ئەنجومەنی پارێزگاكان؛ بارن بەسەر خەڵكەوە یان خزمەتكار؟

10-03-2021 03:14

پەرەگراف- عەمار عەزیز

بودجە و موچەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن دینار دەكەوێت و هێشتا داوای زیادكردنیشی دەكەن، لەكاتێكدا خەڵك بە كارەكانیان قایل نین و پێیانوایە نەیانتوانیوە هیچ گۆڕانكارییەك لە ژیان و گوزەرانیاندا بكەن.

شەباب ئەحمەد، یەكێكە لەو هاوڵاتییانەی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەكو "بارێك بەسەر خەڵكەوە" دەبینێت، بەتایبەت لەو چەند ساڵەی ڕابردودا، كە تادێت ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرەو بارگرانی زیاتر دەڕوات.

هەرێمی كوردستان زیاتر لە شەش ساڵە لە قەیرانی داراییدایە، موچە بە لێبڕینەوە دابەشدەكرێت و چەندین موچە پاشەكەوتكراون، بازاڕەكان سست و جوڵەی بازرگانی لاواز بون.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەر سێ ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك مانگانە سەدان ملیۆن دینار وەكو موچە و بودجە وەردەگرن.

"پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵبوەشێنرێنەوە، ئەوكات پارەیەكی زۆر بۆحكومەت دەگەڕێتەوە و لەجیاتی ئەنجومەن دەتوانرێت لیژنە لەناو ئیدارەی پارێزگا هەبێت و ئەو لیژنانە هاوشێوەی ئەنجومەن سەر‌دانی تەواوی ناوچەكان بكەن بۆ بەدواداچونی كێشە و گلەییەكانی خەڵك بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر" شەهاب ئەحمەد، دانیشتوی قەزای بەردەڕەش بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو دەڵێت، ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانێت لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت ئەگەر بە باشی كارەكانیان بكەن و گەندەڵی نەبێت، بەڵام ئێستا ڕۆڵیان زۆر لاوازە، "مانەوەیان ئێستا تەنیا بۆ بەرژەوەندی گیرفانی خۆیانە" بەوتەی شەهاب.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، كە ئەندامان و لێپرسراوانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش پشتڕاستیانكردۆتەوە، بودجەی پێداویستیی و كارگێڕیی هەر ئەنجومەنێكی پارێزگا نزیكەی شەش ملیۆن دینارە، ئەوەش ساڵانە بۆ هەرسێ ئەنجومەنەكە دەگاتە نزیكەی 216 ملیۆن دینار.

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر 30 ئەندام، سلێمانی 32 ئەندام و دهۆك 28 ئەندامی هەیە، هەر ئەندامێكیش مانگانە موچەكەی دوو ملیۆن و 800 هەزار دینارە، بەڵام ئێستا بە لێبڕینەوە ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەپێی ئامارە و زانیاری ئەندامانی ئەنجومەن بۆ پەرەگراف.

موچەی ئەو 100 ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، بێ لێبڕین، مانگانە 280 ملیۆن دینار و لە ساڵێكدا دەگاتە سێ ملیار و 360 ملیۆن دینار، بەوەش ڕۆژانە موچە و بودجەی هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگا نزیكەی 10 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەكەون.

عەلی ڕەشید، كە ماوەی حەوت ساڵە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە و لەسەردەمی ئەودا سێ پارێزگاری هەولێر گۆڕاون، دەڵێت بڕیاری "زۆر گرنگ"یان دەكردووە و بە تایبەت شانازی بە سێ بڕیارەوە دەكەن؛ ئەوانەیش "پڕۆژەی چەكی موچە بۆ فەرمانبەران و چارەسەركردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، پڕۆژەی پەرەپێدانی كشتوكاڵ و پڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا".

بڕیارەكانی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پەیوەست بون بە چاودێریی بازاڕ و پێكهێنانی لیژنە لەسەر نرخی بەنزین و كەرتەكانی تر، "بە گشتی زیاتر لە 112 بڕیارمان دەركردووە تائێستا".

عەلی ڕەشید بۆ پەرگراف ڕونیكردەوە "داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كرد بودجەكەمان زیاد بكرێت، چونكە بەشی ئێمەی نەدەكرد، بەخۆشحاڵییەوە پێش مانگ و نیوێك ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا‌ مانگانە بودجەكەمان بكرێتە شەش ملیۆن دینار، ئەوەش بۆ كڕینی گازوایلی موەلیدەی ئەنجومەن، قرتاسیە، بەنزین و میواندارییەكانی ئەنجومەن خەرجدەكرێت".

بودجەی پێشتری ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چەند جارێك گۆڕانكاری تێدا كراوە و دوایینجار سێ ملیۆن دینار بووە بەرلەوەی بۆ شەش ملیۆن زیاد بكرێت.

بەرزان حامد، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕابردودا ڕەنگە ئەنجومەنەكەمان وەك پێویست كاری خۆی نەكردبێت، هەمیشە هەر وایە دەسەڵاتی جێبەجێكردن حەزی بەوەنییە دەسەڵاتی چاودێری هەبێت و چاودێری كارەكانیان بكات".

ئەو دەڵێت، ئەگەر پرسیار لە خودی ئەندامانی ئەنجومەنیش بكرێت دەربارەی كارەكانیان لە شەش ساڵی ڕابردوی تەمەنی ئەنجومەنەكەدا لە ئەدای كارەكانیان ڕازیی نین.

ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە 2014ـەوە هەڵبژێراون و دەبوایە لە 2018دا هەڵبژاردنی نوێ بكرێت، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

هەرچەندە بودجەی مانگانەی ئەنجومەن زیادكراوە، بەڵام بەرزان حامد هێشتا ئەوە بە كەم دەزانێت بۆ باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانیان‌و دەڵێت "بە پارەیەكی كەم چۆن دەتوانی بەدواداچون بۆ كارەكانی حكومەت بكەیت لەكاتێكدا دوو ئیدارەی سەربەخۆ لە سلێمانی هەن و سنورێكی بەرفراوانیشە".

ئەنجومەنی سلێمانی 11 ئۆتۆمبێلی هەیە و زۆرینەیان لەكاركەوتون، وەك حامد باسی دەكات، پێیوایە "حكومەت وەك پێویست ئاوڕی لە ئەنجومەنەكان و بە تایبەت ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەداوەتەوە، .. بۆیە نەیتوانیوە وەك پێویست كارەكانی بكات".

لەو شەش ساڵەدا ئەنجومەنی سلێمانی نزیكەی 70 كۆبونەوە و ژمارەیەك بڕیاری هەبووە كە بەوتەی بەرزان حامد، لەگەڵ ئەوەشدا "چاودێریی باشمان كردوە... هەر بەڕێوەبەرێكیش كەمتەرخەمی كردبێت یان تێوەگلابێت لە بە هەدەردانی موڵكی گشتی بانگهێشتمان كردوە بۆ ئەنجومەن".

ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 كاردەكەن و ئەركەكانیان چاودێری ئیدارەی خۆجێی و دەركردنی بڕیار و ڕێنماییە بە مەرجێك لەگەڵ یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمدا ناكۆك نەبن.

هەڵكەفت وەحید، هاوڵاتییەكی شاری دهۆكە و زۆر بێ ئومێدە لە ئەنجومەنی پارێزگاكان، چونكە "شەش ساڵە هیچ گۆڕانكارییەكی نوێم نەبینیوەو جگە لە بارگرانی بۆ سەر حكومەت كە مانگانە پارەیەكی زۆر وەردەگرن، هیچی دیكە نییە".

ئەو هاوڵاتییە چاوەڕێ بووە لانیكەم لەسەر گەندەڵی، لێپرسراوان لە ئەنجومەنەوە متمانەیان لێوەربگیرێتەوە.

"ئەگەر ئەنجومەنێك بەوردی بەدواداچون بۆ پڕۆژەكانی حكومەت و بازاڕ نەكات، لێپرسراوانی گەندەڵ لەكارەكانیان دورنەخاتەوە ئیتر بۆچی هەبێت؟" هەڵكەفت وای وت، داواكاریش بوو ئەنجومەنەكە ئەوەی لەسەرشانیانە وەكو ئەرك جێبەجێی بكەن.

لە چەند مانگی ڕابردودا لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم، خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی خراپی گوزەران هەبون، بێ ئەوەی هیچ دەرئەنجامێكی لێبكەوێتەوە.

ئیدریس هەركی، سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ژمارەیەك بڕیاری زۆر گرنگمان دەركردووە، كە شانازیی پێوە دەكەین و لەبەرژەوەندی خەڵكدا بون"، ئەوەشی خستەڕوو ئەو بڕیارانەش؛ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی ناوچەی كواشی، كەمكردنەوەی بڕی پێنج هەزار دینار لە نرخی پشكنینی پزیشك، ڕاگرتنی زیادەڕۆیی و گۆڕانكاریی بووە لە پۆستە ئیدارییەكاندا.

ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك 114 كۆبونەوەی هەبووە لە تەمەنیدا و 120 بڕیاری دەركردووە.

ئیدریس هەركی دەشڵێت، مینحەی مانگانەی شەش ملیۆن دینار بۆ پێداویستییەكانی ئەنجومەنەو ئەندامان بە پارەی خۆیان بەنزین دەكڕن بۆ هاتوچۆی كارەكانیان و دەرچون‌و بەدواداچون.

هەروەها پێیوایە "تاڕادەیەك كاری باشمان كردووە، بەڵام بەپێی خواست و داواكاری ئێمە نەبووە،‌ ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كەموكورتی لەیاسای كاری ئەنجومەن".

هەر گۆڕانكارییەك لە شێواز و ئەدای ئەنجومەنی پارێزگاكان پێویستی بە پەرلەمانی كوردستانە.

نزار مەلاعەبدولغەفار، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان بە پەرەگرافی وت "هەر مادەیەك یان بڕگەیەك لە یاسای كاری ئەنجومەن پێویستی بە هەمواركردنەوە هەبێت بەدڵنیاییەوە كاری بۆ دەكەین، ئەو بڕگانەی كە ئەوان تێبینییان لەسەر هەیە دەكرێت بە یاداشتێك ئاڕاستەی پەرلەمانی بكەن".

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە حكومەت "زۆر گرنگی بە ئەنجومەنی پارێزگاكان دەدات"، تەمەنیان درێژكراوەتەوە و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە، "حكومەت لە قەیرانی داراییدایە،.. بێگومان ئەگەر بارودۆخی دارایی باش ببێتەوە ئەوا بودجەیەكی باشتر بۆ ئەنجومەن دابیندەكرێت".