كونسوڵی گشتی بەریتانیا بۆ پەرەگراف: چاكسازیی هەرێمی كوردستان سەقامگیرترو پارێزراوتر دەكات

30-03-2021 08:49
جەیمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

لەم مانگەدا بەرپرسانی بەریتانیا بە بڵاوكردنەوەی لێدوانێك یادی 30 ساڵەی بڕیاری سەرۆك وەزیران جۆن مەیجەریان كردەوە بۆ هاوكاریكردن لە دامەزراندنی "ناوچەی دژە فڕین" بەسەر باكوری عێراق، ئەو بڕیارە یارمەتیدەر بوو بۆ دروستكردنی هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆ. لەوكاتەوە هەرێمی كوردستان و بەریتانیا پەیوەندیی پتەوی نێوانیان پاراستوە، لەونێوانەشدا كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر ڕۆڵێكی دیبلۆماسیی گرنگی هەیە.

پەرەگراف لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر، لە ڕێگەی ئیمێڵەوە چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا لەبارەی چەند پرسێكی نێوان بەریتانیاو هەرێمی كوردستان، لەوانە؛ پەیوەندی دووقۆڵی، ڕۆڵی بەریتانیا لە هاندانی هاوكاری‌و ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر و چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە. سۆرنتۆن تەئكید لە پشتیوانیی وڵاتەكەی دەكاتەوە بەتایبەت لە یارمەتیدانی حكومەتی هەرێم بۆ پڕۆسەی چاكسازیی لە كەرتە جیاوازەكان.

پەرەگراف: چۆن دەڕواننە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان؟

جەیمس سۆرنتۆن: بەریتانیا هەرێمی كوردستانی عێراق بە هاوبەشێكی گرنگ دەبینێت. بەهۆی شوێنەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی كلتورێكی زۆر جوان كە بۆ بەریتانیا و هاوبەشەكانمان گرنگە. بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، عێراق و هەرێمی كوردستان وەك ئەولەوییەت بۆ بەریتانیا نیشان دەدات، كاتێك دوو وەزیری بەریتانی لە مانگی كانوونی یەكەمی ڕابردوودا گەشتیان بۆ هەرێمی كوردستان كرد، بە هەمان ئەنجام گەیشتبوون.

پابەندی و وابەستەییمان بۆ عێراق لە قەبارەی ئەو تۆڕەدا دیارە كە لەم وڵاتە هەمانە، كە یەكێكە لە گەورەترین تۆڕەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كونسوڵگەریی گشتی بەریتانیا لە هەولێریش یەكێكە لە گەورەترین كونسوڵگەرییەكانی بەریتانیا لە جیهاندا.

ئەوەی تیمەكەم دەیكات كاركردنە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگای كوردیی، ئێمە كاتێكی زۆر بۆ كاری چاكسازیی تەرخان دەكەین‌و ئامانجمان ئەوەیە یارمەتی حكومەتی هەرێم بدەین بۆ بەرەو پێشخستنی سیستمەكانی، ئاسایشی زیاتر و لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی زیاتر، هەروەها كەمتر پشت بە سیاسەتی حیزبیی ببەستن. ئەولەویاتی چاكسازیمان دابەش كردووە بۆ سێ پۆلێن: سیاسی، بەرگری و ئاسایش لەگەڵ ئابوری. ئازادی ڕاگەیاندن و بەهێزكردنی ژنان، لە بنەما گرنگەكانی كارەكانمانن‌و ئێمە بەردەوام دەبین‌و پشت بە شارەزایی كوردەكان دەبەستین لە ناوەوەو دەرەوەی حكومەت.

پەرەگراف: بەریتانیا چ ڕۆڵێك دەبینێت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا؟

جەیمس سۆرنتۆن: كونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر هەموو ڕۆژێك لەگەڵ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا كار دەكات. ئێمە دەزانین عێراقێكی سەقامگیر و ئارام پێویستی بە جێگیرییەكی دارایی دادپەروەرانە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا. ئێمە پێگەی خۆمان لە هەردوو شار بەكار دەهێنین بۆ هاندانی دیالۆگ لە نێوان سیاسیییەكان لە لایەنە جیاوازەكانەوە. ئێمە بەردەوام قسە لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان دەكەین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزەكەمان لەبەغدا لەگەڵ هەمان كار دەكات لەگەڵ ئەوانەی پەیوەندیی لەگەڵیاندا هەیە. هەروەها لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكانی دیكە لە عێراق كار دەكەین وەك نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدەن بۆ سەقامگیریی زیاتر لە عێراق.

پەرەگراف: یارمەتییەكانی بەریتانیا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە چ ئاستێكدان وەك بەشێك لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش؟

جەیمس سۆرنتۆن: لە ئەیلولی 2014 پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی دا بە پشتگیریكردن لە چالاكیی سەربازی لە عێراق، بەشداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا بوو، ئێمە لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كار دەكەین بۆ شكستپێهێنانی داعش.

لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا تێكەڵەیەك لە فڕۆكەی جیاوازی بڵاوەپێكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانی دژە داعش. بەریتانیا دووەم گەورەترین بەشداری هەڵمەتی ئاسمانی بووە و هەزاران ئەركی ئاسمانیمان ئەنجام داوە و زیاتر لە 1500 هێرشی ئاسمانیمان دژ بە داعش لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە. لەم هەفتەیەدا بەریتانیا پشتیوانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی عێراقی كرد لە كاتێكدا لە مەخمورەوە هێرشیان كردەسەر داعش.

هەروەها سوپای بەریتانیا بە مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژی سەربازی پشتگیری پێشمەرگە و هێزی ئاسایشی عێراقی كردووە. ڕاهێنەری پسپۆڕی بۆ هەزاران سەرباز دابین كردووە.

پەرەگراف: بەریتانیا چۆن دەتوانێت یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات یان هاوكاریی بكات بۆ پێشخستنی هەوڵەكانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەتایبەت لە ناو وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەدا؟

جەیمس سۆرنتۆن: ساڵی 2015 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، داوای لە حكومەتی بەریتانیا كرد كە هاوكارییان بكات بۆ چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەو تێڕوانینەی بۆ چاكسازیی ئەوەبوو لە كۆتاییدا ڕێكبخرێتەوە وەك یەك هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانیی - مام جەلالیش خەونی هاوشێوەی هەبوو. ئامانجەكە ئەوەبوو ئەم هێزە بخرێتەژێر كۆنتڕۆڵەوە بە شێوەیەكی مۆدێرن، شەفاف‌و چاكسازیی كراو لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەدا.

لە ساڵی 2017ەوە بەریتانیاو ئەمریكا، ئێستاش بە بەشداریی هۆڵەندی و ئەڵمانییەكان، ڕاوێژكاری باڵای سەربازییان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابینكردووە، بۆ ئەوەی ڕاوێژ پێشكەشی وەزیر و ئەفسەرانی پێشمەرگە بكەن لەسەر ئەو چاكسازییانە. پلانەكە لەلایەن وەزیری كاروباری پێشمەرگە و لیژنەی باڵاوە پەسەند كراوە و لە ساڵی 2017دا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند كراوە.

بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە كاركردنی بۆ چاكسازیی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا، بە جەختكردنەوەی تایبەت لەسەر پیشەگەریی پەروەردەی سەربازیی بە نیازی پڕۆژەیەكی گەورەین بە كردنەوەی دووەم‌و سێیەم كۆلێژی سەربازیی‌و یارمەتیدانی ستافی كۆلێژی ڕانیە بۆ نوێسازیی‌و پێشخستنی مەشقەكانیان. لە ئێستاشدا ئەفسەرێكی پێشمەرگەمان لە ساندهێڕست -یەكێكە لە پێشەنگترین كۆلێژە سەربازییەكانی بەریتانیا- مەشق و ڕاهێنان دەكات. لەم ساڵیشدا دوو پێشمەرگەی ئافرەت بە پلەی ئەفسەر و یەك كارمەندی پێشمەرگە مەشق و ڕاهێنان وەردەگرن لە بەریتانیا.

لەم دواییانەدا لەگەڵ كۆنسوڵی گشتی و ڕاوێژكارانی سەربازیی كۆبوومەوە بۆ تیشكخستنەوەسەر هەوڵەكانی چاكسازیمان. بەردەوام دەبین بۆ هاندانی یەكڕیزیی لە نێوان سیاسییەكانی هەموو لایەنەكاندا. یەكڕیزی و پشتیوانی سیاسیی گرنگن بۆ تواناكانمان بۆ پێشكەوتن و بەرەو پێشچوون. هیوادارم ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ هاندانی گشت لایەنەكان بۆ جەختكردنەوە لە هەوڵەكانیان لە هەموو ئاستێكدا بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە گرنگە. چاكسازیی، هەرێمی كوردستان سەقامگیرو پارێزراوتر دەكات.