ئەو منداڵە ئێزدییەی بە 500 دۆلار لە داعش كڕدرا گەڕایەوە ماڵەوە

02-02-2017 11:11
ئەیمەن كە لەلایەن داعشەوە فرۆشرا، دوای بینینی ئامۆزاكەی‌و گەڕانەوە بۆلایان دەگری. فۆتۆ: ڕۆیتەرز.

 

پەرەگراف- رێنوار نەجم

 

خۆی ناوی ئەیمەن بوو، بەڵام ئەو ژن‌و پیاوەی ئەویان بە 500 دۆلار لە چەكدارانی داعش كڕی بۆ ماوەی 18 مانگ بەخێویان كرد ناویان نا ئەحمەد.

 

ئەیمەن وەك یەكێك لەو هەزاران هاوڵاتییەی لەمانگی ئابی 2014 لەقەزای شەنگال بوون، لەلایەن داعشەوە دەستبەسەركران‌و تا ئێستاش چارەنووسی دایك‌و باوكی دیار نییە.

 

ئەیمەنی تەمەن چوار ساڵ لەلایەن داعشەوە فرۆشرا بە ژن‌و پیاوێكی عێراقیی مسوڵمان بەناوەكانی ئوم‌ ئەحمەدو ئەبو ئەحمەد.

 

بۆ ماوەی 18 مانگ لەگەڵ ئەو خێزانە عێراقییەدا ژیا، خزمەكانی وایان زانی كە ئەو مردووە، بەڵام كاتێك هێزە عێراقییەكان بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵیان ئازادكرد، ئەیمەنیان دۆزییەوەو گەڕاندیانەوە بۆ ئەو ئەندامانەی لەخێزانەكەی ماوون.

 

ئەیمەن لەگەڵ خێزانە عەرەبەكە. فۆتۆ؛ محەمەد حامد، ڕۆیتەرز.

 

هەرچەندە گەڕاندنەوەی ئەیمەن بۆ لای خێزانی ڕاستەقینەی خۆی شتێكی خۆش بوو، بەڵام بەهەمان شێوە دابڕانی لەو خێزانەی ئەویان بەخێودەكرد، خەمێكی دیكەی بۆ هێنا.

 

ئەبو ئەحمەد، ئەو پیاوەی منداڵەكەی كڕیبوو، دەڵێت زۆر بەباشی بەخێوی كردوەو بۆ بەڵگەی ئەوەش چەندین وێنە پیشان دەدات كە منداڵەكە دەردەخات بەپاسكیل‌و كەلوپەلی دیكەی منداڵانەوە یاریی دەكات.

 

ئەبو ئەحمەد كە ئەیمەنی لە داعش كڕی وێنەی ئەیمەن پیشاندەدات لەناو مۆبایلەكەیدا.

 

ئەوە بیرۆكەی ئوم ئەحمەد بوو كە منداڵێك هەڵبگرنەوەو بەخێوی بكەن، ئەو ژن‌و پیاوە منداڵیان نەبوو، كاتێك گوێی لێ دەبێت كە داعش منداڵانی هەتیو دەفرۆشێت لە قەزای تەلەعفەر، بیرۆكەی كڕینی منداڵێكی بەمێشكدا دێت.

 

ئەو دایكە نایشارێتەوە كە ویستویەتی "منداڵەكە فێری ئاینی خۆیان، ئیسلام، بكات."

 

مێردەكەی كە فەرمانبەری حكومییە، دژی ئەو بیرۆكەیە بووە، بەڵام نەیتوانیوە دڵی ژنەكەی بشكێنێت، بۆیە منداڵەكەی لەچەكدارەكانی داعش كڕیوەتەوەو لەپارەی مامۆستاییەكەی كە كۆیكردبووەوە پارەكەیداوە.

 

هەرچەندە ئەیمەن گریاوەو نەیویستووە لەگەڵیدا بڕوات، بەڵام ئەو پێی وتووە"وەرە، تۆ دەبیتە منداڵی من. ئێمە پێكەوە دەژین‌و هەموو شتێكت بۆ دەكڕم."

 

وردە وردە ئەیمەن لەگەڵ خێزانە نوێیەكەیدا گەورە دەبێت. ئەوان لەبری كوردیی، زمانی عەرەبی فێردەكەن، بە خەڵك دەڵێن كە ئەوە برازایەكی خۆیانە لای خۆیان بەخێوەی دەكەن. دواتر لەقوتابخانەیەك لەژێر ناوی "ئەحمەد شەریف" تۆماری دەكەن، بەڵام زیاتر لەماڵەوە دەیهێڵنەوە.

 

شادبوونەوەی ئەیمەن بە كەسوكارەكەی. فۆتۆ؛ محەمەد حامد، ڕۆیتەرز.

 

ئەو ژنە باسلەوە دەكات كە ئەیمەن لەقوتابخانە زۆر زیرەك بووەو فێری نوێژكردنی كردووە، هەروەها ئەوان نەیانویستوە كە ئەو ڕابردووی خۆی لەبیر بكات‌و هانیانداوە لەبارەی خۆیەوە قسە بكات، "بەڵام هەمیشە ئاگادارم دەكردەوە كە بەكەس نەڵێت ئەو ئێزدییە." ئوم ئەحمەد وادەڵێت.

 

هەندێجار ئەیمەن پرسیاری ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی كردووە، بەڵام خێزانە نوێیەكەی هیچ زانیارییەكیان نەبووە جگە لەوەی خوشكێكی كە لەناوەڕاستی تەمەنی هەرزەكاریدابووە لەلایەن چەكدارەكانەوە وەك كۆیلە گیراوە. ئەو چەكدارانە چەند جارێك خوشكەكەیان بۆ لای ئەیمەن هێناوە، بەڵام ئێستا چارەنوسی دیار نییە.

 

ئەو خێزانە لە گوندێك دەژین لەدەوروبەری موسڵ بەناوی هەردان، كاتێك هێزە ئەمنییەكان لەمیانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی ئەو ناوچەیە دەچنە ئەو گوندە، پێیان دەوترێت كە كوڕێكی ئێزدیی لەناو گوندەكەدایە. خێزانەكەش هیچ چارەیەكیان نابێت جگە لەبەدەستەوەدانی ئەو كوڕەی وەك منداڵی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرد.

 

 

 

 

سەمیر ڕەشۆ خەلەف وایدەزانی خوشكەزاكەی مردوە، تا ئەوكاتەی لە 28ی مانگی ڕابردوودا پۆستێكی لەفەیسبووك بینی كە نووسراوبوو منداڵێكی ئێزدیی بەناوی ئەیمەن ئەمین بەرەكات دۆزراوەتەوە.

 

خەلەف سوپاسی ئەو خێزانە عەرەبە دەكات كە منداڵەكەیان بەشێوەیەكی باش‌و تەندروست پاراستووە، بەڵام لەوەش توڕەیە كە ئەو خێزانە باش هەوڵیان نەداوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەخێزانە ڕاستەقینەكەیەوە بكەن‌و لەباشی‌و سەلامەتیی منداڵەكە ئاگاداریان بكەنەوە.

 

ئوم ئەحمەد دەڵێت كە ئەوان هەرگیز منداڵەكە لەبیرناكەن، وەك چۆن منداڵەكەش ئەوان لەبیر ناكات، وتی"چاوەڕێ دەكەم بگەڕێتەوە."

 

 ئەیمەن لە ئامێزی نەنكیدا. فۆتۆ؛ محەمەد حامد، ڕۆیتەرز.

 

ئەیمەن ئێستا لەناو كەسوكاری ڕاستەقینەیدایەو لەگەڵ نەنكی دەژی لە دهۆك، نەنكی دەڵێت شەوێك ئەیمەن لێی پرسیوە بەیانی كەی لەخەو هەڵدەستێت، ئەویش وتویەتی دەمەو بەیانی زوو، ئەیمەنیش لەوەڵامدا وتویەتی"باشە پێكەوە نوێژی فەجر دەكەین."