سی پی جەی بۆ پەرەگراف: سزادانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان ناڕەوایەو بەڵگەكان جێی باوەڕ نین

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم
كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان(سی پی جەی- CPJ) ڕەخنە لە بڕیارەكەی دادگای هەولێر دەگرێت دەربارەی سزادانی ڕۆژنامەنووسو چالاكان، نوێنەری كۆمیتەكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا بۆ پەرەگراف دەدوێتو بڕیارەكەی دادگا بە "ناڕەوا" لەقەڵەم دەداتو داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكان دەكات.
كۆمیتەكە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییەو چاودێری دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانیی دەكات لە سەرتاسەری دونیا، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی هەرێمو دۆسیەی سزادانی ڕۆژنامەنووسو چالاكانی بادینان دەكات، ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ نوێنەری سی پی جەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا دەڵێت "لەگەڵ پارێزەرەكەی شێروان ئەمین شێروانیو چەند سەرچاوەیەكی دیكە قسەمان كردووەو پێمانوایە سزاكە ناڕێكو ناڕەوایەو ئەو بەڵگانەی لە دادگاییكردنەكەدا خراونەتەڕوو كەمو ناڕاستەوخۆو جێی باوەڕنین".
هەریەك لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) ڕۆژنامەنووسو چالاكانی مەدەنی، یەكی شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا لە 16ی ئەم مانگە لە دادگای هەولێر، بڕیارەكە ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو پارێزەران تانەی لێ دەدەن.
هەر لەچوارچێوەی كاردانەوەكانی بڕیارەكەی دادگادا، ئۆفیسی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "بە وردی چاودێری دەستگیركردن و پاشان دادگایكردنەكانی ئەم دواییەی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانمان كردووە".
"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندكاران بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیش دەبێت لەسەری. كۆمەڵگا دیموكراتیەكان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندكاران دەكەن بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوە" باڵیۆزخانەی ئەمریكا وادەڵێت.
پارێزەرو یاساناسو ڕێكخراوەكان پێیانوایە، ئەوەی دۆسیەی ئەو دەستگیركراوانەی قورس كرد، تاوانباركردنی پێشوەختەی دەستگیركراوەكان بوو لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت كە "كاریگەریی هەبووە" لەسەر بڕیاری دادوەر.
بەرلەوەی دۆسیەكانیان ڕەوانەی دادگا بكرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە دەستگیركردنی ئەو چالاكو ڕۆژنامەنووسانە ڕایگەیاند "ئەوانەی كە گیراون لە بنەمادا نە چالاكوانن نە ڕۆژنامەنووس، هەندێك لەوانە سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ وڵاتانی دیكە كردووە، هەندێكیشیان تێكدەر و چەكدار بوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵكی بیانی لێرە و كوشتن و ڕفاندن و تێكدانی دۆخەكەیان داوە".
نوێنەرەكەی سی پی جەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا، دەڵێت "ئەو لێدوانانەی مەسرور بارزانی هەفتەیەك بەر لە دادگایی كردنەكە كە ڕۆژنامەنووسانی تۆمەتبار كرد بە سیخوڕ بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی هەبێت بۆ پشتگیری كردن لە دڵنیاییەكەی، ئەمەش زۆر جێگەی داخ بوو".
دێلگادۆ دەشڵێت "ئەوان بە لایەنی كەمەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ سزای زیندانییان بەسەرا سەپاوە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی هەرێمێك كە بەردەوام بانگەشەی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕۆژنامەگەریو ئازادی ڕادەربڕین دەكەن، بەڵام بەردەوام بێزاركردن و دەستدرێژی و دەستبەسەركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ھەیە كە ڕووماڵی ناڕەزاییەكان دەكەن ڕەخنەیان لە حكومەت هەیە لە سەرانسەری كوردستاندا".
لە وەڵامی دیندار زێباری نوێنەری حكومەتی هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كە وتی "سی پی جەی زانیاریی هەڵەی لە سەرچاوە ناوخۆییەكانەوە پێدەدرێت"، دێلگادۆ دەڵێت "كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان زۆر وردە لە بەدواداچوونەكانیداو زانیارییەكان لە زیاد لە سەرچاوەیەكەوە وەردەگرێت. بەڕێز زێباری مافی خۆیەتی ڕووداوەكان لە دیدگای حكومەتەوە ببینێت، بەڵام ڕاستییەكە هەر ئەوەیە كە دوو ڕۆژنامەنووس كە زۆر ڕەخنەیان لە حیزبی حاكم و حكومەتی كوردیی هەیە بە شەش ساڵ زیندانی بە بەڵگەی بێ بنەما حوكم دراون".
نوێنەرەكەی سی پی جەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا دەشڵێت "ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانی تر و تەنانەت یاسادانەرانی كوردیش كە ئامادەی دادگاییكردنەكە بوون، هاوڕان لەسەرئەوەی ئەو بەڵگانەی لە دادگاییكردنەكەدا ھەبوون، ئەو بانگەشانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ناسەلمێنن و داوای دادگایی كردنێكی دادپەروەرانە دەكەن و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بۆ بڕیارەكە".
ئەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراقو تەنانەت وڵاتانی دراوسێش جیادەكاتەوە، ئەو پەراوێزەیە لە ئازادیی كە بە یاسا پارێزراوەو جێی شانازیی بووە بۆ دەسەڵاتدارانو حكومەتی هەرێم، بەڵام پێشێلكارییە زەقو بەردەوامەكان نیشانەی پرسیاری لەسەر حكومەتی هەرێمو بەرپرسان دروست كردووەو هەرێمەكەی ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشاری تووندی دونیای دەرەوە كردووەتەوە.
"لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شاهیدی تێكچوونی ئازادی ڕۆژنامەگەری بووین لە كوردستانی عێراق. ئێمە بەڵگەمان هەیە لە زیادبوونی ئەوجۆرە بێزاركردن و دەستدرێژی و دەستبەسەركردنانەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە ڕووماڵی ناڕەزاییەكان دەكەن.. دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانیش لە بەرزبوونەوەدایە" نوێنەرەكەی سی پی جەی وادەڵێت.
ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، "ڕۆژنامەوانە دەستگیركراوەكان بە دەگمەن لە هۆكارەكانی دەستگیركردن یان ئەو تۆمەتانەی كە لەسەریان تۆمار كراون ئاگاداركراون و چەندین مانگ لەژێر لێكۆڵینەوەدا لە زینداندا دەهێڵدرێنەوە".
دێلگادۆ باسلەوەش دەكات، دەسەڵاتدارانی هەرێم بوونی یاسای ڕۆژنامەگەری كوردستان وەك بەڵگەیەك بۆ ڕێزگرتن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری بەكاردەھێنن، بەڵام كاتێك ڕۆژنامەنووسان دەستگیر كران، هەمیشە ئەم یاسایە وەلادەنرێت و یاسای دیكە لەوانە یاسای عێراقیو یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن جێبەجێ دەكرێت.
ئێستا چاوەكان لەسەر بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوەن دەربارەی دۆسیەی ڕۆژنامەنووسو چالاكانی بادینان، نوێنەرەكەی سی پی جەی هیوادارە ئەو هەوڵانە كاربكەنەسەر زوو ئازادكردنی دەستگیركراوان.