دواین كۆبوونەوەی تاڵەبانی لە كوردستان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بوو؛ چییان بە یەكتر وت؟

پەرەگراف- سوركێو محەمەد
دوانیوەڕۆیەكی سەرەتای مانگی 12ی 2012 جەلال تاڵەبانی بە یاوەریی بەرهەم ساڵحو ملازم عومەر دەچێتە ماڵی نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی لە سلێمانی، كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دواین دیداری تاڵەبانی دەبێت لە هەرێمی كوردستانو ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بەغداد، ئیدی تاڵەبانی هەرگیز بە تەندروستییەكەی باشەوە نەگەڕایەوە.
ئەو سەردانو كۆبوونەوەیە لە 3-12-2012 ئەنجام درا، دوو هەفتە دواترو ڕۆژی 17ی هەمان مانگ، تاڵەبانی لە بەغداد تووشی نەخۆشییەك بوو كە بۆ هەمیشەو بە یەكجاریی لە گۆڕەپانی سیاسی دووری خستەوە، تا 5 ساڵ دواتر كۆچی دوایی كردو ئەمڕۆ سێیەمین ساڵیادی بوو.
ئەوكاتو لەو كۆبوونەوە دووقۆڵییەدا تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا پلانیان داناوە بۆ كاری پێكەوەییو گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی لە كوردستان، ئەوەش لە ڕێی نزیكبوونەوەو ڕێككەوتنی یەكێتیو گۆڕان، بەڵام نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی پلانەكانی تێكداو ئەوەی دەیانویست، تائێستاش نەهاتووەتەدی.
"لەو سەردانەدا مام جەلالو كاك نەوشیروان كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵییان كردووەو د.بەرهەمو ملازم عومەر چوونەتە ژوورێكی دیكە، كاك نەوشیروان خۆی بۆی گێڕامەوە كە مام جەلال پێی گوتووە چیت پێویستە لە پارەو چەك با بۆت دابین بكەم بۆ باش بەڕێوەچوونی ئیشو كارەكانت" بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت كە لە زاری نەوشیروان مستەفاوە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ باسكراوە.
بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان دەڵێت "كاك نەوشیروان بە مام جەلالی وتووە: پارەو چەكمان ناوێت، تەنها ئەوە نەبێت نێچیرڤانی بارزانی دەڵێت مام جەلال ڕێگرە لە دەركردنی یاسا بۆ پێدانی بودجە بە حیزبەكان، ڕێگریی مەكەن ئێمە ئەوەمان بەسە بۆ ئیشو كارەكانمان لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی پەرلەمان لای ئێوەیەو با دەست بەكار بكات بۆ گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان".
لە وەڵامی نەوشیروان مستەفادا مام جەلال وتویەتی "من ڕێگر نیم بۆ یاسای بودجەی حیزبەكانو فشاریش دەكەم بۆ دەركردنی، بۆ دەستووریش ئەرسەلان بایز(سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان) دەنێرمەلات چۆنت دەوێت با وا بكات".
ئەو كۆبوونەوەیەی تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لە سەروەختی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتیو گۆڕان بوو وەك دوو حیزب كە چەند ساڵێك لە ململانێی توونددا بوون، هەروەها كاتی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە كەسییەكانی تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا بوو وەك دوو هاوڕێو هاوخەباتی دەیان ساڵە كە بەهۆی جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتیو دامەزراندنی گۆڕان كێشە كەوتبووە نێوانیان، ھەر لە ٢٠١٢دا کۆبوونەوەیەکی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لە دەباشان، لێکتێگەیشتنێکی لێ بەرھەم ھات کە ھەندێک بە ڕێککەوتننامەی دەباشانی یەکەم ناوی دەبەن و بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە یەکخستنی ھەڵوێست بوو لەسەر چەند پرسێک، لەوانە؛ دەستووری ھەرێم و سیستمی حوکمڕانی.
ڕۆژانی دوای دواین كۆبوونەوەی تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا، ئەرسەلان بایز سەردانی نەوشیروان مستەفا دەكات، داوای لێدەكرێت كار بۆ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بكات لەبارەی پرسی دەستوور، بەرپرسەكەی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو، ئەرسەلان بایز ئامادە نەبووە ئەوكارە بكات.
"كاك نەوشیروان پێی وتووە پەرلەمانتارەكانی ئێمەش بەهی خۆتان بزانەو لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەش كار بۆ گەڕانەوەی دەستوور بكەنو كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان لەوبارەیەوە ساز بكەن با ئەو داوایەی تێدا بكرێت، ئەوە ڕاستە پەرلەمانتارانی ئێمە دەیكەن، بەڵام دەبێتە دەسكەوتێكی مێژوویی بۆ تۆش، لە وەڵامدا ئەرسەلان بایز وتویەتی، من بە تەنهام لە سەرۆكایەتی پەرلەمان، جێگرو سكرتێر پارتینو بەبێ ئەوان ناتوانم ئەو كارە بكەم".
پاشان نەوشیروان مستەفا ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان تاوتوێ دەكاتو ئەوان ڕێگاچارەیەك دەدۆزنەوە بۆ گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی دەستوور، دواتر شاندێكی گۆڕانو یەكێتی بە ئامادەبوونی ئەرسەلان بایز كۆدەبنەوەو ڕێگاچارەكە دەخرێتە ڕوو كە پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەستووە، "بەڵام ئەرسەلان بایز هەر ئامادە نەبوو ئەوكارە بكاتو سەرۆكایەتی دانیشتنێكی پەرلەمان بكات لەسەر ئەو پرسە".
مام جەلال تا لەژیاندا بوو زۆر جار ڕەخنەی ئەوە لێدەگیرا كە "نەرمو سازشكارە" لە بەرامبەر پارتیو خواستەكانی مەسعود بارزانی، بەڵام ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان كە بەوردی ئاگادار زۆربەی ڕووداوەكانی 10 ساڵی ڕابردوو، ڕایەی دیكەی هەیەو پێیوایە مام جەلال بەهۆی نزیكبوونەوەی كۆتایی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی لە عێراق، ویستوویەتی لە كوردستان گۆڕانكاریی بكرێت بە ئاڕاستەی هاوسەنگ كردنەوەی هاوكێشەی سیاسی كە بەلای پارتیدا لاسەنگ بووە.
"تەنانەت ئەوكات لە ساڵی 2012 پارتیو مەسعود بارزانی لە شەڕێكی ڕاگەیاندنی زۆر توونددا بوون لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵام مام جەلال ئامادە نەبوو پشتی بارزانی بگرێتو داواكارییەكی ڕەتكردەوە بۆ كاركردن بە ئاڕاستەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، بە فیعلی مام جەلال نیازی گۆڕانكاریی هەبوو لە هاوكێشەی سیاسی لە كوردستان بە هاوكاریی كاك نەوشیروان" بەرپرسەكەی گۆڕان وادەڵێت.
پارتی چەندینجارو لە بۆنەی جیاوازدا خۆزگەی بە یەكێتیی سەردەمی تاڵەبانی خواستووە، بەتایبەت لە سەروەختی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 بەدواوە تائێستاش.
لە نوێترین پەیامیدا بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، مەسعود بارزانی كوڕەكانی مام جەلال بە برازای خۆی لەقەڵەم دەداتو دەڵێت، ئێستا زیاتر لە هەمو كات هەست بە خەسارەتی لە دەست دانی مام جەلال دەكات، بارزانی ڕووەو بافڵو قوباد تاڵەبانی دەڵێت "هیوادارم ئێوەش بەردەوام بن لەوەی درێژە بە ڕێگای باوكتان بدەن بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلەكەمان و درێغی نەكەن لە پتەوكردنی یەك ڕیزی نیشتیمانی".
یەكێتی دوای مام جەلال بۆ پارتیو بارزانی یەكێتییەكی دیكەو پڕ سەركێشیو سەرئێشە بووە، بەتایبەت ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەو حیزبە تەبانین لەگەڵ پارتیو وەك ئۆپۆزسیۆنی كابینەی حكومەت دەردەكەون كە مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.
هاوكات لە پەیامی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، بە ناڕاستەوخۆ یەكێتی دەكات بە دوو بەرەوە، بەرەی شوێنكەوتووی ڕاستەقینەی مام جەلالو بەرەیەكی لادەر لە ڕێبازی مام جەلال، مەسرور بارزانی دەڵێت "پێزانینم ئاڕاستەی بەڕێزان كاك بافڵ و كاك قوباد و شوێنكەوتووە ڕاستەقینەكانی مام جەلال دەكەم. هیوادارم یادی مام جەلال، هاندەر بێت بۆ یەكڕیزی و تەبایی گەلەكەمان".
نەخۆشیی كتوپڕو مەرگ مەودایان نەدا تاڵەبانی دواین هێڵەكانی نەخشەو پلانی سیاسیی لە كوردستان بە دەستی خۆی بكێشێت، وەك بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان دەڵێت، ئەگەر تاڵەبانی لە ژیاندا بمایە، "ساڵانی كۆتایی تەمەنی سیاسیی بە خواستو حەزی پارتی نەدەبوو".
هاوكات لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال پەیوەندییەكانی یەكێتیو گۆڕان تووشی هەورازو نشێو بوونو ئەو گەرموگوڕییەی كە هەبوو لە ڕێككەوتننامەی دەباشاندا ڕەنگیدایەوە كە بە ئامادەبوونی تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لە مانگی 5ی 2016 واژۆ كرا، بەڵام ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراو گۆڕان پەنجەی بۆ یەكێتی ڕاكێشا كە ئامادەنییە جێبەجێی بكات، دواترو پاش كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا(2017)و تووندبوونەوەی گرژیی لە نێوان گۆڕانو یەكێتی، گۆڕان بە فەرمی ڕێككەوتنەكەی هەڵپەسارد.