پەرەگراف- هەكار مەحمود
ئەم مانگە 30 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كۆتایهاتنی داگیركاریی عێراق بۆسەر كوەیت، پەلامارەكەی عێراق لە مانگی ئابی ساڵی 1990 دەستی پێكردو دوای چەند مانگێك لە شەڕو كاولكاریی بە سەركەوتنی هاوپەیمانان لە گەردەلولی بیابان كۆتایی هاتو گۆڕانكاری ڕیشەیی بەدوای خۆیدا هێنا، یەكێك لەوانە ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان بوو.
دوای 20 هەفتە لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی هێزە سەبازییەكان لە ناوچەی كەنداو، هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا و بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان هێرشێكی ئاسمانییان دەستپێكرد، دواتر چوار ڕۆژ شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەی زەمینی ئەنجامدرا، تا لە 28ی شوباتی 1991 دواهەمین سەربازی عێراقی لە خاكی كوەیت كرایە دەرەوە.
گەردەلولی بیابان، خاڵی گۆڕانكاری سەربازیی بوو، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای كردە بەهێزترین هێزی سەربازیی جیهان، ئەو ململانێ كورتخایەنەی لە ئارادابوو خێراتر یەكێتی سۆڤیەتی هەڵوەشاندەوەو گۆڕەپانەكە بۆ ئەمریكا چۆڵتربوو.
لە جەنگی كەنداودا بۆ یەكەمجار فڕۆكەی شەبەح بەكارهات كە ئامانجەكانی زۆر بە وردی دەپێكا، چەندین شوێن لە یەككاتدا دەكرانە ئامانج، بە پێچەوانەی ڕابردووەوە كە بە زنجیرە هێرش دەكرایەسەر شوێنەكان، مەبەستیش لەو كارە سەرلێشێواندن و دروستكردنی پشێویی بوو.
لەو جەنگەدا هێرشەكان بەشێوازێكی جیاوازتربوون، بەتەواوی پشت بە بۆردومانی ئاسمانی و موشەك و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو دەبەسترا، ئەمەش هەمان ئەو شێوەیەبوو كە دواتر هێزە ڕۆژئاواییەكان بۆ هێرشكردنەسەر چەند شوێنێكی دیكە بەكاریانهێنا، لەوانە هێرشەكانی ناوچەی بەڵقان.
بۆردومانی هاوپەیمانان بۆسەر هێزەكانی عێراق.
دۆخەكە چۆن گەیشتە هەڵگیرساندنی جەنگ؟
بەر لە پێنج مانگ و لە كاتژمێر دووی بەرەبەیانی 2 ئابی ساڵی 1990 عێراق لە سنوری باشورەوە هێرشی كرد و كوەیتی پایتەختی داگیركرد.
هێزە عێراقییەكان لە ماوەیەكی كەمدا سوپای كوەیتیان شكاند كە ژمارەیان زۆر كەمبوو، شێخ جابر ئەحمەد ئەلسوباح میری پێشووتری كوەیت وڵاتەكەی بەرەو سعودیە جێهێشت.
سەدام حسێن باسی لەوە كرد هێرشەكەیان بۆ پاڵپشتی شۆڕشێك بووە كە دژی میری كوەیت بەرپاكراوە، بەڵام كوشتنی ئەو كوەیتییانەی ڕوبەڕوی هێزە عێراقییەكان بوبونەوە، قسەكانی سەدامی بەدرۆ خستەوە.
سەدان هاووڵاتی بیانیی لە كارگە عێراقی و كوەیتی و بنكە سەربازییەكان گیریانخوارد، بەڵام سەرجەمیان پێش ئەنجامدانی هێرشەكەی هاوپەیمانان ئازاد كران.
لەشكركێشییەكە بۆسەر كوەیت لەكاتێكدابوو عێراق لە دۆخێكی ئابوری خراپدا بوو، بەهۆی ئەو قەرزە زۆرەی دوای كۆتایی هاتنی جەنگ لەگەڵ ئێران لەسەری كەڵەكە بووبوو، سەدام كوەیتی تاوانباركرد بە دابەزاندنی نرخی نەوت ئەوەش لەڕێی هانەردەكردنی بڕێكی زیاتری نەوت لە كێڵگە هاوبەشەكانی نێوانیان، كاتێكیش كوەیت ڕەتیكردەوە لەو قەرزانە خۆشببێت كە داوێتی بە عێراق، سەدام حسێن هێرشەكەی ئەنجامدا.
نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی لەشكركێشییەكەی كرد، لە 6ی ئابەوە گەمارۆی خستەسەر بەغداد، دواتر ئەنجومەنی ئاسایش لە 29ی تشرینی دووەمدا بڕیاری 678ی دەكرد كە ڕێگەی دەدا بە بەكارهێنانی هێز دژ بە عێراق، شەوی 15ی كانونی دووەمی 1991 دیاریكرد وەك دوا مۆڵەت بۆ كشانەوەی عێراق لە كوەیت.
سەرەتای مانگی كانونی دووەمی 1991 چەندین هەوڵی دیبلۆماسی ئەنجامدران بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بێ بەكارهێنانی هێز، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژەكاندا دڵنیایی هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر دەبوو.
هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی زەهران لە سعودیە.
هەوڵە عەرەبییەكان بۆ چارەسەر بەتەواوی شكستیان هێنا، خافێر پێرێز دیكۆیار سكرتێری گشتیی ئەوكاتی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوی بەسەدام حسێن كەوت بەڵام نەیتوانی ڕازیبكات بە كشانەوە، تەنانەت سەرۆكی عێراق ڕازی نەبوو بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەوبارەیەوە.
لە 9ی كانونی دووەمدا، جیمس بەیكەر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ تاریق عەزیز هاوتا عێراقییەكەی كۆبۆوە، بەڵام ئەوەش بێئەنجام بوو.
لەو كاتەدا واشنتۆن ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێگا دیپلۆماسییەكانی بۆ گەیشتن بە چارەسەر تاقیكردۆتەوە و چارەسەری دیكە نەماوە، بۆیە لە 12ی مانگدا كۆنگرێس بڕیاری جەنگی بەرامبەر بە عێراق دەركرد.
بێهەڵوێستیی سەدام حسێن لەبارەی كشانەوەوە، زۆر كەسی توڕە و دڵگران كرد، چونكە ئەگەر كشانەوەیەكی كەم لە چەند ناوچەیەك هەبوایە، وایدەكرد كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی هێرشەكەی هاوپەیمانان بێت و فشار بخرێتە سەر ئەمریكا و بەریتانیا بۆ دواخستنی ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابان.
لە 15ی مانگدا هەمووان دڵنیابوون لەوەی جەنگ ڕوودەدات و هێرشەكەش فراوان دەبێت.
شتێكی كتوپڕنەبوو
دەستپێكردنی هێرشی گەردەلولی بیابان لەلایەن هاوپەیمانان و بەسەرۆكایەتی ئەمریكا شتێكی كتوپڕنەبوو.
لە شەوی 16ی كانونی دووەم و 10 خولەك بەر لە نیوەشەو، هەڵمەتێكی فراوانی بۆردومانی ئاسمانی بۆسەر عێراق لەلایەن فڕكەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و سعودیەوە ئەنجامدرا، كەشتییە ئەمریكییەكان موشەكی كروزی بالستییان ئاڕاستەی ئامانجەكان دەكرد.
لەماوەی 24 كاتژمێری یەكەمی جەنگدا هەزار هێرش بۆ پێكانی ئامانجە عێراقییەكان ئەنجامدران، پشكی شێر بەر بەغداد كەوت و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی بونە قوربانی.
ڕۆژی دواتر ئەمریكا جەنگی دووەمی كەنداوی دژی عێراق دەستپێكرد، بەغدادیش هەڕەشەكانی لەبارەی بۆردومانكردنی ئیسرائیل بردەسەر.
وەڵامی سەربازیی عێراق لە 18ی كانونی دووەم دەستی پێكرد تاوەكو 25ی شوبات بەردەوامبوو، لەو ماویەدا 19 هێرشی موشەكی لە خۆرئاوای عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا.
ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەو هێرشانەدا 14 كەس كوژراون و دەیانی دیكە برینداربوون.
لە 23ی مانگ عێراق نزیكەی ملیۆنێك تەن نەوتی خاوی ڕشتە ئاوی كەنداوەوەو ئاگری لە كێڵگەكانی كوەیت بەردا.
لە 24ی شوبات هێزەكانی هاوپەیمانان لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی زەمینییان ئەنجامدا، هەروەها هێرشكرایەسەر ئەو هێزە عێراقییانەی لە خۆرئاوای كوەیت جێگیركرابوون، بەوەش هاوپەیمانان چونە ناو كوەیت و باشوری عێراقەوە.
لە 25ی شوبات عێراق بڕیاریدا بە مەرجەكانی كشانەوە قایل بێت و ڕۆژی دواتر سوپاكەی دەستیكرد بە كشانەوە لە كوەیت.
كشانەوەكە بەڕادەیەك ناڕێكخراوبوو چەندین دەبابە و تانك و زرێپۆش لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات جێمان، ئەوەش ئامانجێكی ڕوون و دیاربوو بۆ فڕكەكانی هاوپەیمانان.
جۆرج بوشی باوك سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا، لە 27ی شوبات بڕیاری وەستانی شەڕ و ئازادكردنی كوەیتی ڕاگەیاند.
14ی ئازاری 1991 شێخ جابر ئەحمەد ئەلسوباح گەڕایەوە كوەیت، ئەو چەند مانگەش حكومەتەكەی لە سعودیەوە كارەكانی ڕادەپەڕاند.
كۆتایی مانگی 2ی 1991 عێراق كشانەوەی لە كوەیت ڕاگەیاند.
ئەنجومەنی ئاسایش لە سێی نیسان بڕیاری 687ی دەركرد كە تێیدا بە فەرمی شەڕی وەستاند لەگەڵ لەناوبردنی چەكە كۆمەڵكوژەكانی عێراق، هەروەها دروستكردنی سندوقێك بۆ هاوكریكردنی ئەوانەی لە هێرشەكەی كوەیت زیانیان بەركەوتووە.
لەو كاتەدا چەندین وڵات بەشداریی بڕیارەكەیان كرد، لەوانە ئەمریكا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنساو ئەڵمانیا هەروەها میسر، سعودیە، ئیمارات، سوریا، قەتەر، عومانو مەغریب.
جەنگی تەلەفزیۆنی
گەردەلولی بیایان بە یەكەم جەنگی تەلەفزیۆنی دادەنرێت، چونكە سەرجەم كەناڵەكان لە یەكەم ساتەوە تا كۆتاییەكەی وێنەی موشەك و فڕۆكە و هێرشەكانیان گواستەوە، تەنانەت وێنەی ئەو ساتانەشی تێدابوو كە موشەكەكان ئامانجەكانیان دەپێكن.
مەبەستی هاوپەیمانان لە پەخشكردنی ئەو هێرشانە، دەرخستنی تواناكانیان بوو لە وردیی پێكانی ئامانجی هێرشەكان.
هاوپەیمانان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژانەیەی دەیانبەست، ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەشیان نمایش دەكرد كە لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە گیرابوون، تێیدا باسیان لەوە دەكرد چۆن شوێنە سەربازییەكانیان وێران كردووە و مەدەنییەكانیان پاراستووە لەو هێرشانە.
بەڵام و لەواقیعدا وێنەكەی پێچەوانە و جیاوازبوو لەوەی لە كۆنگرەكاندا پیشاندەدرا، بەجۆرێك وێرانەیەكی زۆر هەبووە و خەڵكێكی زۆری مەدەنیش بوبونە قوربانیی.
وێرانكردنی بەغداد
هێرشەكانی بەغداد بۆسەر دامەزراوە سەربازی و ناوەندەكانی پەیوەندی و باڵەخانەی پەرلەمان و فڕۆكەخانە و وەزارەتی بەرگری و چەند شوێنێكی دیكەبوو.
وێرانكردنەكە تەنها بەغدادی نەگرتەوە بەڵكو سەرجەم شوێنە سەربازییەكان لە شارە گەورەكانی عێراق كرانە ئامانج، ئەمە جگە لە هێرشكردنەسەر هێزە عێراقییەكان لە كوەیت.
لە 13ی شوبات هێرشی سەر پەناگەی عامرییە لە بەغداد ئەنجامدرا، كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەژاند، زۆرترین قوربانی لێكەوتەوە لە هێرشەكانی گەردەلولی بیاباندا.
ئەو هێرشە لەڕێی فڕۆكەیەكی شەبەحی ئەمریكییەوە ئەنجامدرا، دوو موشەكی لێزەری ئاڕاستەی ژێرخانێك كرد، كە بە ناوەندێكی سەبازی تێگەیشتبوو.
موشەكەكان هەر یەكێكیان 900 كیلۆگرام تەقەمەنی تێدابوو، بەڵام یەكێكیان ئامانجەكەی بە هەڵە پێكا و لە شوێنێكی نزیك كەوتە خوارەوە كە بووەهۆی داخستنی دەرچەی ژێرخانەكە.
موشەكی دووەمیش سەقفی شوێنەكەی بڕی و لە گەورەترین ژووی پەناگەكەدا تەقییەوە، بەو هۆیەوە 314 كەس گیانیان لەدەستدا كە 130یان منداڵبوون.
سەركردایەتی ئاسمانیی هاوپەیمانان نەیاندەزانی ئەو شوێنە لەسەرەتای جەنگەكەوە كراوەتە پەناگە و سەدان كەسی مەدەنی بۆ خۆپارێزی لە هێرشی فڕۆكەكان بەكاریدەهێنن.
كەسوكاری قوربانیان و تەواوی ئەو كەسانەی لە جیهاندا وێنە و ڤیدیۆی بەخەڵوزبووی جەستەی قوربانیانیان بینی، توشی شۆك بوون، حكومەتی عێراق ئەوەی بە هەلێك زانی و سەرجەم كەناڵە ناوخۆیی و بیانییەكانی بانگهێشتی شوێنەكە كرد بۆ ئەوەی وێنەكان بە تەواوی جیهاندا بڵاوبێتەوە.
ئەنجامەكانی جەنگ
هەرچەندە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابان سەركەوتنی بەدەست هێنا و هێزە عێراقییەكانی لە كوەیت دەركرد، بەڵام سەدام حسێن تا ئازاری 2003 بەسەرۆك مایەوە.
لەو كاتەدا زۆر كەس ڕەخەیان ئاڕاستەی بوشی باوك كرد كە بەرەو بەغداد هەنگاوی نەناوە و كۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە عێراق نەهێناوە، ئەویش لە وەڵامدا باسی لەوەكرد، بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو بابەتەی تێدا نەبووە، ئەگەر هێرشەكەش فراوان بكرایە دوور نەبوو هاوپەیمانێتییەكە شكست بهێنێت.
بەپێی ئامارەكان لە گەردەلولی بیاباندا نزیكەی 70 بۆ 200 هەزار سەربازی عێراقی و 200 هەزار كەسی مەدەنی بوونە قوربانی، لە بەرامبەردا 505 سەربازی هاوپەیمانان كوژران كە 472یان ئەمریكی بوون، هەروەها 300 هەزار سەرباز برینداربوونو 30 هەزاری دیكەش بەدیل گیران.
عێراق نزیكەی چوار هەزار دەبابە و 240 فڕۆكەی لەدەستدا، سیستمی بەرگری ئاسمانی و بنكەی هەڵدانی موشەكو كەشتییە سەربازییەكانی لە كەنداو وێرانكران.
چەندین قوتابخانە و زانكۆ و ناوەندی پەیوەندی، هەروەها فەرمانگەی نەوت و ئاو وێستگەی كارەبا زیانیان بەركەوت.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی پارەیەكی زۆری عێراقی لە بانكەكان بلۆك كرد و داوای كرد تەرخان بكرێن بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتووانی داگیركارییەكە كە بە 52 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا.
ئەو ئابڵوقە ئابورییەش كە دوای جەنگەكە خرایەسەر عێراق، 12 ساڵی خایاند و قەیرانێكی گەورەی ئابوری و مرۆڤایەتی دروستكرد و وڵاتەكەی گیرۆدەی هەژاری و چەندین كێشەی تر كرد.
هەفتەیەك دوای دۆڕانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە شەڕەكەو سەركەوتنی هاوپەیمانان لە گەردەلولی بیابان، لە 5ی ئازاردا ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە شاری ڕانیەوە دەستیپێكردو لە چەند ڕۆژێكی كەمدا تەواوی كوردستان ڕزگاركراو بە ئازادكردنی كەركوك لە 21ی هەمان مانگ گەیشتە لوتكە، بەشێك لە سەركردە كوردەكانو چاودێرانی دۆخەكە، پەلاماردانی كوەیت لەلایەن عێراقو گەردەلولی بیابان لە دژی عێراق بە هۆكارێكی سەرەكیی سەرهەڵدانو سەركەوتنی ڕاپەڕینی كورد لە قەڵەم دەدەن.