دۆسیەی دەستگیركراوانی هەولێر و دهۆك لە بەردەم تاوانباركردنەكەی مەسرور بارزانی و چەكوشی دادگادا

15-02-2021 11:01

پەرەگراف - سەنگەر سالار

پڕۆسەی دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی بادینان دەستی پێ‌ كرد. پارێزەرانی دۆسیەكە بەڵگەكانی ئاسایش بە "جێگای گومان و ناڕاست" وەسف دەكەن. تاوانباركردنی پێشوەختەی دەستگیركراوەكان لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە بە "مەترسی" ناو دەبرێت و گومان دەكرێت "كاریگەریی هەبێت" لەسەر بڕیاری دادوەر.

پاش یەكەم دانیشتنی دادگا كە ئەمڕۆ بەڕێوە چوو و پێنج لە تۆمەتباران دادگایی كران، هەر زوو پارێزەرێكی دۆسیەكە ڕایگەیاند كە "تێبینیی ئێجگار زۆر"یان لەسەر ئەو بەڵگانە هەیە كە لەلایەن ئاسایشەوە پێشكەش بە دادگا كراون و بە "دوور لە ڕاستی" ناوی بردن.

"كۆمەڵێك چات خراونەتە ناو دۆسیەكە، ئێمە گومانمان لە هەموو ئەو چاتانە هەیە. هەموو ئەو لاپتۆپ، مۆبایل، سیدی و میمۆرییانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە، جێگای گومانن"، بەشدار حەسەن كە یەكێكە لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، دوای بەشداری لە پڕۆسەی دادگاییكردنەكە وای بە ڕۆژنامەنووسان وت.

ئەو پارێزەرە وتیشی "داوامان كردووە هەموو بەڵگەكان بهێنرێتە بەرچاومان و گوێمان لە بەڵگە دەنگییەكان بێت، تا دڵنیا بین كە ئەوە دەنگی ئەو تۆمەتخراوەپاڵانەیە یان نا".

ئەوەی ئێستا لەم دۆسیەدا بووەتە جێگای باسوخواس و ناڕەزایی پارێزەران و كەسوكاری دەستگیركراوان و تەنانەت یاساناسانیش، قسەكانی مەسروور بارزانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمە كە دەستگیركراوانی بە "سیخوڕ، تێكدەر و چەكدارن" ناو برد. ئەمە سەرباری مامەڵەی ناڕوونی لایەنی پەیوەندیدار ‌و پێنەدانی زانیاری بە ڕایگشتی، كەسوكار و پارێزەرانی دەستگیركراوان هەر لە سەرەتای دەستگیركردنی ئەو كەسانەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، هەفتەی ڕابردوو لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەستگیركردنی چالاكان و ڕۆژنامەنووسانی هەولێر و دهۆك، ڕایگەیاند "ئەوانەی كە گیراون لە بنەمادا نە چالاكوانن نە ڕۆژنامەنووسن، هەندێك لەوانە سیخوڕبوون و سیخوڕییان بۆ وڵاتانی دیكە كردووە، هەندێكیشیان تێكدەر و چەكداربوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵكی بیانی لێرە و كوشتن و ڕفاندن و تێكدانی دۆخەكەیان داوە".

ئەو وتانەی سەرۆكوەزیران، ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو بە "دەستتێوەردان" لە كاروباری دادوەریی ‌و حوكمدانی پێشوەختە لە قەڵەم درا بەر لەوەی دادگا دۆسیەكان یەكلایی بكاتەوە.

دانا دارا، یاساناس، بۆ پەرەگراف سەرسوڕمانی لە قسەكانی سەرۆكی حكوومەت دەردەبڕێت‌و دەڵێت "ئەو قسانە جێگای مەترسین. ئەمە وا دەكات مامەڵەیەكی یاسایی دروست لەگەڵ كەیسەكان نەكرێت".

ئەو یاساناسە ئەم دۆخەی ئێستای بە "تەسفیەكردن و بێدەنگكردن" ناو برد و جەختی كردەوە كە "لایەنی پەیوەندیدار بۆ یەكلاییكردنەوەی هەر تۆمەتێك بریتییە لە دادگا. وەزیر و سەرۆكوەزیران و هەر كەسێكی دیكەیش بۆیان نییە سەبارەت بە تۆمەتباركردنی كەسێك هیچ بڵێن".

هاوكات پێی وایە "كە دۆخی مافەكانی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان گەیشتنە لووتكە، ئەو كاتە ئەوەی پێی دەگوترێت دادگا ڕۆڵی بچووك دەبێتەوە و لایەنی سیاسی و دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و پەرلەمان دەبن بە دادوەر و داوەریی بەسەر خەڵكەوە دەكەن".

هەریەكە لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) كە بەشێكن لە دەستگیركراوان، ئەمڕۆ دادگایی كران. دۆسیەكانی بەدەل بەرواری و ئومێد حاجییش گەڕێندرانەوە بۆ ئاسایشی گشتی و دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، چونكە "دۆسیەكانیان كەموكووڕی لە لێكۆڵینەوەدا هەیە".

هەر سەبارەت بە قسەكانی مەسروور بارزانی، هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەكانی دەستگیركراوان (شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری)، بۆ پەرەگراف وتی "وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت زۆر بە مەترسیدار دەبینم. گومان دەكرێت ئەو وتارە دەستی دادوەر ببەستێت لە بڕیارداندا".

"تا ئێستا دادگا یەكلایی نەكردووەتەوە ئەو كەسانە تاوانبارن یان بێتاوان، سەرۆكی حكوومەت بەر لە بڕیاری دادگا بڕیاری داوە"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

قسەكانی سەرۆكی حكوومەت، كەسوكاری دەستگیركراوانیشی نیگەران كردووە و ترسیان هەیە دۆسیەكە بە ئاقارێكدا ببات كە "سزای قورس"ی بۆ دەستگیركراوەكان لێ‌ بكەوێتەوە.

ئەیهان سەعید، چالاكی مافەكانی مرۆڤ و برای شڤان سەعید (یەكێك لە دەستگیركراوانی بادینان)، بۆ پەرەگراف وتی "قسەكانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم، پێشێلكردن و دەستوەردانە لە كاروباری یاسایی. نابێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەستوەردان لە كاری دەسەڵاتی دادوەری بكات".

ئەو لەگەڵ ئەوەی هەموو تۆمەكان كە دراونەتە پاڵ دەستگیركراوان ڕەت دەكاتەوە، دەشڵێت "ئەوەی كە سەرۆكی حكوومەت بە موتڵەقی هەموو دەستگیركراوەكان بە سیخوڕی و كاری تێكدەرانە تاوانبار دەكات، ناوزڕاندنی دەستگیركراوەكانە و زۆر مەترسیدارە. ئەمە دەری دەخات دادگاكانیش كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی جێبەجێكردن".

یەكێك لە ڕەخنەی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان ئەوەیە كە هەر لە سەرەتاوە دۆسیەكان بە شێوەیەكی "نایاسایی" مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و لە كاتی وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەكان، پارێزەرەكانیان ئامادە نەبوون. ڕێگەش نادرێت كەسوكارەكانیان بیانبینن. هەر بۆیە ئەمڕۆ پارێزەرەكان داوای دووبارە وەرگرتنەوەی وتەی تۆمەتبارەكانیان كردووە.

پارێزەر هەرێم ڕەفعەت بە پەرەگرافی وت "تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە پارێزەری هەبێت و لە كاتی وەرگرتنی وتەی لەلایەن دادوەرەوە، پارێزەرەكەی ئامادە بێت، بەڵام ڕێگەیان پێ‌ نەداوم. لە دهۆك و هەولێریش زۆر داواكاریی بینینی دەستگیركراوەكانم پێشكەش كردووە، بەڵام داواكارییەكانم وەرنەگیراون".

"هەر كەسێك تۆمەتبار بكرێت بە هەر پرسێك، بەپێی یاسا مافی خۆیەتی لە ماوەی 24 كاتژمێردا بزانێت بۆ چی دەستگیر كراوە و بە چی تۆمەتبارە. مافی گرتنی پارێزەر و وتە و تەنانەت بێدەنگبوونیشی هەیە" دانا دارا، یاساناس، وا دەڵێت.

ئەو یاساناسە پێی وایە "دەبێت حكوومەت مافی هاووڵاتیانی بپارێزێت". ئەو نموونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێت "ئافرەتێكی سویدی بووبوو بە داعش، تیمێك لە هەرێم چوو ڕزگاری كرد و بە سەلامەتی گەیاندیانەوە سوید، بۆچی لە هەرێم مافی بیانییەكان لە هاووڵاتیانی خۆی پارێزراوترە؟!".

بە وتەی ئەیهان سەعید بۆ پەرەگراف، لە 13-8-2020ـەوە تا ئێستا "زیاتر لە 400 كەس دەستگیر كراون"، بەڵام زۆربەیان بە "بەڵێننامەی ئەمنیی كە ئیتر خەباتی مەدەنی نەكەن، ئازاد كراون. بەشێكیشیان سزا دراون". وتیشی "ئەوانەی ئێستا لە زینداندا ماون، 76 كەسن".

"ئێمە وەكو كەسوكاری دەستگیركراوان و چالاكانی مافەكانی مرۆڤ، لە هەر بڕیارێكی ناتەندروست كە دەستگیركراوەكان سزا بدرێن، بێدەنگ نابین. جگە لە دادگای تەمیز و دادگای فیدراڵیی عێراق، كەیسەكە دەبەینە ناوەندە جیهانییەكان. دەبێت دادگا بڕیارێكی دادپەروەرانە بدات. بێدەنگبوونمان پەیوەستە بە ئازادكردنی دەستگیركراوەكانەوە"، ئەیهان سەعید وای وت.

هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، لە مانگی ئابی 2020ـەوە دەستیپێكرد، ئەوەش دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی، كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

ئەو خۆپیشاندانە هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی گوزەرانی خەڵك و كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

"هێزێكی چەكداری دەمامكدار، بێ خۆ ناساندن، بە زۆر كوڕەكەیان ِراپێچكردم و ڕفاندیان، بە ئێستاشەوە هەر نەمزانی كام هێز و بۆچی كوڕەكەیان بردم، یان نازانم لە چ زیندانێك و لە كوێیە" محەمەد ئەمین، باوكی گوهدار زێباری پێشتر بۆ پەرەگراف وای وت، ئەو لێدوانەی دوای چەند هەفتەیەك بوو لە دەستگیركردنی كوڕەكەی.

چەندین مانگ دوای دەستگیر كردنیان، كەسوكار و پارێزەرو هاوڕێیانیان، بە پەرلەمانتارانی كوردستانیشەوە تەنها بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوە بوون؛ بۆچی دەستگیركراون و بەڵگەكانی تۆمەتباركردنیان چین؟، بەڵام وەڵام دەست نەكەوت.

هاوكات ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی كوردستان، لە نوسراوێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی لە هەولێرو دهۆك بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنێكی پەرلەمانەوەو وەزیری ناوخۆ بانگهێشت بكرێت، بەڵام ئەوەش گوێی لێ نەگیرا.