پەرەگراف- ئەرسەلان یارئەحمەدی
هەستو خۆشەویستی، دوو دەستەواژەی نامۆن بەژیانە نوێیەكەی شیما، ئەو بۆ تێپەڕاندنی تانەی كۆمەڵگا ناچاربوو جارێكیتر هاوسەرگیری بكاتەوە.
شیما هێشتا 28 ساڵی تەمەنی پڕنەكردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ پیاوێكی دوو هێندە بەتەمەنتر ژیانی هاوسەرێتی پێكهێناوە تاوەكو دوای جیابوونەوەی لەمێردەكەی تەنیا نەبێت، چونكە مانەوەی بەبێوەژنی ڕوبەڕوی تراژیدیای تاڵتری دەكاتەوە.
ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆتە كۆمەڵگەیەكی پڕ لەتانەو تەشەر بۆ سەدان ژنی هاوشێوەی شیما، ئەوان كە بەهەر هۆیەك لەهاوسەرەكانیان جیابوونەتەوەو كەمترین پشتگیرییان دەكرێت، بەخواستی خۆیان خۆشبەختیو داهاتوویان لەگۆڕ دەنێن، چونكە لەتوانایاندا نییە بەرگەی دابو نەریتە كۆنەكان بگرن.
"دوای جیابوونەوەم لەهاوسەری یەكەم، بەهۆی ئەوەی لەلای خێزانەكەم بە باشی وەرنەگیرام (قبوڵیان نەكردم)، بەناچاریی مێردم بەكەسێك كرد كە ٦٠ ساڵی تەمەنە"، شیما بۆ پەرەگراف وایوت.
ئەو ژنە كە تاوەكو قۆناغی دواناوەندی خوێندوە، هاوسەری یەكەمی گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەكان بووە وەكو باسیدەكات، ئەوەش وایكردووە هەموو ژیانو سەرمایەیان بۆ دوكەڵو كاتبەسەربردنێكی كاتیی بڕوات، بۆیە جیابووەتەوە.
شیما ماوەی شەش مانگە لەگەڵ هاوسەرە نوێیەكەیدا دەژی، بەڵام بەژیانێكی مردوو وەسفی دەكاتو دەڵێت"هیچ هەستێكم نە بۆ مێردەكەمو نە بۆ ژیان، تەنانەت بە نیسبەت خۆشمەوە نیە، هەستدەكەم مردوویەكەم ڕێ دەكەمو نان دەخۆم، هەندێكجاریش فرمێسك دەڕێژم."
ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەتایبەت لەگەڵ پیاوانی تەمەن دوو هێندەو زیاتر لە ژنان، لەحاڵەتەوە بەرەو دیاردە دەڕوات بەتایبەت لەشارە گەورەكانی وەكو سنەو كرماشانو چەند شوێنێكی تر.
حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەرێكی دانیشتوی سنەیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانو لە نزیكەوە ئاگاداری چەند دۆسیەیەكی هاوشێوەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەیە، بەتایبەت لەشارەكەی خۆی زۆری بینیوە.
ئەو بۆ پەرەگراف وتی"ژنان بۆئەوەی ناوی بێوەژنیان لەسەر نەبێت، زۆرجار ژیانێكی دیكە هەڵدەبژێرنەوە لەگەڵ كەسانێك بەهیچ شێوەیەك شیاوی ئەوان نین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵهاتن لەقسەو قسەڵۆكی كۆمەڵگا كە هێشتا نەیتوانیوە ژنان وەكو خۆیان ببینن نەك وەكو هاوسەر یان بەكەسێكی دیكەوە پێناسەیان بكەنەوە."
بەبڕوای حوسێن ئەحمەدی نیاز، "بێوەژن بوون بۆ ژنان لەوەها كۆمەڵگایەكدا تراژیدیایەكی تاڵە كە ڕاستەوخۆ دەیانكات بەمرۆڤێكی مردوو، توندوتیژییەك كە نەك جەستە بەڵكو ناخی قوربانییەكانی دەسووتێنێت."
لەپاڵ نەریتو تانەی كۆمەڵگا، چەند هۆكارێكی دیكەش لەو هاوسەرگیرییە ناچارییەدا ڕۆڵیان هەیە، چونكە بەشێك لەو ژنانەی جیابوونەتەوە منداڵێك یان زیاتریان هەیەو لەپێناو بژێوییاندا پێویستیان بەكەسێكی تر دەبێت، بەتایبەت لەو دۆخە ئابورییە ناهەموارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا.
سودا، قوربانییەكی تری هاوسەرگیری ناچارییە بەخواستی خۆی، بەڵام ئەوەی چیرۆكەكەی لەشیما جیادەكاتەوە ژیانی دوو منداڵە.
ئەو ژنێكی تەمەن 34 ساڵەو دوای گیانلەدەستدانی هاوسەرەكەی، جارێكیتر ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە لەگەڵ پیاوێك كە تەمەنی لەسەرو 60 ساڵەوەیە.
"بۆئەوەی بتوانم دوو منداڵەكەم گەورە بكەم مێردم كردەوە، هەرچەند ڕازی نیم لەو ژیانەو بچوكترین هەستم بۆ مێردەكەم نیە، بەڵام تەنیا شتێك دڵم خۆشدەكات منداڵەكانم دەتوانن بچنە قوتابخانەو بخوێنن"، سودا دەڵێت ئەوەندە بۆ ئەو بەسە تا درێژە بەو جۆرە ژیانە بدات.
ئەوەی لەو جۆرە هاوسەرگیرییەدا قوربانییە تەنیا ژنانن بەبێ هیچ پشتگیرییەك، ئەوان كە خێزانەكانیان پشتیان تێدەكەن دوای جیابوونەوە یان بێوەژنی، یاسایەكیش نییە ببێتە پاڵپشتیانو ڕێگری لەو دیاردەیە بكات.
پارێزەرەكەی خەڵكی سنە، هۆشداریدا لە زیاتر پەرەسەندنی ئەو دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەتایبەت لەسایەی كێشە كۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگیو ئابوورییەكاندا.
حوسێن ئەحمەدی نیاز وتی"بەداخەوە یاسا لەمبارەیەوە بێدەنگەو توانای بەربەرەكانێی ئەم كێشانەی نییە، چونكە بەشێكیان بەهۆی نەریتو باوەڕە كۆنەكانی ناو كۆمەڵگاوە سەریانهەڵداوە."
دادوبێدادی شیما بۆ یەك ئازار نەبوو، ئەو كە ئێستا لەگەڵ پیاوێكی زۆر بەتەمەندا چاوی بڕیوەتە كۆتایی ژیانە ناچارییەكەی، هاوسەری یەكەمیشی لەمنداڵە چوارساڵانەكەی دایبڕیوەو زیاتر لەدوو ساڵ دەبێت، بۆ سایتێكیش نەیبینیوەتەوە.
هاواری ئەو بۆ خۆی نەبوو، لەخەمی ئەوەدابوو دیاردەكە زیاتر پەرەبستێنێتو ژنانی تریش بەو جۆرە ناچار بكرێن، ئەوەش لەداهاتوودا كۆمەڵگا بەرەو سڕبوون دەباتو لەهەموو هەستێكی دوردەخاتەوە.
"لە ڕوانگەی منەوە ئەو كەسانەی خۆكوژی دەكەن كەسانێكی لاوازن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەی وەك من ژیانی لەم چەشنە هەڵدەبژێرن لاوازترینەكانن"، شیما هەركاتێك بیر لەبڕیاری هاوسەرگیری دووەمی دەكاتەوە وادەڵێت.