نەسرین تەنیا مایەوە

دایكی لەبەر ئازار‌و نەخۆشی بەئارامی نەگەیشت
16-01-2017 07:36
چەند منداڵێکی ئاوارەی عێراقی

پەرەگراف- کەرکوک ناو

 

نەسرین منداڵێكی ئەسمەری پێنج ساڵ بوو، هەرچەندە هێشتا بەدژوارییەكانی ژیان لەژێر دەستی داعش ئاشنا نیە بەڵام بۆ چەند رۆژێك لەگەڵ دایكی رێگای هەڵاتنی بڕی، ئێستاش تەنیا‌و بەبێ‌ نازی نزیكترین كەسەكانی ماوەتەوە.

دایكی نەسرین، زیاتر دوو ساڵ بەرگەی توندوتیژییەكانی رێكخراوی داعشی گرت لەگوندێكی سەر بەقەزای حەویجە‌و ناچار بەهۆی ئازاری نەخۆشییەكەوە، بەبێ‌ هاوسەرەكەی رێگای مەرگی هەڵبژارد‌و وەكو خەونی پێوەدەبینی، نەگەیشتە بەئارامی.

رۆژانە دەیان هاوڵاتی ژێر دەسەڵاتی داعش لەسنوری پارێزگای كەركوك، لەبەر توندوتیژییەكانی ئەو رێكخراوە‌و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو خواردن‌و نەبوونی دەرمان، رێگایەكی ترسناك‌و پڕ لەمەترسی دەبڕن بەرەو ئەو ناوچانەی بەدەست هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانەوەیە.

نەسرین شویش خەڵەف (پێنج ساڵ) لەگەڵ دایكی (جەمیلە خەزعەلە- 38 ساڵ)، دووشەممە 9ی ئەم مانگە ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە‌و دوای دوو رۆژ لەرێكردن، شەوی چوارشەممە 11ی مانگ گەیشتوونەتە سنوری دەسەڵاتی پێشمەرگە.

دایكی نەسرین، نەخۆشی كەمخوێنی هەبووە‌و زۆر ماندوو بووە، بەوتەی ئەو كەسانەی نزیكی بوون بەچەند خولەكێك بەرلەوەی دەستیان بەهێزەكانی پێشمەرگە بگات، گیانی لەدەستداوە‌و منداڵەكەیشی بەتەنیا گەیشتۆتە كەمپی ئاوارەكان.

“دوو ساڵ لەمەوبەر‌و بەهۆی نەبوونی خۆراكی پێویست‌و تەندروست، جەمیلە (دایكی نەسرین) تووشی كەمخوێنی بوو، لەرێگادا زۆر ماندو بوو، چەند خولەكێكمان مابوو بگەینە پێشمەرگە‌و گیانی لەدەستدا”، نەسرە نایف خزمی نزیكی جەمیلە وایوت.

نەسرە كە لەهەمان گروپدا بووە لەگەڵ دایكی نەسرین كاتێك هەڵاتوون، لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) دەڵێت باوكی منداڵەكە نەیتوانیووە لەگەڵیاندا هەڵبێت چونكە باپیری نەسرین نەخۆش بووە‌و دەبوو ئاگاداری بێت.

ئەو وتی “باوكی نەسرین بەخێزانەكەی وت، تۆ بڕۆ پێویستت بەدەرمانە، ئێوە خۆتان رزگاربكەن”.

خانەوادەكەی نەسرین، خەڵكی گوندی نەواشین لەناحیەی ریاز (45 كیلۆمەتر باشوری رۆژئاوای كەركوك).

داعش لەناوەڕاستی ساڵی 2014‌و لەماوەی چەند سەعاتێكی كەمدا بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ سەدا 32ی پارێزگای كەركوكی كۆنترۆڵكرد كە خۆی لەقەزای حەویجەو چوار ناحیەی تردا دەبینێتەوە لەنێویاندا ریاز، دوای ئەوەی سوپای عیراق لەموسڵ تێكشكا‌و پاشەكشێی كرد.

داعش بەزۆر خەڵكی ئەو ناوچانەی ناچار دەكرد بەیعەتییان پێبدەن‌و رێنماییەكانیان جێبەجێبكەن، ئەوەی پێچەوانەی یاسا توندەكانی ئەوان بوەستێتەوە لەپێش چاوی خەڵك بەشمشێر سەریان دەبڕن یان دەیانكوژن، رێگەش بەهەڵاتن نادەن‌و بەڵننامەیان پێپڕدەكەنەوە، سەرباری نالەباری ژیان‌و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان.

دایكی نەسرین لەنێو گوندی سوڵتان مەرعی گیانی لەدەستدا، كە ناوچەی نێوان پێشمەرگە‌و داعشە، تەرمەكەی رادەستی هێزە ئەمنیەكان كرا لەمەكتەب خالید‌و ئەوانیش رەوانەی هۆبەی پزیشكی دادوەرییان كرد.

ناوچەی مەكتەب خالید، دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای پارێزگای كەركوك‌و یەكێكە لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگ لەعیراق دژ بەداعش، سەرەتای ساڵی 2015 لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكرایەوە.

 

 


نەسرین-ی تەمەن پێنج ساڵ
بەبێ‌ دایكی لەكەمپدا دەمێنێتەوە

 
یەكێك لەو پێشمەرگانەی تەرمەكەی دایكی نەسرینی وەرگرت، بەبێ‌ ناوهێنانی قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد‌و وتی “ئەو رووداوە ساتێكی زۆر ناخۆش بوو بۆ من، چوونكە نەسرینی تەمەن پێنج ساڵ تەنیا مایەوە”.

ئەوەی زۆر كاریگەری لەسەر ئەو پێشمەرگەیە دروستكردووە ئەوەیە “كاتێك دایكیمان برد بۆ ناوی ئەمبوڵانسەكە منداڵەكەی دەستی بۆ دایكی بەرز دەكردەوە‌و ماچی بۆ فرێ دەدا، نەیدەزانی مردووە”، پێشمەرگەكە دەڵێت خۆزگە توانای هەبوایە ئەركی بەخێوكردنی نەسرین لەئەستۆبگرێت.

لەوكاتەوەی داعش دەستی بەحەویجە‌و ناوچەكانی دەوروبەری گەیشتووە، بەدەیان هەزار خەڵك ئاوارەی كەركوك بوون‌و لەكەمپەكانی نزیك سەنتەری شار‌و لەژێر ئەمنیەتی هێزە عیراقییەكاندا نیشتەجێكراون.

زۆربەی رێگاكانی هەڵاتنی خەڵك بۆمبڕێژكراون، چەندین جار خەڵك بەتەقینەوەی بۆمب گیانی لەدەستداوە، ئەو شوێنانەی پێویستە پێیدا تێبپەڕن زۆر مەترسیدارەو هاوینی رابردووش، داعش نزیكەی 50 كەسی خەڵكی حەویجەی گولەباران كرد كاتێك هەوڵیاندا بچنە كەركوكەوە.

نەسرین تەنیا قوربانی شەڕ‌و توندوتیژییەكان نیە، دەیان منداڵی تر ناچارن لەگەڵ خێزانەكانیاندا چەندین رۆژ بەرێگاوەبن تاوەكو بەناوچە ئارامەكان دەگەن.

لەنێو ئەو خێزانانەی دوێنێ‌ چوارشەممە گەیشتنە سنووری پێشمەرگە لەمەكتەب خالید، سێ‌ براو‌و خوشكی بچووك هەبوون، (زاخی عەلی 12 ساڵ، عەماریە عەلی 10 ساڵ‌و وەنسە عەلی تەمەن شەش ساڵ) بەبێ‌ باوك‌و دایكیان لەداعش هەڵاتبوون.

زاحی كە لەدوو خوشكەكەی گەورەتر بوو بە(كەركوك ناو)ی وت “باوكم هەردوو چاوی كوێرە‌و هیچ نابینێت، زۆر هەوڵماندا بێت لەگەڵمان بەڵام نەیتوانی‌و دایكیشم ناچار لەگەڵ باوكم مایەوە بۆ ئەوەی بەخێوی بكات‌و ئاگاداری بێت”.

ئەو سێ‌ منداڵە خەڵكی گوندی نەواشین لەسنوری ناحیەی ریاز، دایكی بەدراوسێیەكی خۆیانی سپاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا هەڵبێت.

“دایكم وتی ئێمە لێرە مردوین هیوادارم ئێوە بڕۆن‌و بەسەلامەتی بگەن، چونكە ئەگەر لێرە بمێننەوە لەبرسا دەمرن” زاحی وایوت.

لەسنورەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش، هەڵاتن بازرگانی پێوەدەكرێت تەنانەت لەنێو چەكدارانی رێكخراوەكەشدا، هەندێك كەسیش كە شارەزای رێگاوبانەكانن‌و بەپارە شەوان خەڵك دەگەیەننە ناوچە ئارامەكان.

زاحی دەڵێت “بۆ هەرسێكمان 600 دۆلارمان دا بەكەسێك، ئەو سەر بە تیرۆریستان بوو دەموچاوی خۆی شاردبۆوە‌و چەكیشی پێبوو، تاوەكو چەند گوندێك هات‌و ئێمەی پەڕاندەوە”.

ئەو گروپەی سێ‌ منداڵەكەی تێدابووە، ژمارەیان نزیكەی 150 كەس بووە، هەموویان دەبوو پارە بدەن بۆ ئەوەی چەكدارە رێبەرییان بكات بەرەو ناوچە ئارامەكان، ئەوان بەچەندین گوند‌و ناوچەدا تێپەڕیوون تاوەكو گەیشتوونەتە گوندی سولتان مەرعی لەسنوری مەكتەب خالید.

ئاوارەكان كاتێك دەگەنە ناوچە ئازادكراوەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، دوای پشكنین‌و جیاكردنەوەیان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و پۆلیس، رەوانەی كەمپەكانی لەیلانی یەك‌و دوو، نەزراوە‌و داقوق دەكرێن لەپارێزگای كەركوك.

كەركوك تائێستا زیاتر لە 650 هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە، ئەوەش لەكاتێكدا پارێزگاكە دووساڵە بەقەیرانی داراییدا تێدەپەڕێت، بۆیە بڕیاردراوە لەمساڵدا ئەو ئاوارانە بگەڕێندرێنەوە كە ناوچەكانیان ئازادكراوە.

قەزای حەویجە (55كم باشوری رۆژئاوای كەركوك)‌و ناحیەكانی دەوروبەری كە زۆرترین ئاوارەیان هەیە لەكەركوك، هێشتا بڕیاری كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەدراوە، ئەوەش بەمەترسی دادەنرێت بۆ سەر ئەمنیەتی پارێزگاكە چونكە لە 21ی ئۆكتبەری ساڵی رابردوو 100 چەكداری داعش دەزەیانكردە ناو سەنتەری شار‌و دوو رۆژ روبەڕو شەڕیانكرد بەهۆیەوە 100 كەسی مەدەنی‌و هێزە ئەمنییەكان كوژران.