لە دەربەدەرییەوە بۆ هیوا

چیرۆكی ئەو خێزانە ئێزدییەی دووبارە ژیانیان دەستپێكردەوە
14-03-2017 02:56
گوڵستان دەڵێت بەهۆی پڕۆژەكەوە لەگەڵ هاوسەرەكەی كاتی زیاتریان پێكەوە هەیە. فۆتۆ: پاولا پیچۆنێ، UNDP.


پەرەگراف- كەركوك ناو

 

"قەیرانەكە زۆر كارەساتبار بوو، ئێمە زۆر بێهیوا بوو بوین. بەڵام ئێستا شكۆمەندیمان بۆ گەڕاوەتەوە"، خانمێكی ئێزدی دوای گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی وادەڵێت.


بەپێی ڕاپۆرتێكی بەرنامەی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، هیوا‌و سەقامگیری بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو گەڕاوەتەوە بۆ ئەو خێزانە ئێزدییە، ئەوەش لەڕێی ئەو پڕۆژەیەوە كە بەهاوكاری ئەوان دەستیپێكردووە.


گوڵستانی تەمەن 23 ساڵ، لە قەزای ئەلقۆش لە باكوری پارێزگای نەینەوا دەژی كە زۆرینەی مەسیحی‌و ئێزدییە، كاتێك لە هاوینی 2014 داعش لە ناوچەكەیان نزیكبۆتەوە لەگەڵ نەشوانی تەمەن 27 ساڵی هاوسەری بە پەشۆكاوییەوە لەگەڵ 14 ئەندامی خێزانەكەیدا هەڵاتن.


پاش چەندین مانگ لە ئاوارەبوون لە پارێزگای دهۆكی دراوسێی نەینەوا، ئەو خێزانە گەڕانەوە، هەرچەندە دەستپێكردنەوەی ژیانیان قورس بوو.


گوڵستان وتی"ئێمە لە ململانێدا بووین بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانمان كاتێك گەڕاینەوە، پشتمان بەستبوو بە كۆمەكی دارایی لە خزم‌و كەسانمانەوە، بە ڕاستی بە كاتێكی زۆر ناخۆشدا دەڕۆشتین."


بارودۆخ گۆڕا پاش ئەوەی (UNDP)، لەچوارچێوەی پڕۆژەیەكدا 250 باڵندەی دابینكرد بۆ گوڵستان‌و نەشوان، بە یارمەتی كۆلیجی كشتوكاڵی دهۆك‌و ڕێكخراوێكی ناحكومی لە گوندێكی بچوكی زاخۆ ڕاهێنانی بەخێوكردنی ئەو باڵندەیەی پێكردن، ئەوەش بە كۆمەكی ئەڵمانیا.


پڕۆژەكەی (UNDP)، هاوكاری نزیكەی 900 خێزانی كردوە لە سنوری نەینەوا، بەتایبەت ئاوارەكان‌و خێزانە گەڕاوەكان، بەئامانجی دەستكەوتنی داهات لە ڕێی بەخێوكردنی پەلەوەرو هەنگ‌و باخەوانی‌و بەخێوكردنی ماسییەوە.


گوڵستان وتی "قەیرانەكە زۆر كارەساتبار بووە بۆ خێزانەكانی ئەم ناوچەیە، ئێمە زۆر بێهیوا بوو بوین. بەڵام ئێستا من شكۆمەندیم بۆ گەڕاوەتەوە."

 

ئەو خێزانە 10 هەزار هێلكەی ئەو باڵندەیەیان فرۆشتووە كە بەخێویان كردووە. فۆتۆ: پاولا پیچۆنێ، UNDP.

 

لەكۆتایی ساڵی ڕابردوودا، ئەو ژن‌و مێردە ئێزدییە 260 باڵندە‌و 10 هەزار هێلكەیان فرۆشتووە لە بازاڕەكانی ناوخۆو سوپەرماركێتەكاندا.


نەشوان ئەو دەفتەرەی داینابوو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بۆ تۆماركردنی داهاتەكانیان بە وردی پشكنی‌و وتی"ئێستا ئێمە بۆ هەر مانگێك نزیكەی 250 دۆلاری ئەمریكمان دەستدەكەوێت."


خێزانەكە دواجار داهاتێكی بەردەوامیان دەستكەوت، ئێستا دەتوانن خۆراك‌و پۆشاك‌و سوتەمەنی‌و گرنگیپێدانی پزیشكیی زیاتر بەدەستبخەن بۆ خۆیان‌و كچە ساواكەیان(ماریانا)، چیتر پێویستیان بە پشتبەستن بە یارمەتی خزمان نییە لەدانەوەی هەموو قەرزەكانیاندان.


گوڵستان دەڵێت"هاوسەرەكەم كە بێكار بوو بە دەگمەن لە ماڵەوە بوو، بەڵام لەوەتەی دەستمان كردوە بەم پڕۆژەیە، كاتی زیاتر لەگەڵ من بەسەر دەبات‌و گرنگی بە كەوەكانمان (باڵندەكان) دەدات."


"هەردووكمان پاڵپشتیی یەكتر دەكەین‌و هەست دەكەم پەیوەندیەكەمان بەرەو باشتر دەڕوات، دڵخۆشم دەتوانم بەشداربم لە خەرجیەكانی ماڵەكەمداو هەمووان لە خێزانەكەم قەدری كارەكەم دەگرن."


نەشوان هاوڕا بوو لەگەڵ خێزانەكەیداو وتی"هاوسەرەكەم كۆنتڕۆڵی تەواوی هەیە بەسەر داهاتەكەماندا، ئەو لە من باشتر دەزانێت پێویستیەكانمان چین."


ئەوانەی ئەلقۆش-یان لەبەر داعش بەجێهێشت، وەكو گوڵستان‌و نەشوان كەوتونەتە ڕێ بۆ گەڕانەوە، زۆربەی ئەوانەیشی چونەتە دەرەوەی وڵات وەكو براكەی نەشوان، لە خۆئامادەكردندان بۆ گەڕانەوە.


نەشوان دەڵێت"براكەم هەڵاتوە بۆ ئەڵمانیا تا ژیانێكی سەلامەتتری دەستكەوێت، من باسی كاری بەخێوكردنی كەوەكەم بۆ كرد… بۆیە براكەم لە پلاندانیدایە تا بگەڕێتەوە."