
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
لە پێشهاتێكی نوێی ناوخۆیی گۆڕاندا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئەو بزووتنەوەیە هەوڵێكیان دەستپێكردووەو دەیانەوێت گۆڕان بە فەرمیی خۆی بێبەریی بكات لە فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراقو ئەو 5 پەرلەمانتارەی بەغدادیان دەربكرێن.
ئەو هەوڵە بێ بەربەست نییە، خراپیی دۆخی جەماوەریی گۆڕانو ترس لە كاردانەوەو هەڵوێست وەرگرتنی هەندێك بەرپرسی باڵا، هەڵسوڕاو و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستانی بزووتنەوەكە، وایكردووە بۆ بڕیاربەدەستانی گۆڕان هەنگاوێكی لەو جۆرە ئاسان نەبێت، بەڵام بەچڕیی كاری لەسەر دەكەنو "پێدەچێت بەمزووانە ببرێتە جڤاتی نیشتیمانی".
سەرچاوەیەكی باڵا كە زانیاریی وردی لەسەر ئەم پرسە هەیە، بۆ پەرەگراف وتی "عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتیو مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمو تیمی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمو ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتەكانی گۆڕان، پشتیوانیی ئەو هەوڵە دەكەنو لۆبیی بۆ دەركردنی فراكسیۆنی بەغداد دەكەن دەكەن. لە بەرامبەردا لە هەموو ئاستەكانی ناو گۆڕان دژیان هەیە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "دوو ڕۆژە هەوڵەكان بۆ ئەو مەبەستە چڕبوونەتەوە، ئێستا حساباتی ئەوەدەكرێت ئەگەر گۆڕان هەنگاوێكی لەوجۆرە بنێتو خۆی لە فراكسیۆنەكەی بەغدادی بێبەری بكات، ئایا كاردانەوە لە ناوخۆی بزووتنەكەو دامودەزگاكانیو فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان چی دەبێتو هەڵوێستەكان چۆن دەبنو كێی تر لەگەڵیان دەڕوات".
گۆڕان لە بەغداد پێنج پەرلەمانتاری هەیەو یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنەكەیەتی، ئەوان گروپێكی تەباو هاوهەڵوێستن لەناو خۆیانداو چەند مانگێكە دابڕوان لە بزووتنەوەكەیانو هیچ پەیوەندییەكی ڕێكخراوەیی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام هەر خۆیان بە گۆڕان دەزاننو وازهێنانیان ڕانەگەیاندووە.
بەرپرسێكی باڵای گۆڕان كە بەهۆی هەستیاریی پرسەكەوە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بۆ پەرەگراف ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان هەوڵدەدەن "بەزووترین كات فراكسیۆنی بەغداد لە بزووتنەوەكە دەربكرێت".
ئەو بەرپرسە باڵایە وتی"هەوڵێك هەیە تەشهیریان پێبكرێتو كەمپینیان لە دژ بكرێت تاوەكو كۆدەنگیی لە جڤات دروست بكرێت بۆ دەركردنیان، بە پاساوی ئەوەی نزیكبوونەتەوە لە بەرهەم ساڵحو ئەو هاوپەیمانییەی لە بەغداد پێكیان هێناوە بەبێ پرسوڕابووە لەگەڵ گۆڕان".
هاوپەیمانی هیوای كوردستانی، 11ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراو پێكدێن لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان جگە لە پارتیو یەكێتی كە پێشتر بە گروپی 15 ناودەبران بەوپێیەی 15 پەرلەمانتارن.
فراكسیۆنی گۆڕان زۆرترین ئەندامی لەو هاوپەیمانییە هەیەو فراكسیۆنەكە وەك خۆیان بەشدارییان لە هاوپەیمانییەكە كردووە نەك وەك بەشێك لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانییەكە یەك ڕۆژ دوای دامەزراندنی سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیان كرد.
"ڕای گشتی گۆڕان دژی ئەو پەرلەمانتارانە نییە، بەڵام ئەو سەردانەیان بۆ لای بەرهەم ساڵح لە كاتێكی باشدا نەبوو و خراپ لەسەریان شكاوەتەوە" بەرپرسەكەی گۆڕان وای وت.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەوڵی دەركردنی فراكسیۆنی بەغدادی گۆڕان هێشتا بە فەرمیی نەچووەتە هیچ دەزگایەكی گۆڕان تا بڕیاری لەسەر بدرێت، وتی "ڕەنگە بەمزووانە ببرێتە جڤاتی نیشتیمانی"، لە وەڵامی ئەوەی ئەگەری سەرگرتنی هەیە؟ ئەو بەرپرسە وتی "واریدە سەربگرێت، بەتایبەت ئەگەر بخرێتە دەنگدانو زۆرینەو كەمینە ئەگەری هەیە".
لەبارەی كاردانەوەو كاریگەرییەكانی بڕیارێكی لەوجۆرە، بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وتی "دڵنیام كاریگەریی سلبی دەبێت لەسەر گۆڕان. ئەوانەی لۆبی بۆ دەكەن ئەوەندەی لە خەمی دسپلینی حزبیو دڵڕازیكردنی پارتیدان لە خەمی گۆڕاندا نین، ئەگەر لە خەمی گۆڕاندابن دەبێت بیر لە گفتوگۆ بكەنەوە برادەرانی بەغداد فراكسیۆنێكی جیاوازیان ڕانەگەیاندووە تا دەربكرێن بەڵكو چوونەتە ناو هاوپەیمانێتییەك".
پەرەگراف پرسیاری كاریگەریی پارتی كرد لەسەر بڕیارێكی لەو جۆرەی گۆڕان، بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان وتی "پارتی چەندینجار داوای هەڵوێستی لە گۆڕان كردووە لە دژی ئەو پەرلەمانتارانەی بەغداد، بۆئەوەش پێشتریش پلانی دەركردنیان هەبووە لە گۆڕان، بەڵام ڕێگریی لێكراوە".
ئایا هەوڵەكانی ئێستا بۆ دەركردنی فراكسیۆنی بەغداد لە گۆڕان، لەسەر داواكاریی یاخود لەژێر فشاری پارتیدایە؟ بەرپرسەكەی گۆڕان بەمجۆرە وەڵامی دایەوە "ناتوانم پشتڕاستی بكەمەوە ئەمەیان داواكاریی پارتییە یان نا".
بزووتنەوەی گۆڕان لەناوخۆیدا دابەشی دوو بەرە بووە كە هەڵوێستو تێڕوانینی جیاوازیان هەیەو بەرەیەكیان وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی هەرێم دەردەكەوێت، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە كە گۆڕانی خستووەتە ژێر فشاری پارتییەوە.
لەگەڵ دابڕانی فراكسیۆنی بەغدادی بزووتنەوەكە، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانیش بووە بە دوو بەشەوەو نیوەیان ناڕازییو ڕەخنەگرنو پابەندی بزووتنەوەكە نین لە دەربڕینی هەڵوێستیانداو بۆچوونیان نزیكە لە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدادو لە چەند پرسێكدا پشتیوانییان بۆ یەكتریی دەربڕیوە.
گۆڕان تائێستا ویستوویەتی خاوەنداریی لە هەردوو ئاڕاستە ناوخۆییەكەی بكات، میدیای فەرمییو نافەرمیی بزووتنەوەكە هەڵوێستە جیاوازەكانیشیان بڵاوكردووەتەوەو بایەخیان پێداون، بەڵام ئەگەر هەنگاو بە ئاڕاستەی دەركردنی فراكسیۆنی بەغدادی گۆڕان بچێتەسەر، ئەوا بزووتنەوەكە تووشی تەنگژەیەكی دیكەی ناوخۆییو جەماوەریی دەبێتەوە.
ئەو دۆخە ناوخۆییەی گۆڕان لەكاتێكدایە، لەپاڵ ڕەخنەو ناڕەزاییەكانی دیكە، دابەشنەكردنی مووچەو لێبڕینی، فشاری خەڵكی بۆسەر بزووتنەوەكە زیاد كردووە، هەرچەندە ڕەخنەی خەڵك بەگشتی لە كۆی كابینەی حكومەتە، بەڵام خەڵكە ناڕازییەكەو ئەوانەی حیزبیی نین یاخود پارتیو یەكێتی نین، زیاتر ڕوویان لە بزووتنەوەی گۆڕانەو داوای هەڵوێستی لێدەكەن.