییە بەوپێیەی هێشتا كتێبەكە نەكەوتووەتە بەردەستی خوێنەران، بەڵام لە چاوپێكەوتنەكەی مەلا بەختیار لەگەڵ كەناڵی ڕووداو ناوەڕۆكی كتێبەكە خرایە ڕوو كە وا دەردەكەوێت تێیدا نەوشیروان مستەفا بە ئامانج گیراوە.

"جوان نییە بۆ كاك بەختیار، دەیەوێت سوودی ناڕەوا لە مێژوو وەربگرێت‌و دووڕووییە وەختێك بەرامبەرەكەت كۆچی كردووە تۆ بە چەكی تازەوە بەرامبەر كەسێك كە چەكی نەماوەو هەر خۆیشی نەماوە پەلاماری بدەیت، ئەمەیە كە من زۆر ڕەخنەم لێی هەیەو قابیلی قبوڵ نییە بۆ هیچ كەسێكمان، چونكە كاك نەوشیروان كەسایەتییەكی مێژووییەو جگە لەوەی سەرۆكی حیزبەكەی من بووەو خۆشەویستەو گەورەیە، وەك كەسایەتییەكی گەورەی كوردیش پێویستە نەشكێنرێن" بابەكر دڕەیی وادەڵێت.

دڕەیی باسلەوە دەكات، ڕووداوەكان ئەگەر وەكو مێژوو باس بكرێن ئاساییە، بەڵام ئەگەر سیاسییەكان وەكو سیاسەت‌و بۆ سوودی ئەمڕۆ باسیان بكەن بە شتێكی ئاسایی نابینرێت، "هەموو شتێك هۆیەكی هەیە، مەلا بەختیار ئێستا بۆ وادەكات؟ بۆ ئەم پرسانە دەوروژێنرێن؟ بۆ شكانی كاك نەوشیروان‌و خۆ بە قارەمان كردن، ئەگەر ئەمانە نییە دەبێت مێژوونووس باسیان بكات، مەلا بەختیار وەكو سیاسەت باسی دەكات بۆئەوەی بڵێت من بێتاوان بووم‌و قارەمان بووم‌و خەڵكانی تر موجریم‌و تاوانبارن".

"كە تۆ دێیت لەسەر تەلەفزیۆن باسی دەكەیت‌و دەیكەیتە ڕووداوێكی سیاسی، منیش تێوەدەگلێنی‌و خەڵكی تریش دێتەقسە، فەزای سیاسی وڵاتەكە تێكدەدەیت لەسەر شتێك كە تێپەڕیوەو بایەخی نەماوە. دەبێت ڕق‌و كینەیەكی هەبێت، بێگومان ڕقە بەرامبەر كاك نەوشیروان‌و مام جەلال بۆیە باسدەكرێنەوە".

بابەكر دڕەیی لە ناڕازییەكانی ناو كۆمەڵەی ڕەنجدەران بووەو كاتێك ساڵی 1985 ئاڵای شۆڕش دروست دەكرێت پەیوەندیی بە ڕیزەكانیانەوە دەكات‌و تا یەكەم كۆنفرانس لە 1992 دەمێنێتەوە، لەو كۆنفرانسەدا لەسەر ئەوەی مەلا بەختیار ئامادە نەبووە داوای لێبوردن بكات لەوەی لە زیندانی یەكێتی دانپێدانانی نووسیوە لەسەر هاوڕێكانی‌و ئاڵای شۆڕشی بە هەڵە لە قەڵەم داوە، بابەكر دڕەیی كۆنفرانس‌و حیزبەكەش جێدەهێڵێت.

لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئاڵای شۆڕش(ئاش) لەناو ڕیزەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەران‌و یەكێتیدا، یەكێتی پێیان دەزانێت‌و سەركردەكانی ئاش دەستگیر دەكات لەناویاندا مەلا بەختیار لە كۆتایی ساڵی 1985 تا ناوەڕاستی 1989 لە زیندانی یەكێتی دەمێنێتەوە، مەلا بەختیار ڕەخنەی تووندی لە مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ ئاش هەیەو ئەوەش بە نەوشیروان مستەفاوە گرێ دەدات.

بابەكر دڕەیی دەڵێت "هەڵە هەبووە، كاك مەلا بەختیار ماوەیەكی زۆر لەناو كۆمەڵەدا كەسێكی دیار بووە وەك ئەوانی تر، قسەكە ئەوەیە ئەوەی ڕوویدا بۆ گرتنی كاك بەختیار ڕەوابوو یان نا؟ من ئێستاش ناتوانم بڕیاری لێبدەم‌و ئاسان نییە، حیزبەكە حیزبێكی چەكداریی بووەو لە شاخ بووە، لە حیزبێكی چەكداریدا كەسێك لادان بكات‌و بیەوێت ئینشیقاق بكات چی لێدەكەیت؟ ئاسان نییە بڵێی نەوشیروان مستەفا تاوانبارە، چونكە تۆ جوڵانەوە چەكدارییەكە تێكدەدەیت كە شۆڕش دەكات بەرامبەر حكومەتی بەعس".

دڕەیی پێیوایە مەلا بەختیار باش ناكات ئەو مێژووە بكاتە ڕووداوێكی سیاسی‌و هەڵی بداتەوە، ئاڵای شۆڕش بووە بە حیزبێكی جاواز و جیابووەتەوە لە یەكێتی‌و بارەگای جیای هەبووە، "حیزبێك لە حیزبێك جیابێتەوە كێشەو ململانێ دروست دەبێت، لەو دۆخەدا برادەرانی ئێمە كوژرابن یان شەهید بووبن بێگومان ناخۆشە، بەڵام بۆ كاك نەوشیروان بووە بە تەنیا؟ بۆ یەكێتی هەمووی نەبووە؟ زۆر كەس هەبووە لەناو یەكێتی زۆر لە كاك نەوشیروان تووندتربووە بەرامبەر بە ئاڵای شۆڕش‌و هەندێكیان خۆیان دان بەوەدا دەنێن، لە شەڕدا خۆ حەڵوا بەخشینەوە نییەو شەهیدەكانی ئاڵای شۆڕش هەروەكو شەهدانی دیكەی شەڕی براكوژییە".

بابەكر دڕەیی: بۆئەوەی مەلا بەختیار گوێی لێبێت

لە گفتوگۆكەی لەگەڵ پەرەگراف، بابەكر دڕەیی ڕەخنەی لە كەناڵی ڕووداو گرت‌و نیشانەی پرسیاری خستەسەر بەرنامەكەی لەگەڵ مەلا بەختیار، دڕەیی ڕەخنەی لە پرسیارەكانی ڕەنج سەنگاوی نییە، بەڵام دەڵێت "ئەوەی ڕووداو ئامادەیە دەرفەت بە مەلا بەختیار بدات لەسەر ئەم بابەتە قسە بكات جێگای پرسیارە، بۆ ئەم بابەتانە دەوروژێنن ئایا ئێستا دۆخی كوردستان یان مەلا بەختیار خۆی یان گۆڕان‌و كاك نەوشیروان هی ئەوەیە تۆ ئەم پرسانە بوروژێنیت، من لەوە زۆر گومانم هەیەو ئاسایی نایبینم، هەمووی جێگای پرسیارە ئەم بەرنامەیە".

بابەكر دڕەیی دەڵێت "بۆ ئەوەی مەلا بەختیار گوێی لێ بێ‌و بیبیستێتەوە، كتێبێك هەیە بەناوی ئەنتی دۆرینگ كە ئەنگلس نووسیویەتی دژی دۆرینگ(هەردوكیان فەیلەسوفی ئەڵمانین)، كاتێك چاپی دووەمی كتێبەكەی دەكاتەوە ئەنگلس دەڵێت، من دەمویست هەندێك شت بگۆڕم بەڵام من ئەوە ناكەم چونكە بەرامبەرەكەم مردووە، من دەستكاری ناكەم هەرچەند شتی تازەشم لابوو بیڵێم. كاك بەختیار ئەمە باش دەزانێ‌و ئەمە كتێبێكی مەشهورە، لەبەرئەوە گرتنی شمشێر بۆ كەسێك كە مردووە دوورە لە مۆڕاڵی سیاسی".

مەلا بەختیار لە ڕووداو یەكێك لەو بابەتانەی باسی كردو دیاربوو تا ئێستاش كاریگەریی لەسەری هەیە، ئەوەیە گوایە نەوشیروان مستەفا لە دژی ئەو كاریكردووە لە كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەدا تا دەرنەچێت بۆ ئەندامی سەركردایەتی، بابەكر دڕەیی لەوبارەیەوە دەڵێت "بەداخەوە مەلا بەختیار ئەو ڕق‌و كینەیەی تێنەپەڕاندووە، ئێ مەلا بەختیار خۆیشی لە كۆنفرانسی ئاڵای شۆڕش لە 1992 ئەوەی كردووە، من نامەوێت بڵێم بەرامبەر بە خودی من، بەرامبەر ئێمەش كردوویەتی‌و هەوڵیدا هاوڕێ دڵسۆزەكانی خۆی دەرنەچن".

وەك بابەكر دڕەیی دەیگێڕێتەوە، لە شوباتی 1992 لە سلێمانی كۆنفرانسی یەكەمی ئاڵای شۆڕش بە بەشداریی زیاتر لە 100 كەس بەستراوە، لیژنەیەك دروست كراوە لەبارەی دانپێدانان‌و دۆخی مەلا بەختیار لە زیندانی یەكێتی، لیژنەكە 9 كەس بوون‌و یەكێكیان بابەكر دڕەیی بووە، لیژنەكە چەند ڕۆژێك گفتوگۆی كردو كۆنفرانس دواكەوتووە لەسەر ئەو پرسە.

"لە كۆتاییدا من تووند بووم‌و ڕام وابوو دەبێت لەبەردەم كۆنفرانسدا داوای لێبوردن بكات، چونكە كاك بەختیار خۆی دەزانێت دانپێدانانی هەیە لەسەر هاوڕێكانی‌و بە خەتی خۆی كە ئەوە هاوڕێكانی تووشی كێشە كردو هەندێكیان گیران‌و هەندێكیان ڕایان كرد، هەندێك پێیانوابوو ئەو قارەمانەو لێیدراوەو ئازار دراوە، من سووربووم كە دەبێت بڵێت من هەڵەبووم لەو دانپێدانانە، لیژنەكە نەگەیشتە ئەنجام، كە كۆنفرانس دەستی پێكرد بۆ هەڵبژادنی سەركردایەتی(ئەمە بە ڤیدیۆ هەیەو تۆمار كراوە) وتم من بەجێی دەهێڵم‌و لەم حیزبە ئیش ناكەم كە مەلا بەختیار ببێت بە سەركردایەتی‌و ئامادە نییە دان بە هەڵەكەی خۆیدا بنێت" بابەكر دڕەیی وادەڵێت.

لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو ڕووداوەدا، دڕەیی دەڵێت "ئێستا من ئەمە بكەمە سیاسەت‌و هەراو هۆریا‌و بڵێم وای كردووەو من وام وتووە، ئەمە خۆش نییەو لە سیاقی مێژوویدا دەبێت باس بكرێت، ئەمە خێری چییە بۆ كۆمەڵگە من بڵێم وام بە مەلا بەختیار وتووە".

بابەكر دڕەیی پێیوایە، گرنگ هەڵوێستی مرۆڤەكانە لەبارەی دادپەروەریی‌و ئازادی، "نەوشیروان مستەفا هەڵوێستێكی تووندی هەبووە بەارمبەر گەندەڵكاران‌و ناعەدالەتی، هەندێك شتی بچوك ڕوویانداوە لە شاخ، ناكرێت ئێستا بە چاوی كەسێك كە خۆی بووەتە قوربانی‌و خۆی لەناو ڕووداوەكاندا بووە تەماشا بكرێت، ناكرێت تۆ تەرازووی ئێستا بكەیت بە قیاس بۆ ئەوكاتە".