باوكێكی جەرگسووتاو پەتی سێدارە لەملی بكوژی كوڕەكەی دەكاتەوە

17-01-2017 06:01


پەرەگراف-  ئەرسەلان یارئەحمەدی

 

كوشتنی كوڕەكەی هێندە بەسوێ بوو، محێدین ئەبولقاسمی پەتی سێدارەی لە ملی بكوژەوە ئاڵاند تا ئەو سزایە جێبەجێ بكات كە بەسەریدا سەپێنرابوو، سەرباری داواكارییەكی زۆر بۆ ئەنجام نەدانی ئەوكارە.

 

چالاكانی مەدەنیی شاری سنە تا دوا چركە بێئومێد نەبوون لەفشار‌و داواكانیان، لە یەكەم شەوی سەری ساڵی 2017دا كاتێك خەڵك سەرقاڵی خۆشی‌و شادی بوون بۆ پێشوازیكردن لە ساڵی نوێ، كۆمەڵێك لە چالاكان لەبەردەم گرتوخانەی ئەو شارە ڕۆژیان كردەوە تابتوانن ڕێگریی بكەن لە لەسێدارەدانی گەنجێكی شارەكەیان.

 

5 ساڵ لەمەوبەر هێمن هەورامی نەژاد منداڵێكی كوردی خەڵكی سنە، بەهۆی دەمەقاڵەوە هاوڕێیەكی خۆی بەناوی پویا ئەبولقاسمی بە چەقۆ كوشت، لەدوای ئەوكارە هێمن كەوتەبەر ڕەحمەتی بنەماڵەی پویا تاوەكو لێی خۆشببن‌و لەبەرامبەر ئەو تاوانەی كردوویەتی لەسێدارە نەدرێتەوە.

 

هێمن لەحاڵێكدا كە تەمەنی كەمتر لە 18 ساڵ بوو لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بەتاوانی "كوشتنی ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لەئێران كوڕان لە تەمەنی 15 ساڵ‌و كچان لە تەمەنی 9 ساڵ سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

 
هێمن هەورامی نەژاد

 

هێمن كە لەوساڵەوە لە گرتوخانەی ناوەندیی سنە دەستبەسەر كرا، تەواوی هەوڵی خێزانەكەی بێسوودبوو بۆ ڕازیكردنی بنەماڵەی پویا تالێی خۆشببن، بەڵام چالاكانی مەدەنی ئەوشارە لەچوارچێوەی كەمپینێكدا توانییان ئەوكارە بكەن‌و هێمن لەمەرگ ڕزگاربكەن.

 

هێمن هەورامی نەژاد بەرەبەیانی یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی 2017 جلوبەرگی لەسێدارەدانی لەبەركراو بەرەو شوێنی تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە بەڕێكرا، ئەوەش وەك سزایەك لەبەرامبەر كوشتنی پویا.

 

بەڵام هەوڵەكانی كەمپینی ئاشتی سەری گرت‌و ئێستا هێمن سێبەری پەتی سێدارەی بەسەرەوە نەماوەو لە زیندانە.

 

محێدین ئەبولقاسمی باوكی پویا بەرەبەیانی یەكەم ڕۆژی ئەمساڵ بەدەستی خۆی پەتی سێدارەی كردە ملی هێمن، بەڵام بەرلەوەی سزاكە جێبەجێ بكرێت هەرخۆی پەتەكەی لەملی كردەوەو لێخۆشبوونی بەهێمن ڕاگەیاندو ژیانی بۆ گەڕاندەوە.

 

ئەبولقاسمی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەرەگراف وتی"من تەنیا بۆ ڕەزای خودا بەخشیومە‌و هیچ پارەیەكم وەرنەگرتووەو ئاواتم ئەوەیە هێمن خۆی ئیسڵاح بكات‌و بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگاو بتوانێ كەسێكی باش بێت بۆ كوردو كوردستان‌و خزمەت بە نەتەوەكەی‌و نیشتیمانەكەی بكات."

 

كەمپینی ئاشتی لەخۆشبوونی بنەماڵەی پویا لەخوێنی كوڕەكەیان ڕۆڵێكی بەرچاوی گێڕا، سیمین چایچی یەكێك لە بەڕێوەبەرانی ئەو كەمپینە ئەوەدەخاتەڕوو مەبەستیان ڕزگاركردنی گیانی مرۆڤەكانەو هەریەكەیان بەپێی ئەزموونی خۆی هەوڵ بۆ ئەوكارە دەدات.

 

سیمین بە پەرەگرافی وت"بیرۆكەكەی هی چەند مانگ لەمەوبەرەو ئەم ماوەیە پێشنیارەكەم بە چەند هاوڕێم ڕاگەیاند، تا ئێستاش لە شوێنە حكومییەكاندا كێشەمان نەبووەو ڕەنگە نەبێت، چونكە یارمەتی هەڵوەشانەوەی حوكمی قەساس‌و لەسێدارەدانی ئینسانێك ئاواتی هەموو كەسێكە."

 
پویا ئەبولقاسمی

 

بەپێی یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای"قەساس" لەبەرانبەر "كوشتنی ئەنقەست" بەسەر كەسی تاوانباردا دەسەپێندرێت كە سزاكە لەسێدارەدانە. ساڵانە بەشێكی بەرچاو لە زیندانییەكانی ئێران بەو هۆیەوە لەسێدارە دەدرێن.

 

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی‌ كە زۆرترین سزای‌ لەسێدارەدانی‌ تێدا دەسەپێندرێت، توندترین سزای‌ لە سێدارەدانیش ئەوانەن كە بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ كاری سیاسی قەدەغەكراو لەو وڵاتە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە، چونكە هیچ لێخۆشبونێك نایانگرێتەوە.

 

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند كە لەنێوان ساڵانی 2005 بۆ 2015 لانیكەم سزای سێدارەی 73 مێرمنداڵ لەئێراندا بەڕێوەچووەو لەئێستاشدا دەیان مێرمنداڵ چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە دەكەن.

 

باوكی هێمن لەخۆشی لێخۆشبوونی كوڕەكەی لەلایەن بنەماڵەی پویاوە وەك خۆی دەیوت نەیدەزانی بڵێت چی، بەپەرەگرافی وت"لەخۆشیا نازانم چی بڵێم، تەنیا دەتوانم سوپاسی كاك محێدین بكەم كە لەوكارەدا گەورەیی نواندو سوپاسی هەموو میدیاكان‌و هەموو چالاكانی مەدەنی دەكەم كە لەو ماوەیەدا بە ئێمەوە سەرقاڵ بوون‌و ڕۆڵی باشیان گێڕا."

 

دوو ڕۆژ دوای ئەوەی باوكی پویا لە هێمن خۆشبوو، لەسەر داوای كەمپینی ئاشتی سەدان كەس لەخەڵكی سنە لە گۆڕستانی سنە كۆبوونەوەو پێكەوە ڕێزیان لە پویاو لێبوردەیی باوكی گرت.

 

لەبارەی ڕۆڵی كەمپینەكەیانەوە سیمین چایچی ئەوەی خستەڕوو ئەوان توانیویانە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دوو لاوی دیكەی كورد لە سێدارە ڕزگار بكەن‌و ڕەزامەندی بنەماڵەی سكاڵاكەر وەربگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە.

 

سیمین چایچی كە هاوكات نوسەرو شاعیرێكی ناوداری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە دەڵێت"ئێمە دوای هەر بەخشینێك داوا لە خەڵك دەكەین كە لە ڕۆژێكی دیاریكراودا بۆ گوڵباران كردنی گڵكۆی ئەو كەسەی كوژراوە كۆببنەوە."

 
گوڵبارانكردنی گۆڕی پویا لەلایەن خەڵكی سنەوە

 

بەوتەی ئیسحاق ئیبراهیمی سەرۆكی گشتی گرتووخانەكانی پارێزگای كوردستان(سنە) لە 3 ساڵی رابردوودا 17 حاڵەتی لەو شێوەیە هەبووە كە دوای ڕەزامەندی بنەماڵەی سكاڵاكەر، جێبەجێكردنی سزای سێدارە بەسەر كەسانی بكوژدا هەڵوەشاوەتەوە.

 

هەرچەند باوكی پویا بە لێبوردەیی خۆی ژیانی بۆ هێمن گەڕاندەوە، بەڵام ئەبولقاسمی بەردەوام دەڵێت مەرگ لە دەستی خودایەو پەیامی بۆ خەڵكی دیكە ئەوەیە "ئەگەر ئیمكانی هەیەو بۆیان دەكرێ هیوادارم ڕێگای لێبوردن بگرنە پێش، چونكو لێبوردن لە هەموو شتێك گەورەترو بەرزترە."