پەرەگراف- كەركوك ناو
كارمەندێكی ئاسایشی كەركوك، دوای چەند هەفتەیەك مانەوەی لەزینداندا “گیانی لەدەستدا”و كەسوكارەكەیشی گومانیان هەیە، لەكاتێكدا هێزە ئەمنیەكان كە هێشتا لەسەرەتای لێكۆڵینەوەكاندان رووداوەكە بە”خۆكوشتن” ناودەبەن.
ئازاد عەلی محەمەد، كارمەندی ئاسایشی كەركوك (پارتی)یەو ماوەیەك لەمەوبەر بەتۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەك دەستگیركراوە، دوای مانەوەی بۆ نزیكەی دوو مانگ لەبنكەی پۆلیسی عروبە بەدەستبەسەركراوی، ئەمڕۆ یەكشەممە 5-2 هەواڵی “گیانلەدەستدانی” بەكەسوكارەكەی درا.
عەقید نەوشیروان رەمەزان، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عروبە لەشاری كەركوك لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) وتی “سەعات 8ی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ئەو زیندانییە خۆی كوشتووە”، بەڵام وردەكاری زیاتری نەدركاند بەپاساوی ئەوەی رێگەپێدراونین لێدوان بدەن.
كارمەندەكەی ئاسایش خێزاندارەو دوو منداڵی هەیە، بەوتەی هێزە ئەمنیەكان پێش “گیانلەدەستدانی” نامەیەكی ماڵئاوایی بۆ هاوسەرەكەی نوسیووەو تێیدا جارێكیتر دانی ناوە بە”كوشتنی” ئەو هاوڵاتییەی بەهۆیەوە دەستبەسەر بووە.
لەو نامەیەدا كە وێنەیەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووەو بەزمانی فارسی نوسراوە، لەبەشێكیدا هاتووە “ئەمشەو كۆتا شەوە كە من زیندووم، مەهابات (هاوسەرەكەی) خوێندنەوەی ئەم نامەیە زۆر سەختە، هیوادارم خوا سەبوریت بدات، كە بتوانی بژیت لەبەر خاتری ئەوین و سۆلین (منداڵەكانی)…”، ئەوەش بەوتەی هێزە ئەمنیەكان لەلایەن كارمەندەكەی ئاسایشەوە نوسراوە.
كەسوكارو هاوڕێكانی ئەو كارمەندی ئاسایش كە (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردوون گومانیان هەیە سەبارەت بە “گیانلەدەستدانەكە”و بەتایبەت لەبارەی ئەو نامەیەی هێزە ئەمنیەكان دەڵێن بەجێیهێشتووە، چونكە وەكو ئەوان باسیدەكەن ئازاد عەلی تەنیا تاوەكو پۆلی 5ی سەرەتایی خوێندوە لەئێران لەكاتێكدا نوسینی نامەكە بەفارسی لەخەتو نوسینی كەسێكی شارەزا دەچێت.
عەباس رەشید، خەزوری كارمەندەكەی ئاسایش بە (كەركوك ناو)ی وت “دەمانەوێت بزانین چۆن ئاسایشی پارتی ئەو كارمەندەی خۆی كە تۆمەتبار كراوە بەكوشتنی گەنجێك، رادەستی پۆلیسی كردوەو خۆی لێكوڵینەوەی لەگەڵ نەكردوە یان رەوانەی دادگای سەربازی نەكراوە”.
بەوتەی خەزوری، ئەو كارمەندەی ئاسایش سەرەتا لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەكەی خۆیەوە لەبنكەی رزگاری بۆ ماوەی 10 رۆژ دەستبەسەركراوەو دواتر لەسەر داواكاری هێزە ئەمنیەكان، رادەستی پۆلیسی عروبە كراوە.
ئاسایشی پارتی لە كەركوك: ئێمە لەئێستادا ناتوانین بڵێین گومانمان هەیە
فەرهد حەمەعەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك (پارتی) لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە كە لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە داوای كارمەندەكەیان كراوە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانو بەتۆمەتی كوشتن، بۆیە ئەوانیش دەستبەجێ رادەستیان كردووە.
وتیشی “ئێمە جیهەتێك نین بەئارەزووی خۆمان خەڵك بۆ دادگا بنێرین، بۆیە هەر تۆمەتبارێك ئەگەر دۆسیەی تیرۆریش بێت رەوانەی پۆلیسی دەكەین”.
بەرپرسەكەی ئاسایش دەڵێت دوای ئاگاداركردنەوەیان لە “خۆكوشتنی” ئەو كارمەندە، لەگەڵ پۆلیس قسەیان كردووەو تیمی لێكۆڵینەوەیان بەهاوكاری دەزگا ئەمنیەكان لەسەر دۆسیەكە كاردەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی رووداوەكە تازەیە “ناتوانین بڵێین گومانمان هەیە تا ئەنجامی لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت”.
كارمەندەكەی ئاسایشی پارتی لە كەركوك، تۆمەتباركراوە بەكوشتنی هاوڕێیەكی خۆی لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتیو بەوتەی هێزە ئەمنیەكان، هەر لەسەرەتای روداوەكەوە “دانی ناوە بەئەنجامدانی تاوانەكەدا”، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەكۆتایی نەگەیشتبوون.
گومانی كەسوكاری ئەو كارمەندەی ئاسایش تەنیا لەسەر نامەكەو گواستنەوەی نیە لەئاسایشەوە بۆ پۆلیس، بەڵكو ئەوەش نیگەرانی كردوون كە لەماوەی دەستبەسەركردنیدا رێگەنەدراوە سەردانی بكەن.
وەكو خەزوری بۆ (كەركوك ناو) باسیكرد هیچ یەكێك لەكەسوكارەكەی نەیانبینیووە، چەندجارێكیش سەردانی بنكەی پۆلیسی عروبەیان كردووە بەڵام بەپاساوی بەردەوامی لێكۆڵینەوەكان رێگریكراوەو تەنانەت نەیانهێشتووە خواردنیشی بۆ ببەن.
عەباس رەشید وتی “چەندجارێك زاواكەم بەمۆبایل قسەی لەگەڵ كردومو سۆراخی هەردوو كچەكەی پرسیووە (سۆلینو ئەوین)، دوایینجار دوێنێ (شەممە) تەلەفۆنی كردو وتی باشم”.
“گومانمان هەیە لەبەرئەوەی بەگوێرەی زانیاریەكانمان 40 بەندكراو لەگەڵ زاواكەی من لەژورێكدان لەناو بنكەی پۆلیس، چۆن ئەم روداوە رویداوەو خۆی كوشتووە؟”، خەزوری كارمەندەكەی ئاسایش وادەڵێت.
وتەبێژی پۆلیس: لێكۆڵینەوەكانمان چڕدەكەینەوە بۆ زانینی وردەكاری رووداوەكە
بەوتەی هێزە ئەمنیەكان، ئەو كارمەندەی ئاسایش بەجلی خۆی لەنێو زیندانەكەیدا “خۆی هەڵواسیووە”و كەسوكارەكەیشی كە تەرمەكەیان بینیووە جەختدەكەنەوە لەوەی جێی پەت بەملیەوە دیار بووە، بەڵام بۆ ئەوەی گومانیان نەمێنێت نمونەیەك لەجەستەی بۆ شیكاری رەوانەی بەغدا كراوەو دەرەنجامەكەیشی زیاتر لەمانگێكی پێدەچێت.
عەقید ئەفراسیاو كامیل وەیس، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) وتی “لەبەشی كاروباری ناوخۆیی پۆلیسو بەڕێوەبەرایەتیمان لیژنەمان پێكهێناوەو لەبەیانی ئەمڕۆوە تا كاتژمێر 6ی ئێوارە لێكۆڵینەوە بەردەوام بووە بەڵام نەگەیشتووین بەهیچ”.
جەختیشیكردەوە كە “لێكۆڵینەوەكانمان چڕدەكەینەوە تا بگەین بەوەی خۆی كوشتووە یان كوژراوە یاخود وردەكاری رووداوە چۆن بووە”، هەرچەندە رەتیكردەوە لەئێستادا هیچ گومانێكیان هەبێت.
وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك ئەوەی نەشاردەوە كە رێگری كراوە لەوەی كەسوكاری ئەو كارمەندەی ئاسایش لەزینداندا سەردانی بكەن، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەوكات لەژێر لێكۆڵینەوەدا بووە بەتۆمەتی كوشتن.