ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغداد: پەکەکە و ئەو لایەنانەی سەر بەون هیچ ڕۆڵێکیان لە شنگال نابێت

10-10-2020 08:07
یەبەشە کە سەربە پەکەکەیە لە بەشێکی شنگال باڵادەستە.

پەرەگراف

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێم، ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی واژووکرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبێت یەکینەکانی پاراستنی شنگال بچێتە دەرەوەی قەزاکە و ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شنگالیش هەڵبوەشێتەوە.

"کۆتایی بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزای شنگال و دەوروبەری دەهێنرێت. پەکەکە و ئەو لایەنانەی سەر بەون، هیچ ڕۆڵێکیان لە ناوچەکەدا نابێت"، لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.

لای خۆیشیەوە لە کاردانەوەیەکی خێرادا، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال (مەخەدەشە)، ڕایگەیاند "هیچ گۆڕانکارییەک کەتێیدا نەبین، قبووڵی ناکەین".

دوێنێ (هەینی)، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق گفتوگۆیان دەربارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرد و دواجار گەیشتنە ڕێککەوتنێک.

بەپێی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە، لە ڕووی ئیدارییەوە بڕیاری دانانی قائیمقامێکی نوێ بۆ شنگال دراوە، لەسەر بنەماکانی "سەربەخۆبوون،پیشەییبوون و دەستپاکی، بەپێی ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان". دواتریش پۆستە ئیدارییەکانی دیکە بە هەمان مەرج و ڕێکار پڕدەکرێنەوە.

لە ڕووی ئەمنییەوە، پاراستنی شنگال دەدرێتە دەست پۆلیسی شنگال و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانیهەرێمی کوردستان. وەکو لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە  "سەرجەم هێزە چەکدارییەکانی دیکە دەکرێنە دەرەوەی قەزاکە".

هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە دانیشتووانی شنگال و ئاوارەکانی قەزاکە لە ڕیزی هێزەئەمنییەکانی شنگالدا دادەمەزرێندرێن.

لیژنەیەکی هاوبەش لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی قەزاکە، کار دەکەن بۆ بونیادنانەوەی شنگال.

دەربارەی ئەو پێشهاتە نوێیانە، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شنگال لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "وەک خۆبەڕێوبەریی شەنگال،چاودێریی دۆخەکە دەکەین، لەوانەش گۆڕانکارییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کەگفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، دواجاریش ڕێککەوتنی ٩ی ئەم مانگە، چەند ڕێککەوتنێک لەسەر شەنگال کرا".

ئەنجوومەنەکە پێی وایە کە ئەم ڕێککەوتنە "بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیان و پێکهاتەکان و خەڵکی شەنگال" واژوو کراوە. جەختیش دەکاتەوە"هیچ گفتوگۆ، چارەسەری و پرۆژەیەک بۆ شەنگال بێ ئەوەی ڕای ئێزدیانی تێدا بە بنەما بگیرێت، بێ ئەنجام دەبێت".

"بە کورتی ڕایدەگەیەنین کە هیچ گۆڕانکاریی و گفتوگۆیەک تێیدا نەبین، قبوڵی ناکەین. ئێمەش گفتوگۆ دەکەین و گفتوگۆمان بۆ بەرژەوەندیئەم خەڵکەیە، بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجامی خۆیان، پێویستە وەک لایەنی سەرەکیی بە بنەما بگیرێین و بناسرێین، دەرەوەی ئەمەهیچ گفتوگۆ و دانوستانەک قبوڵ ناکرێت"، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال (مەخەدەشە) وا دەڵێت.