دەستگیركراوانی دیكەی بادینان؛ نە خۆیان دیارن نە دۆسیەو ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان

10-04-2021 03:25
كاركەر ڕۆستینكی ‌و بەندەوار ئەیوب دوو لە دەستگیركراوانی بادینان.

پەرەگراف- سەنگەر سالار

دەیان دەستگیركراوی دەڤەری بادینان، شەش مانگیان لە زیندانەكاندا بەڕێكردووە بێ ئەوەی كەسوكاریان هیچ لە بارەی تۆمەتەكانیان، چارەنوسی خۆیان و دۆسیەكانیشیانەوە بزانن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، جگە لەو پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاكوانەی حوكمدران، چەندین دەستگیركراوی دیكەی بادینان هێشتا كەسوكاریان لەو قۆناغەدان بزانن لە كوێ زیندانیكراون و تۆمەتەكانیان چین؟ بەڵام هیچ كەسێك وەڵامی ئەو پرسیارەیان ناداتەوە.

"تائێستا هەر ناشزانین بە چ تۆمەتێك دەستگیركراوە و پێمانناڵێن، لەكاتێكدا ئەو بەشداریی هیچ خۆپشاندان و چالاكییەكی نەكردووە، بەڵكو پیشەی كرێكارە" حەمودی وای وت، ئەو برای دەستگیركراوێكی بادینانە بەناوی بەندەر ئەیوب.

بەندەر لە 4ی ئەیلولی 2020دا لە نێو ماڵەكەی خۆی دەستگیركراوە و "تائێستا پارێزەرەكەی نە خۆی‌و نە دۆسیەكەشی نەبینیوە".

حەمودی بۆ پەرەگراف وتی "لەو ماوەیەدا دووجار بە تەلەفۆن پەیوەندیی پێوە كردووین و یەك جاریش برایەكم تەنیا پێنج خولەك لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بینیویەتی".

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جگە لە هەواڵپرسینی كەسوكار، بەندەر هیچی دیكەی نەوتووە.

هەر ئەو نییە زانیاری لەسەر دۆسیەكەی ئاشكرانەكراوە، چەندین كەسی تر لە مانگەكانی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو تا سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون، بەشێكیان هەر ناشزانرێت لە كوێ زیندانین.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بۆ پەرەگراف رونیكردەوە كەسوكاری نۆ كەس لەو زیندانییانەی دیكەی بادینان كە لە خۆپیشاندانەكانی شیلادزێ‌ دەستگیر كراون، پەیوەندییان بەوانەوە كردووە تا بریكارنامەیان بۆ بكەنەوە.

"حاكم داوای كردووە پەنجەمۆر لە زیندانییەكان وەربگیرێت بۆ وەكالەتەكە، بەڵام ئاسایش ڕێگە نادات و هەر جارەی بە پاساوێك بەڕێمان دەكەن. جارێك دەڵێن گۆڕانكاری لە بەشەكانی ئاسایشدا دەكرێت، جارێك دەڵێن دەوام نەماوە".

بەشدار دەڵێت، چەندین جار چوون بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆری ئەو زیندانییانە، "وەكالەتنامەكانمان داوە بە ئاسایش تا بیدات بە زیندانییەكان پەنجەمۆری لەسەر بكەن، دوایینجار 17ی ئازاری 2021 بوو وتیان پەنجەمۆرەكان تەواو نەبووە، ئاخر دەبێت پەنجەمۆرێك چەندی پێ‌ بچێت؟".

بەوتەی ئەو پارێزەرە، تائێستا نازانن چ تۆمەتێك دراوەتە پاڵ ئەو دەستگیركراوانەی دیكە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، ژمارەی دەستگیركراوان لە ساڵی ڕابردووەوە دەیان كەسن و تەنیا لە بادینان نین، بەشێكیان لە هەولێرن و هەندێكیشیان فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە و دەستگیرنەكراون‌و ناوچەكانی خۆیانیان جێهێشتووە.

پەروەر، برای كاركەر ڕۆستینكی یەكێك لە دەستگیركراوەكانی دیكەی بادینان بۆ پەرەگراف وتی "پێیاننەوتین بە چ تۆمەتێك دەستگیری دەكەن و تا ئێستا نازانین".

كاركەر لە 5ی ئەیلولی 2020 لە دهۆك دەستگیركراوە، ئەو قوتابیی و لە هەمانكاتدا شۆفێری تاكسی بووە.

"بەشداریی هیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێكی نەكردووە.. ڕێگە نادەن نە ئێمە و نە پارێزەرەكەی بیبینین".

بەوتەی پەروەر تەنیا یەك جار لە ئاسایشی گشتیی هەولێر بینیویانە، "كە دەچین بۆ سەردانی، هەر جارەی پاساوێك دەهێننەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە بینینی نەدەن، جارێك دەڵێن لەبەر كۆرۆنا و جارێك شتێكی دیكە".

پەرەگراف لەگەڵ چەندین پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان قسەی كرد، بەڵام زانیارییان لەسەر دۆسیەكان نەبوو. كەسوكاری بەشێك لە دەستگیركراوەكانیش ئامادەنەبون بۆ میدیا قسە بكەن.

چڕبونەوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانان دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020، كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

زۆرینەی دەستگیركراوان بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕوبەڕوی دادگا كراونەتەوە، لە نێویاندا پێنج كەسیان ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ بە شەش ساڵ زیندانیی حوكمدران و سزاكەیان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، هێشتاش لە قۆناغی تەمیزكردنەوەدایە.

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان كە زانیاری لەسەر دەستگیركراوەكانی دیكە نەبوو، بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە "تەنیا دۆسیەی حەوت كەس دیارە كە دادگایی كراون، ئەو پێنج كەسەی كە سزا دراون، لەگەڵ بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، كە هەموویان تۆمەتی هاوشێوەیان دراوەتە پاڵ".

جیاوازیی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی لەگەڵ پێنج كەسەكەی تر ئەوەیە كە "ئەوانی دیكە دانپێدانیان هەیە، بەڵام ئەم دوو كەسە دانپێدانانیان نییەو هەموو تۆمەتەكانیان ڕەتكردوەتەوە".

دەزگای ئاسایش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بەناوی "دانپێدانانی" دەستگیركراوانی حوكمدراوی بادینان بڵاوكردەوە، بەڵام هەرزوو لەلایەن پارێزەر و كەسوكاریان ڕەتكرایەوە.

"بەپێی یاسا پێویستە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا كە وتەیان لێوەرگیراوە، ئێمە وەكو پارێزەرەكانیان ئامادەبین، بەداخەوە ڕێگە نەدراوە، تا ڕۆژی دادگا پەڕاوەكەمان نەدیوە و دانپێدانانەكانمان نەخوێندبوەوە".

ئەرتیسی وتیشی "هەموویان ڕەتیان كردەوە ئەو كارانەیان كردبێت، وتیان ئەم دانپێدانانەیان لەژێر ئەشكەنجەداندا لێ‌ وەرگیراوە".

نمونەی ئەوەی هێنایەوە بەشێكیان تۆمەتباركراون بە سیخوڕیی بەسەر یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستانەوە، "پرسیارمان كرد بە چ شێوازێك سیخوڕییان بەسەر یەكگرتووەوە كردووە؟ ئایا لەسەر سەركردایەتی، ئەندام یان بارەگا بووە؟ لەناو دانپێدانانەكەدا هیچ زانیارییەك نەبوو كە سیخوڕییان بەسەر چییەوە كردووە".

"هەروەها وترابوو كە سیخوڕییان بۆ دەوڵەتێكی دەوروبەر كردووە، پرسیارمان كرد بۆ چ دەوڵەتێك؟ زانیاریی نەبوو كە بۆ چ دەوڵەتێك" ئەو پارێزەرە وای وت.

لە نێو دەستگیركراوەكانی بادیناندا مێرمنداڵیش هەن؛ لە نێویاندا دوو برای خوار تەمەن 18 ساڵ بە ناوەكانی ئەمین و ئەیمەن سەعدوڵا ئەحمەد.

ڕەمەزان ئەرتیسی، ڕەخنەی لە كەسوكاری دەستگیركراوانیش هەیەو دەڵێت "ئێمە بریكارنامەمان نەبێت ناتوانین ئیشی لەسەر بكەین، نازانین بۆچی كەسوكاریان نایەنە لامان؟".

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە چەند مانگی ڕابردودا، چەندین چالاكوان و ڕۆژنامەنوسی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تایبەت لە دەڤەری بادینان، بەرەو سلێمانی یان شارەكانی دیكەی عێراق یاخود دەرەوەی وڵات ڕۆیشتون، بەهۆی هەبوونی فەرمانی دەستگیركردنەوە.