
فۆتۆكان: پەرەگراف
ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی شوعلە عەلی خێزانی نەوشیروان مستەفا لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی لە تەنیشت گۆڕی دووبرا شەهیدەكەی بەخاك سپێردرا.
شوعلە عەلی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایەو هێشتا بەفەرمی ئەوە ڕانەگەیەندراوە كە بۆ بەشداری پرسەی خێزانەكەی دەگەڕێتەوە هەرێم یاخود نا.
شوعلە عەلی دوای ئەوەی ساڵی 1981 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ نەوشیروان مستەفا پێكدەهێنێت، بەشداری لەهەموو وێستگەكانی خەباتی شارو شاخدا كردووە، لە بنەماڵەكەیدا خاوەنی چەندین شەهیدو قوربانییە لەنێوایاندا دوو برای بە ناوەكانی شوانو شێركۆ لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوودا شەهید بوون.
شوعلە عەلی خاوەنی دوو كوڕو كچێكە بەناوەكانی، نما، چیاو چرا، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمەكەی لە گردی سەیوان لەتەنیش دووبرا شەهیدەكەیو دایكو باوكی بەخاك سپێردرا.
پرسەی شوعلە عەلی دوو ڕۆژەو سبەینێو دووسبەی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی دەبێت لە سلێمانی.