"باڵۆنی ئاواتەكان" هەڵدرا

ژمارەیەك گەنج بە فیستیڤاڵێك داوای پێكەوەژیان دەكەن لە كەركوك
20-03-2017 02:20
كەركوك، 19ی ئازاری 2017، هەڵدانی دەیان باڵۆن لەلایەن ژمارەیەك گەنجەوە بە ئامانجی پێكەوەژیان. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.


پەرەگراف- كەركوك ناو

 

فیستیڤاڵی هەڵدانی "باڵۆنی ئاواتەكان"، دوایین هەوڵی ژمارەیەك گەنجی شاری كەركوكە بۆ ئاشتی‌و پێكەوەژیان، ئەوەش بە بەشداری تەواوی پێكهاتەكان.

 

ئێوارەی دوێنێ‌، گروپی كۆكار لە پاركی پەپولە لە گەڕەكی شۆراو-ی شاری كەركوك، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامەكانی فیستیڤاڵی هەڵدانی "باڵۆنی ئاواتەكان"ی ئەنجامدا.

 

بێگەرد عەبدولقادر، ئەندامی گروپی كۆكار بە (كەركوك ناو)ی وت "هەڵدانی باڵۆنی ئاواتەكان لە ژێر ناوی ئاشتی‌و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكانی كەركوك، هەروەها یادەكانی نەورۆز‌و ئادار بوو."

 

كەركوك، 19-3-20147، تەواوی پێكهاتەكان لە هەڵدانی باڵۆنەكاندا بەشداربوون. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

ئەو فیستیڤاڵە یەكەمجارە لە كەركوك بەڕێوەبچێت، وەكو بێگەرد دەڵێت ئەو كەسانەی تێیدا بەشداربوون لە سەرجەم نەتەوەكانی شارەكە پێكهاتبوون.


گروپی كۆكار، لەمانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن ژمارەیەك گەنج لەپێكاتە جیاوازەكانی كەركوك پێكهێنراوە بەخۆبەخشی، بە ئامانجی خزمەتكردن‌و چالاكیی جۆراوجۆر.

 

ئەندامەكەی ئەو گروپە لەبارەی بەرنامەی داهاتوویانەوە باسیلەوەكرد، كە دەربارەی ژینگە دەبێت‌و بریتیە لە دابەشكردنی كیسەی خۆڵ‌و خاشاك لە سەیرانگاكاندا.

 

كەركوك، 19-3-2017، فیستیڤاڵەكە یەكەمجارە لە شارەكە ئەنجامدەدرێت. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

كۆكار لەئێستادا 120 ئەندامی هەیە‌و لە كەركوك چالاكی دەكەن، كە لە كورد، عەرەب، توركمان‌و كلدو ئاشور پێكهاتوون‌و بەشی هەرە زۆریان دەرچووی كۆلێژو پەیمانگەكانن، یان خوێندكاری زانكۆن.

 

گروپەكە بەشدارییان لەو كەمپینەشدا كردووە كە لەسەر ئاستی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی جلوبەرگ‌و پێڵاو پێكهێنراوەو دواتر بەسەر كەسانی هەژارو كەمدەرامەتدا دابەشیدەكەن.