
پەرەگراف
بڕیارەكەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ سڕكردنی مەلا بەختیار؛ دوای مشتومڕێكی تووند دەركراوە كە ئاڕاستەی بەهێز تیایدا دەركردنی ئەو بەرپرسە باڵایە بووە لە حیزبەكە، بەڵام بە پشتگیری ماڵی مام جەلالو دواجار نێوەندگیریی لاهور شێخ جەنگی بڕیارەكە بە سڕكردن بۆ ماوەی 3 مانگ جێگیر كراوە، بەپێی زیاتر لە دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.
مەلا بەختیار، لە سەركردە كۆنو دیارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، تا ماوەیەك بەرلە بەستنی دواین كۆنگرەی ئەو حیزبە لە كەسە باڵاكانی یەكێتی بوو، بەڵام كۆنگرە سەرەتای ئاوابوونی خۆری ئەو و چەند بەرپرسێكی دیكە بوو بە جۆرێك ئێستا نزیكەی ساڵێك بەسەر كۆنگرەكەدا تێپەڕبووە، بەڵام مەلا بەختیارو چەندین سەركردەی پێشووی یەكێتی هێشتا نازانن ئەركو دەسەڵاتەكانیان چییە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندیی یەكێتی كە تێیدا كۆبوونەتەوە.
هەر لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكی نوێی سەركردایەتی بۆ یەكێتی، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا مەلا بەختیار دیارترین سەركردەی یەكێتی بووە كە لە چەندین بۆنەدا هێرشی كردوونەتەسەر، تەنانەت تانەو توانجی لە ئەندامانی نوێی سەركردایەتی حیزبەكەی داوە، وەك لە دواین چاوپێكەوتنی لە كەناڵی ڕووداو وتی، سەركردایەتی یەكێتی كەسی وای تێدایە "عەیبەی گەورەی لەسەرە"، ئاماژەی بەوەش كرد ئەو شانازیی دەكات كە نەچووەتە ئەو سەركردایەتییە نوێیەوە، وتیشی: كەسی وا بووە بە ئەندامی سەركردایەتی پێشتر خواخوای بووە وێنەیەك لەگەڵ ئەودا بگرێت.
ئەو سەركردایەتییە نوێیەی مەلا بەختیار بەوجۆرە باسیان دەكات، دوێنێ تۆڵەی خۆیان بە كردار لێكردەوە.
سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار لە كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ پەرەگراف وتی "ئاڕاستەی گفتوگۆكانو بڕیاردان بۆ دەركردنی مەلا بەختیار بوو لە یەكێتی، زۆرینەی سەركردایەتی ئەو داوایەیان هەبوو، بەڵام كاك بافڵو كاك قوباد دژی ئەوەبوون، دواتر لاهور شێخ جەنگی ئاڕاستەی گفتوگۆكانی بەوە كۆتایی پێهێنا كە بڕیارەكە سڕكردن بێت بۆ 3 مانگ".
هاوكات سەرچاوەیەكی دیكە هەمان ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردەوە كە بڕیارەكە سەرەتا بۆ دەركردنی مەلا بەختیار بووە لە یەكێتی، وتی "ئێستاش دەیانەوێت خۆی بڕواتو وازهێنان لە یەكێتی ڕابگەیەنێت".
هەرچەندە هۆكاری سەرەكیی ئەو بڕیارە بۆ دواین كتێبی مەلا بەختیار دەگەڕێنرێتەوە بەناوی (لەبری بیرەوەری) كە دوو مانگ لەمەوبەر بڵاویكردەوەو هەڵایەكی گەورەی لێكەوتەوە، بەڵام پەرەگراف زانیویەتی هۆكاری دیكەش هەبوون بۆ ئەو بڕیارەی سەركردایەتی یەكێتی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "بەرپرسانی یەكێتی گومانیان لە مەلا بەختیار هەیە بەهۆی نزیكیی لە پارتی، هەندێكیش ترسی ئەوەیان هەیە دەنگە ناڕازییەكانی ناوخۆی یەكێتی لەخۆی كۆبكاتەوەو گروپێكی نوێ لەناو حیزبەكە دروست بكات".
ئەو سەرچاوەیەی پەرەگراف باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی "زۆر تووند لە دژی مەلا بەختیارن، ئەوەش بەهۆی ئەو هێرشانەی ئەو دەیكاتەسەر سەركردایەتی نوێ".
مەلا بەختیار لە سەركردە كۆنەكانی یەكێتییەو لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لە شاخو شار خاوەنی لێپرسراوێتی باڵای حیزبیی بووە، لەو كەسانەیە باوەڕی بە خەباتی شاخ هەیەو هەندێكجار بەوهۆیەوە كێشەی بۆ دروست بووە لەگەڵ سەركردە نوێیەكانی حیزبەكەی.
كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی، بەدەر لە بڕیارەكە دەربارەی مەلا بەختیار چەند پرسێكی دیكەی تێدا تاوتوێ كراوە، سەرنجڕاكێشان ئاڕاستەی ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران كراوە، بەهۆی پابەند نەبوون بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە دەبوو بەشداریی دواین كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێم نەكەن، بەڵام بەشدارییان كرد.
"هەرچەندە من لەوێ نەبووم و دەنگم نەدا، بەڵام بڕیارەكە سەد دەرسەد دروست بوو، بڕیارێكی بوێرانە بوو، دەبووایە زووتر ئەو بڕیارە بدرایە و دوا نەخرایە" ئەمە وتەی حامیدی حاجی غالی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە لەبارەی بڕیاری سەركردایەتی حیزبەكەی بۆ سڕكردنی مەلا بەختیارو سەرنجڕاكێشانی ڕێواز فایەقو قوباد تاڵەبانی.
سەبارەت بە هۆكاری پشتگیری كردنی لەبڕیاری سڕكردنی مەلا بەختیار، حامید حاجی غالی بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت "بیرەوەری نوسیووە بۆ بێحورمەتكردنی یەكێتی، چی سەروەریەكانی یەكێتی یە، داویەتی بە خۆی و ئاڵای شۆڕش، كە هیچی وانیە".
مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا باسی چەند قۆناغێكی مێژووی ژیانی سیاسی خۆیو كۆمەڵەو یەكێتیو ئاڵای شۆڕش دەكات، چەندین ڕووداوی هەستیارو تاوانو كوشتنی ناو ئەو مێژووە لەسەر نەوشیروان مستەفا تاپۆ دەكات، ئەوەش كاردانەوەو وەڵامی تووندی بزووتنەوەی گۆڕانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێك لە چاودێرانیش پێیانوایە، لەپاڵ نەوشیروان مستەفادا، مەلا بەختیار لە مێژووی یەكێتیو جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی ئەو حیزبەی داوە.
لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئاڵای شۆڕش(ئاش) لەناو ڕیزەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانو یەكێتیدا، یەكێتی پێیان دەزانێتو سەركردەكانی ئاش دەستگیر دەكات لەناویاندا مەلا بەختیار لە كۆتایی ساڵی 1985 تا ناوەڕاستی 1989 لە زیندانی یەكێتی دەمێنێتەوە، مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا ڕەخنەی تووندی لە مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ ئاش هەیەو ئەوەش بە نەوشیروان مستەفاوە گرێ دەدات.