
پەرەگراف- كەركوك ناو
دانیشتوانی موسڵ، لەبەردەم چەند بژارەیەكدان كە هیچ كاتێك ئاواتی بۆ ناخوازن، چونكە بە چڕبوونەوەی شەڕو پێكدادانەكان مانەوەیان لە مردن نزیكیان دەكاتەوەو هەڵاتنیشیان، لەو ڕێگەیە مەترسیدارترە.
كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەو مەترسییانە كردووە كە ڕوبەڕوی خەڵكی ڕۆژئاوای شاری موسڵ بووەتەوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی لە ژێر دەستی داعش.
ئەبو فەهد، 29 ساڵ، باوكی پێنج منداڵەو لە گەڕەكی تنەك لە بەری ڕاستی موسڵ نیشتەجێیە، دەڵێت"لە هەموو بژاردەكانی بەردەمماندا مەترسی مردن ڕوبەڕومان دەبووەوە"، زیاتر وتی"بەمانەوەمان دەكەوتینە ژێر بۆردومانی ئاسمانیو تۆپباران، بە هەڵاتنیش ئەگەر هەبوو بكوژرێین، بەڕاستی بژادەیەكی زۆر قورس بوو."
سەدان خێزان لە بەری ڕاستی موسڵ، بەهۆی خراپی دۆخی مرۆییو برسێتییەوە بە ناچاری ئاوارەبوون، سەرباری مەترسی زۆری ڕێگەو چەكدارانی داعش.
ئەبو فەهد، هەرچەندە مامێكی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەكاتی ئاوارەبوونیدا بە فیشەكی قەناس كوژراوە، بەڵام ئەو ڕووداوە پەشیمانی نەكردەوە لە بڕیاری هەڵاتن.
"بۆ ماوەی مانگێك لە برسێتیدا بووین، پێموابوو ئەگەر بۆ ماوەیەكی زیاتر بمێنینەوە دەمرین."
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كۆچو كۆچبەرانی عێراق، ئاوارەكانی بەری ڕاستی موسڵ گەیشتۆتە زیاتر لە 201 هەزار كەسو بەسەر كەمپەكاندا دابەشكراون، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو بەشەی شارەكە كە 19-2 دەستیپێكردو تائێستا هێزە عێراقییەكان، چەند گەڕەكو ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.
مریەم دەحام، یەكێكی ترە لە هەڵاتوانی بەری ڕاستی موسڵو دەڵێت ئەو گروپە چەكدارییانەی لە گەڕەكی تنەك باڵادەست بوون، دەیان مەدەنییان كوشتووە تا خەڵك چاوترس بكەن.
"نزیكەی 30 خێزانیان لەسێدارەدا كە پلانی هەڵاتنیان دانابوو، بینیم تەرمەكانیان لەسەر شەقامو ئەو قوتابخانەیە دانابوو كە خۆیانیان تێدا شاردبووەوە، ئەو خێزانانە پلانیان هەبوو بەشەو هەڵبێن بەڵام یەكێك هەواڵی لەبارەیانەوە داو هەموویان كوژران."
مریەم دەڵێت ئەو كارەی چەكدارەكان، تەنیا بۆ ئەوەبوو خەڵك بیر لە هەڵاتن نەكاتەوە بەرەو ڕووی هێزە عێراقییەكان.
ئەو ژنە كە بەشەو لەگەڵ نزیكەی 50 خێزانی تردا هەڵاتووە، دەڵێت "سەرباری هەموو هۆشدارییەكان، لەهەموو بارەكاندا ڕوبەڕوی مەرگ دەبوینەوە، بۆیە بڕیارماندا هەڵبێین، رێگاكەش زۆر ماندوكەر بوو، چەند كاتژمێر دەبوو بەپێ بڕۆین."
بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی هاوڵاتی مەدەنی لە بەری ڕۆژئاوا(ڕاستی) شاری موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێتو پێشبینی ئاوارەبوونی زیاتر لە 250 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.
ئەو خێزانانەی لەگەڵ مریەمو ئەبو فەهد هەڵاتوون، ئێستا لە بنكەی پێشوازی ئاوارەكانن لە كەمپی حەمام عەلیل كە هەفتانە هەزاران هاوڵاتی ڕووی تێدەكەن، ئەوان ئێستا بە ئومێدی ئەوەوەن شوێنێكیان بۆ مانەوە دەستبكەوێت تا ئەوكاتەی دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان.
ئەبو فەهد وتی "بەیارمەتی خوا بەمنزیكانە دەگەڕێیینەوە بۆ ماڵەكانمان، من زۆر گەشبینم كە هەواڵێكی دڵخۆشكەر بەمزوانە بە گوێمان دەگاتو ناوچەكانمان بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵدەكرێنەوە."