كێ لە سلێمانی دەسەڵاتدارە؛ حزب یان حكومەت؟

04-04-2021 05:57
دەروازەی سلێمانی. وێنە؛ هەكار مەحمود- پەرەگراف

پەرەگراف- هەڤاڵ غالب

لەكاتێكدا زۆربەی لێپرسراوانی باڵای حزبی، لە بۆنە و ڕوداوە جیاوازەكانی سلێمانی دەردەكەون، قسە دەكەن و هەندێكجار بڕیاری یەكلاییكەرەوەش ڕادەگەیەنن، بەڵام پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕەتیدەكەنەوە هیچ دەستتێوەردانێك لە ئیدارەدانی شارەكەدا هەبێت، تەئكید دەكەنەوە بڕیار و قسەی كۆتاییش هەر لای حكومەتی خۆجێییە نەك حزب.

هەرچەندە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، بە بەشداری چەند لایەنێكی دیكە پێكهێنراوە، بەڵام هەموو چاوەكان لەسەر یەك حزبە و زۆرترین قسەشیان وەك دەسەڵاتداری شارەكە هەیە.

لە دوایین نمونەدا، هەفتەكانی ڕابردوو لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی، لەبری شارەوانی و حكومەتی خۆجێیی، هەڕەشەی تێكدانی شوێنی "زیادەڕۆیی" كرد و هەر ئەویش شۆفڵی بردە ئەو شوێنە و هەڕەشەكەی كرد بە كردار.

"پشتیوانی هەیە.. نەك دەستتێوەردان"

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پێداگری لەسەر ئەوەدەكات حكومەتی خۆجێیی دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە، بێ هیچ فشار و دەستتێوەردانێك.

"دەستوەردانی حزبی لە ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای سلێمانیدا نییە، لایەنە سیاسیەكان لە ڕێگای نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگا پێشنیارەكانیان بۆ ئیدارەی خۆجێیی گەڵاڵە دەكەن، ئەوەی كە هەیە پشتیوانی دام و دەزگا خۆجێییەكانە نەك دەستتێوەردان" پارێزگار بۆ پەرەگراف وای وت.

ئیدارەی هەر پارێزگایەك كارەكانی بەپێی یاسا ڕێكخراوە و لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگادان.

هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت "ئێمە بەپێی یاسا و بڕیارەكان كاردەكەین، ئەگەر داواكارییەكی سیاسیش هەبێت بۆ پڕكردنەوەی پۆستێك دەبێت بەو ڕێكارانەدا بچێت كە بۆ پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگا دیاریكراوە، بۆیە دواتر بڕیاردانەكەی دێتەوە ناو حكومەتی خۆجێیی سلێمانی".

ئەو پێیوایە باسكردنی زۆری سلێمانیی لەڕوی ئەمنییەوە بەهۆی زۆری میدیاوەیە لە سنورەكەیدا، هەر خۆشیان داوایانكردووە لە دامودەزگاكان دەست بەڕووی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە نەنێن و زانیاری تەواویان پێبدرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر دەربارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان وتی "هیچ ڕۆژێك نییە لە سلێمانی دەیان پڕۆژەی بچوك و مامناوەند نەكرێت، تەنانەت پڕۆژە ستراتیژی و گەورەكانیش دەستیپێكردۆتەوە ئەوەش بەراورد بە هەندێك شاری كوردستان لە ئاستی پێشەوەدایە".

ئەوە لەكاتێكدایە زیاتر پڕۆژەكانی هەولێر دەردەكەون‌و دیارن، بە تایبەت لە دروستكردنی شەقامدا.

پارێزگار لەوبارەیەوە دەڵێت "بابەتی ڕێگاوبان لە هەولێر بابەتێكی ستراتیژیی گرنگە و پەیوەندی بە بەستنەوەی هەرێم هەیە بە توركیا و ئەوروپاوە، فراوانی شەقامەكانی هەولێریش جیاوازە لە سلێمانی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی شارەكە، لە هەمانكاتدا لە ڕووی تەندروستی و ژینگە و ئاوەڕۆ و پەرەوەردە و زانكۆ حكومییەكان و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانیی سلێمانی ناوازەیە".

گۆڕان: دەستتێوەردان هەیە

بەپێچەوانەی پارێزگارەكەیەوە، كە لە پشكی خۆیەتی، بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە دەستتێوەردان لە ئیدارەدانی سلێمانی هەیە و حوكم لای حزبە.

كاوە عەبدوڵا، ڕێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆران بۆ پەرەگراف وتی "بەوپێیەی زۆربەی دام و دەزگاكانی حكومەت بە حزبیی كراون، بەڵێ‌ دەستێوەردان هەیە، بەڵام ئاشكرا نییە، پارتی هەولێری قۆرخكردووە و یەكێتیش بەجۆرێك لە جۆرەكان سلێمانی قۆرخكردووە و پۆستەكان بە هی خۆی دەزانێت و دەڵێت دەبێت بۆ من بێت".

ئەو دەڵێت، وەك گۆڕان پێیان باشە هەموو پۆستەكان بە سیڤی بدرێن.

"لە هەردوو زۆن بڕیاردان لای حكومەت و ئیدارەكان نییە و لای حزبە، لە سلێمانی پارێزگار لای گۆڕانە، بەڵام هەموو دەزگا ئەمنییەكان لای یەكێتییە، ئەمەش وایكردووە هەندێك قەرار دەدرێت حكومەت بێبەری دەبێت لێی لەوانەیە هەندێك جار ئاگاشی لێ نەبێت،... ڕەنگە ئەم كێشەیە لە هەولێر كەمتربێت، چونكە تەنها یەك حزب باڵادەستە".

لێپرسراوەكەی گۆڕان دەربارەی پڕۆژەكان، نمونەی ئەوەی هێنایەوە "ئەوەی لە تەلەفزیۆن دەیبینین لە سلێمانی شەقامی 100 مەتری بە خێشە خێش تەواو دەكرێت و لە هەولێر شەقامی 150 مەتری دەكرێـتەوە، ئیتر بۆت دەردەكەوێت ئاوەدانی لە هەولێر زیاترە".

لە مانگەكانی ڕابردودا چەندین ڕوداوی ئەمنیی لە سلێمانی ڕویانداوە و لە هەر یەكێكیان لێپرسراوێكی باڵای حزبی قسەی تیا كردووە و وەك لایەنی جێبەجێكار بەڵێنی لەبارەیانەوە داوە.

یەكێتی: دەستتێوەردان نییە

یەكێتی لە سلێمانی، كە 30 ساڵە حزبی یەكەمی دەسەڵاتداری پارێزگاكەیە، ڕەتیدەكاتەوە هیچ دەستتێوەردانێك هەبێت و قسەی لێپرسراوەكانیشان لە پێشهاتەكانی شارەكەدا، وەك پاڵپشتی لێكدەدەنەوە.

ئاڤێستا شێخ محەمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لەگەڵ ئەوەی پێیوایە هیچ دەستوەردانێكی حزبی لە كاروباری ئیدارەی پارێزگای سلێمانیدا نییە، بۆ پەرەگراف وتی "ئەگەر هەشبێت بۆ پاڵپشتی ئیدارەیە نەك بۆ مەرامی تایبەتی حزبەكە".

ئەو دەڵێت، هەر كەسێكی حزبەكەی هەوڵی دەستتێوەردان بدات ڕوبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە لەلایەن حزبەوە.

"بڕیاری كۆتایی سنوری سلێمانی لای ئیدارەی پارێزگاكەیە و سەركەوتنی ئەوانیش كەوتۆتەوە سەرخۆیان، ئەو قسانەشی لەسەر ئیدارەی سلێمانییە بۆ پشتگوێخستنی لامەركەزییە كە بەبڕوای ئێمە لامەركەزیەت ڕێگایەكی باشە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی سلێمانی و بەهەمانشێوە بۆ پارێزگاكانی تریش".

بڕیار لای كێیە؟

بەبڕوای ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەی لەسەردەمی سەرهەڵدانی كۆرۆنا لایەنەكان بە تایبەت حزبەكەی ئەو، یەكێتی لە سلێمانی نواندی "دەعمی مادی و مەعنەوی بوو، واتە هاوكاری بووە نەك وەك دەستوەردان".

ئەو بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە "هیچ دەستوەردانێك بە زەقی نابینین و تائێستا هیچ دام و دەزگایەك نەهاتووە سكاڵا لای ئێمە بكات و بڵێت حزب دەستوەردانی كردووە لە كارەكانماندا".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا جەختیكردەوە لەوەی، هەموو بڕیارەكان لای حكومەتە، قسەكردنیش لەسەر سلێمانی پەیوەندی بە میدیاوە هەیە، ئەگەرنا ئەوەی بەلای سلێمانیەوە گرنگە لامەركەزییە لەڕووی ئیداری و داراییەوە.

ئازاد محەمەد ئەمین بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی وتی "پڕۆژەی زۆر جێبەجێكراوە و پڕۆژەش ماوە جێبەجێ بكرێت، پڕۆژەكانیش بەپێی ئەو پارەیە بووە كە حكومەت دایناوە بۆ پارێزگاكە، بەڵام هێشتا لە ئاست خواست و داواكارییەكاندا نییە".

"هەوڵێك بۆ كوشتنی سلێمانی هەیە"

هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی زۆرترین ڕەخنەیان لەسەر خزمەتگوزارییەكان و خراپیی ڕێگاوبانەكان هەیە، بەشێك لە ڕێگاوبانەكان ساڵانێكە نەتوانراوە تەواو بكرێن لە نمونەی ڕێگای سلێمانی- گەرمیان و چاككردنی تونێلی دەربەندیخان و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ.

سیروان بابان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "لەم وڵاتەی ئێمە حكومەت حزب دەیبات بەڕێوە، لەم وڵاتە كاغەزی بەرپرسی حزبی لە كاغەزی بەرپرسی حكومەت زیاتر دەیخوات، بەڵێ لە سلێمانی دەستوەردانی حزبیی هەیە بەتایبەت لە سنورەكان".

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە هەوڵێكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ "بۆ كوشتنی سلێمانی هەیە"، هەوڵەكە بۆ ناشیرینكردن و گرتنەوەی بودجە و دروستكردنی دیعایەیە، بەڵام "تائێستا بۆم ڕوون نەبۆتەوە كێ لە پشتی ئەو هەوڵەوەیە".

"هەموو پڕۆژەكان و نەخۆشخانە ئەهلییەكان‌و هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە سنورەكان هەمووی لای كوڕی فڵان و فیسارە، بۆیە نەك بڕیاری ئیدارە، تەنانەت پارەش لای حزبە و دەیدات بە حكومەت".

بەپێچەوانەی لێپرسراوانی حكومی سلێمانییەوە، لە نێویاندا پارێزگار، ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی زۆری لە پڕۆژەكان هەیە، بە كەرتەكانی نیشتەجێ بوون و ڕێگاوبان و بەنداو و كارەباوە.

"تەنانەت بەشێك لە كارگەكان لە ترسی زیادكردنی باج و ئەوەی وەك قاچاخچی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، سلێمانی جێدەهێڵن، تەنانەت كارگەكان بیانەوێت كەلوپەلێك لە ئێران هاوردە بكەن دەبێت كەسێك بكەنە شەریك بۆ ئەوەی كاریان بڕوات" سیروان بابان وای وت.

لەپاڵ ئەو دۆخەی ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێت، پرسی لامەركەزیی كارگێڕی‌و دارایی تا مامەڵەی ڕاستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدادو تەنانەت دروستكردنی هەرێمی سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا كەمپەین‌و چالاكیی جۆراوجۆریان بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی فەرمیی‌و كرداریی بۆ جێبەجێ كردنیان نەنراوەو تەنها لە شەقام‌و ناو میدیادا ماونەتەوە.