
پەرەگراف- كەركوك ناو
یاسر، بە نێو خۆڵو خاشاكدا دەسوڕایەوەو بەدەم وەشاندنی تێلەكەی دەستیەوە، بەوردی دیقەتی دەداو بەدوای فافۆنو كەرەستەی فڕێدراودا دەگەڕا، تا بیفرۆشێتو ژەمە خۆراكی بۆ خوشكو براكانی پێ بكڕێت.
ئەو كە كوڕی گەورەی خێزانێكی كەمدەرامەتو دەستكورتی ئاوارەی جەلەولایە، ئێستا لەخانویەكی كرێی ناحیەی ڕزگاریدا ژیان بەسەر دەبات، ڕۆژانە 12 كاتژمێر بەنێو زبڵو خۆڵو خاشاكدا دەسوڕێتەوە، لەو ڕێگەیەوە كرێ خانو و بژێوی دوو براو خوشكە بچوكەكەی پەیدا دەكات.
یاسر حەمید تەمەنی 8 ساڵ بوو كاتێك باوكی كۆچی دوایی كرد، سەختی ژیان خۆشیەكانی منداڵی لێسەندەوەو بە پەیداكردنی بژێوییەوە سەرقاڵی كرد، ئەو ڕاكە ڕاكەو دەستنەڕۆیی بەو تەمەنە كەمەوە بەشێوەیەك ماندوی كردبوو، تارمایی ماندوێتی ڕوخساری داپۆشی بوو.
بەدەم كۆكردنەوەی قوتوە بیبسییەوە یاسر بۆ (كەركوك ناو) دواو وتی"باوكم بەهۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە جێی هێشتین، لەو كاتەوە من كاردەكەمو دایكو دووبراو خوشكە بچوكەكەم بەخێو دەكەم."
كۆنتڕۆڵكردنی ناحیەی جەلەولا لەلایەن داعشو ئاوارەبوونی دانیشتوانەكەی، هێندەی تر باری سەرشانی یاسری قورستر كرد، بە تایبەت لەسەری پێویست بوو مانگانە 200 هەزار دیناریش بۆ كرێی ئەو خانوە پەیدا بكات كە دوای ئاوارەبوون تێیدا نیشتەجێبوون.
یاسر ڕۆژانە لە كاتژمێر 6ی بەیانی لەماڵ دەردەچێتو ڕوو دەكاتە نزیك گوندی دێبنە، ئەو جێگەیەی كە ئۆتۆمبێلەكانی شارەوانی بۆ فڕێدانی زبڵو خۆڵو خاشاك ڕووی لێدەكەن، تا كاتژمێر 6ی ئێوارە بەنێو ئەو زبڵەدا دەسوڕێتەوە، قوتوە كۆنو شتی فڕێدراوی ماڵان كۆدەكاتەوە.
یاسر 12 كاتژمێر بە نێو خۆڵو خاشاكدا دەگەڕێت تا بژێوی دایكو دوو براو خوشكە بچوكەكەی پەیدابكات.
یاسر دەڵێت ئەو قوتوە كۆنانەو فافۆنو شتە بەكارهاتووە فڕێدراوەكان، دوای كۆكردنەوەیان دەمەو ئێوارە بەماتۆڕسكیل دەبات بۆ فرۆشتن، "ڕۆژانە 5 بۆ 10 هەزار دینار پەیدا دەكەم، لەو پارەیە خۆراكو پێداویستی دەكڕم، دواتر دەچمەوە بۆ لای دایكو دوو براو خوشكە بچوكەكەم."
لەیاسای عێراقیدا خوار تەمەنی 18 ساڵ بە منداڵ هەژمار كراوەو كاركردنی قورس بە منداڵ بەسەرپێچی دادەنرێت، بەڵام خراپی دۆخی ئابوری خێزانەكان هەزاران منداڵی خستۆتەسەر شەقامەكانو جێبەجێكردنی یاساكانیشی ڕاگرتووە.
ئەو خۆڵو خاشاكە بۆگەن كردووەی ڕۆژانە یاسر و چەندین منداڵی تر كاتەكانیانی تێدا بەسەر دەبەن، نەك تەنها كاریگەری دەروونی بەڵكو زیان بە لایەنی تەندروستی ئەو منداڵانەش دەگەیەنێت.
لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی بۆ بەدواداچوونی كێشەكانی ژنانو منداڵان بە(كەركوك ناو)ی وت"زۆربەی ئەو منداڵانەی كاردەكەن ئەوانەن كە باوكیان لەژیاندا نەماوە یاخود نەخۆشن."
وتیشی"دەستكورتی و دەستنەڕۆیی هۆكاری كاركردنی منداڵانە."
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە یەكێكە لەو ناوچانەی تێیاندا توندوتیژی بەرانبەر بە منداڵان هەیەو كاری قورسیان پێ ئەنجام دەدرێت.
خەبات ڕەشید، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لە گەرمیان بە(كەركوك ناو)ی وت"ڕێژەی كاركردن بەمنداڵان لەهەڵكشاندایە، ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ژمارەی ئەو منداڵانە زیادیكردووە كە كار دەكەن."