خاڵ عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال بۆ پەرەگراف: ڕێگەنادەین پارتی و پێشمەرگە بگەڕێنەوە

21-11-2020 05:24
خاڵ عەلی، فەرماندەی فەوجی لالشی دەستەی حەشدی شەعبی لە شنگال

پەرەگراف

خاڵ عەلی، فەرماندەی فەوجی لالشی دەستەی حەشدی شەعبی لە شنگال ئاشكرایدەكات دژی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانن، بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنادەن جارێكیتر پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ قەزاكە بگەڕێنەوە.

ئەو ڕێككەوتنەكە كە هەردوو حكومەت لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا واژۆیانكرد، بۆ پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ و ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنی قەزای شنگالە بە هاوبەشی، لە نێویاندا دورخستنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و شەڕڤانانی نزیك لە پەكەكە، ئەوەش بۆتە جێی ناڕەزایی و زیاد لە جارێك لە شنگال خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی ڕێككەوتنەكە ئەنجامدراوە.

پەرەگراف: خوێندنەوەتان بۆ ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر چییە لەسەر شنگال؟
خاڵ عەلی: ئەو ڕێككەوتنە پلانی ئەمریكایە، لەكاتی سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر و كۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی (سەرۆكی پارتی)، بارزانی داوای لێكردووە ڕازی بێت بە ڕێككەوتن لەسەر دۆسیەی شنگال، بەوپێیەی پارتی گەورەترین كوتلەی حزبیی ناو پەرلەمانی عێراقە و دەتوانن بەهەموو شێوەیەك پشتگیری بكەن، بۆیە كازمی لەبەر بەرژەوەندی خۆی ڕازی بووە تا بكرێتەوە بە سەرۆكوەزیران، ئەوەش لە بەرانبەر گەڕانەوەی پارتی بۆ شنگال و كەركوك.

پەرەگراف: مەبەست لە گەڕانەوەی پارتی چییە بۆ شنگال؟
خاڵ عەلی: هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دوبارە گەڕانەوە بۆ شنگال، بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوەیە (بڕیارە حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێت)، نەك بۆ خزمەتی شنگال، بۆیە ڕازی نابین بە گەڕانەوەیان هەرچەندە ئەمریكاش پشتیوانییان دەكات تا حەشدی شەعبی لە شنگال و ناوچەكە لاواز بكەن. بەڵام لەو ململانێیەدا دوبارە هاوڵاتیانی ئێزدی دەبنە قوربانی بۆیە ئێمە سورین لەسەرئەوەی ڕێگەنەدەین ئێزدییەكان جارێكیتر ببنە قوربانی.

پەرەگراف: ئێوەی ئامادەی ڕێككەوتنن لەسەر شنگال؟
خاڵ عەلی: ئێمە بەهیچ شێوەیەك ڕێككەوتن ناكەین، ڕێگەنادەین چارەنوسی شنگال و شنگالییەكان بكەوێتە دەستی هیچ لایەنێكی دەرەكی، ئامادەین لەو پێناوەشدا قوربانی بدەین، تەنانەت لە هەوڵداین ڕێگەنەدەین پارتی دیموكراتی كوردستان كاری سیاسیش بكەن لە شنگال، یان هیچ كەسێك بەناوی ئێزدییەكانی شنگالەوە لەسەر لیستی پارتی خۆی كاندید بكات بۆ هەڵبژاردن.

پەرەگراف: ئەگەر ئەو ڕێككەوتنەی بەغدا و هەولێر لە شنگال جێبەجێبكرێت هەڵوێستتان چی دەبێت؟
خاڵ عەلی: ئەوكاتە دژی پارتی و پێشمەرگە دەوەستینەوە، تا دوادڵۆپی خوێنمان كۆڵنادەین، زۆرینەی خەڵكی شنگالیش لەگەڵ هەڵوێستی ئێمەدان و ئامادەن لەو پێناوەدا بجەنگن.

پەرەگراف: تائێستا هیچ بڕگەیەكی ڕێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە؟
خاڵ عەلی: پارتی زۆر هەوڵیداوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بەڵام سەری نەگرتووە و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ شنگال، ئێستاش دەیەوێت لەوچوارچێوەیەدا یەك دوو فەوجی چەكدار دروستبكات لە گەنجانی ئێزدی و ڕەوانەی شنگالیان بكات، لەوەشدا گەنجانی دیكەی ئێزدی بە كوشت دەدات.

پەرەگراف: توانای ڕوبەڕوبونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەتان هەیە؟
خاڵ عەلی: بەڵێ، ئەگەر پارتی لە تەلەعفەر و شوێنەكانی دیكەوە داعشمان دژ بەكارنەهێنێت تا سەرقاڵ بین، ئەوا هێزەكانیان ناتوانن لە شنگال هیچ بەرگرییەك بكەن و ئێمەی شنگالیی باش ئەوە دەزانین.

پەرەگراف: هەماهەنگیتان لەگەڵ یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) هەیە؟
خاڵ عەلی: هەماهەنگیمان لەگەڵ یەبەشە تاڕادەیەك باشە، زۆربەی سەركردەكانیان پەیوەندی شەخسیم لەگەڵیاندا هەیە، ئەگەر لە دژایەتی گەڕانەوەی هێزەكانی پارتیشدا هاوكارمان بن یان نا، هەر بە كێشەی نابینین.

پەرەگراف: یەبەشە لە شنگال ماون؟
خاڵ عەلی: بەڵێ، لە شنگال ماون، چەند هەزارێك شەڕڤان لە قەزاكە هەیە و سەركردەكانیان ئێزدین و ئەوانیش دژی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدان.

پەرەگراف: ئێوە لەگەڵ ئەوەدان یەبەشە لە شنگال بمێننەوە؟
خاڵ عەلی: بەڵێ، چونكە یەبەشە زۆرینەی گەنجانی شنگالین و قوربانییان داوە لە پێناو شنگال، بەپێچەوانەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كە ئامادە نەبون یەك فیشەك لە پێناو شنگالدا بتەقێنن.

پەرەگراف: داواكاریی ئێوە لە بەغدا چییە؟
خاڵ عەلی: مافی سەرەكی خۆمان لە هەر ڕێككەوتنێك بۆ شنگال دەوێت، ناكرێت حكومەتی هەرێم بەناوی شنگالییەكانەوە ڕێككەوتن بكات، چونكە ئێمەی خەڵكی شنگال قوربانیمان داوە و ڕێگەنادەین كەسی تر بەناوی ئێمەوە قسە بكات.
داواكاریمان ئەوەیە لەژێر ئاڵای عێراقدا، قایمقام و ئەنجومەنی قەزا و ئیدارەی شنگال دابنرێن و كاربكەن، نەك كەسی تر لە دەرەوەی شنگال بهێنن و چارەنوسی شنگالییەكانیان بدرێتە دەست و دوبارە ڕوبەڕوی ئەنفالێكی دیكە بكرێنەوە.