كۆتایی سەردەمی "ڕێوییە پیرە فێڵبازە زۆر بەتواناكە"

06-01-2021 09:39
ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان. وێنە؛ سوركێو محەمەد/پەرەگراف.

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

بە دروشمی كوردستان خستنەسەر نەخشەی وزەی جیهانی بە مانای گەشەی ئابوری‌و پێشكەوتن دەستی پێكرد، بە واقیعی، كوردستان بەجێهێشتن لەسەر ساجی عەلی‌و قەرزارییەكی زۆر كۆتایی پێهات، ئەمە چیرۆكی ئاشتی هەورامی وەزیرو ئەندازیاری زیاتر لە 14 ساڵ مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە لەو ماوەیەدا ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە‌و تانەو توانج بووەتەوە.

دوای ساڵ و نیوێک مانەوە بە بەتاڵیی، ئەمڕۆ كەمال ئەتروشی كاندیدی پارتی لە پەرلەمانەوە متمانەی پێدرا بۆ چوونەسەر كورسییەكەی ئاشتی هەورامی، لە دۆخێكی دژواردا كە شەڕو پێكدادانی لێكەوتەوە، 81 پەرلەمانتار دەنگی بەڵێیان بۆ ئەتروشی بەرزكردەوە.

میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەت بە جۆرێك پڕوپاگەندە بۆ وەزیری نوێ دەكەن، وەك ئەوەی مەلەفی نەوتی كوردستان پێشتر كەسی شارەزاو پسپۆڕی بەخۆیەوە نەبینیبێت، لە یەكەم كاردانەوەشدا مەسرور بارزانی سوپاسی متمانەی پەرلەمانی كردو باسی لە تواناو شارەزایی ئەتروشی كردو بە گرنگ بۆ كابینەكەی لەقەڵەمیدا، بەڵام چیرۆكی مەلەفی نەوتی هەرێم‌و ڕەخنەكان پەیوەندیی بە توانای كەسیی وەزیرەوە نییە، هێندەی ئەوەی سەرچاوەی كێشەكە لە شوێنی دیكەوەیە.

ئەتروشی پسپۆڕی بواری دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتە‌و زیاتر لە 40 ساڵ ئەزموونی هەیەو لە چەندین كۆمپانیاو دامەزراوەی بیانیی كاری كردووە، هاوكات ئاشتی هەورامیش كە لە چوار كابینەی ڕابردووی حكومەتی هەرێمدا وەزیر بوو، لەو ڕووەوە هیچی لە ئەتروشی كەمتر نییە، پسپۆڕیی لە نەوتدا هەیەو ئەزموونێكی دەوڵەمەندی لە كارو مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان هەیە.

ئاستی تواناو شارەزایی ئاشتی هەورامی بە جۆرێكە، تۆنی باكینگهام ملیاردێری بەریتانی‌و خاوەن‌و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای هێریتاج ئۆیڵ كە لە كوردستان كاری كردووە، لە دۆسیەیەكی دادگایی كە ساڵی 2012 لە لەندەن تۆماری كردووەو پەیوەستە بە هەرێمی كوردستانەوە، ئاشتی هەورامی بە "ڕێوییەكی پیری فێڵبازی زۆر بەتوانا" وەسف دەكات.

ئاشتی هەورامی لەو ماوەیەی مەلەفی نەوتی هەرێمی بە دەستەوە بوو كەمترین دەركەوتنی لە ڕاگەیاندنەكان هەبووە، پرسیاری زۆری ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئەو مەلەفە بێوەڵام ماونەتەوە، بەڵام لە دەرفەتێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بە شانازییەوە باسی لە پلانەكانی كردووەو ئاماژەی بە دەستی حیزب لە پارەی نەوتدا كردووەو وتویەتی "ئەوە پەیوەندیی بە منەوە نییە".

مانگی 8ی ساڵی 2012، ستافی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بە ئامادەبوونی سەرنووسەری ڕۆژنامەكە لەسەر داوای هەورامی دەچنە وەزارەتەكەی بۆلای، ئەوكات هەڵایەكی گەورەی ڕاگەیاندن لە دژی هەورامی‌و كارو بەرنامەی وەزارەتەكەی هەبوو.

پەرەگراف لە زاری ئامادەبووانی دانیشتنەكەوە زانیویەتی، ئاشتی هەورامی بەجۆرێك باسی هەنگاو و پلانەكانی كردووە كە دەبێتە "مایەی شانازیی بۆ كوردستان"، بەشداربوویەكی دانیشتنەكە دەڵێت "ئاشتی هەورامی وتی، من هەقم نییە پارەكە چی لێدێت ‌و من لایەنی پەیوەندیدار بە پارەكە نیم، بەڵام پارەی نەوت هەیەو بەنیازین هەناردەی نەوت بگەیەنینە 750 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەو حاڵەتەشدا دەكاتە ئەوەندەو نیو بۆ دوو ئەوەندەی ئەوەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت".

دوو ساڵ لە دوای ئەو قسانە، هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوتی هەناردەی دەرەوە كردو سەرەتای گرژییەك لەگەڵ عێراق سەریهەڵدا كە تائێستاش نەچووەتەوە باری ئاسایی خۆی، ڕەنگە زۆر هۆكار هەبن بۆئەوەی ئاشتی هەورامی نەخشەی بۆ كێشا‌و نەهاتەدی، وەك شەڕی داعش‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هۆكارێك كە هەر لەسەرتاوە ئامادەیی هەبووەو بەردەوام جێی ڕەخنەی خەڵك‌و پەرلەمانتارانە بە ئێستاشەوە، دەستی حیزب‌و كەسانی ناو پارتی‌و یەكێتی‌و كۆمپانیاكانی ئەوانە لە داهات‌و قازانجی نەوت بۆ گیرفان‌و بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر حسابی گیرفانی حكومەت.

"لانی كەمی چارەسەر، دەبێت مەلەفی نەوت و گازی هەرێم بە دامەزراوەیی و بە نیشتمانی بكرێت، دەسەڵاتێك لەسەرو بەرژەوەندی حزبی و شەخسی، پڕۆسەی دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت‌و گاز شەفاف بكات‌و كۆتایی بهێنێت بە ناڕونیی داهاتەكەی" ئەمە وتەی دابان محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕانە كە ئەمڕۆ دەنگی بە وەزیری نوێ نەدا.

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش كە بەهەمانشێوە دەنگی بە ئەتروشی نەدا، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "پێمانوایە دۆسێی نەوتی حكومەتی هەرێم بەتەواوی شكستیهێناوە و داهاتەكەی لە خزمەتی شەخس و حزب و بنەماڵە سیاسییەكاندایە و بوون و نەبوونی وەزیرێك هیچ لە گوزەرانی خەڵك و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان ناگۆڕێت".

لەگەڵ ئەو تواناو شارەزاییەی هەیبوو، هەورامی لە ماوەی 14 ساڵ‌و 4 كابینەی حكومەتدا، ئەو وەزارەتەی نەكرد بە دامودەزگایی‌و هەمیشە ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرا "وەزارەتەكە لەناو جانتاكەی خۆیدایە"، هەربۆیە ئێستا وەزیری نوێ دەڵێت، یەكەم كاری دروستكردنی هەیكەلێكە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بە ئاستێكی نێودەوڵەتی.

وەزارەتەكەی ئەتروشی چاوی خەڵكی كوردستانی لەسەرە دۆخی خراپ‌و سەختی دارایی بەرەو باشیی ببات، بەتایبەت كە نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمەو لە دوای ساڵی 2014 كە كێشە كەوتە نێوان بەغداو هەولێرو بودجە لە ناوەندەوە وەك پێویست نایەتە هەرێم، هەمووان چاویان لەسەر پلان‌و بەرنامەكانی ناو جانتاكەی ئاشتی هەورامی بووە، ئێستاش هەر ئەو وەزارەتە چەقی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم‌و ناوەندە.

هەبوونی دەستێك لە سەرووی دامودەزگاكانی حكومەت لەناو نەوتی هەرێمدا، ئاستی متمانەی بەشێكی زۆر لە خەڵكی بەو مەلەفە، بۆ سفر نزیك كردووەتەوە، هەرئەوەشە كە پێیانوایە بە گۆڕینی وەزیرێك ئەو وەزارەتە دەوڵەمەند‌و سەرچاوەی پارەیە ناكەوێتەسەر ڕێی ڕاستی شەفافیەت‌و دادپەروەریی بۆ سوودی گشتی‌و خەزێنەی حكومەت، تا دەستی حیزب‌و كەسانی ناو حیزبی لێ نەبڕدرێت‌و چاكسازی ڕیشەیی تێدا نەكرێت، ئایا مەسرور بارزانی‌و كابینەكەی ئەوە دەكەن؟ ڕۆژگار وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.