منداڵێكی چوار ساڵان لەنەخۆشخانەیەكی كەركوك گیانی لەدەستدا

19-04-2017 01:20
محەمەد هێمن-ی تەمەن چوارساڵ

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی گشتی شاری كەركوك بەهۆی "بێتاقەتی‌و تەنگەنەفەسییەوە"، لەكاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكیدا گیانی لەدەستدا‌و كەسوكاریشی سكاڵای یاساییان تۆماركرد.

 

محەمەد هێمن، دانیشتووی گەڕەكی فەیلەق (كوردستان)ــــە‌و كاتژمێر 9:20 خولەكی شەوی 15-4-2017 لەلایەن كەسوكاریەوە براوەتەوە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك گیانی لەدەستداوە.

 

وریا عەبدوڵا، مامی ئەو منداڵە بە (كەركوك ناو)ی وت"منداڵەكە تەنگە نەفەس‌و بێتاقەت بوو، گەیاندمانە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك‌و دوای كەمێك پشكنین پزیشكەكان لەبەشی فریاكەوتن وتیان خوێنی بوەتە ئاو و سبەینێ‌ بیهێننەوە پشكنینی بۆ دەكەین، دواتر وتیان بچن ئەم دەرزیە بكڕن لەدەرەوە."

 

"بەرامبەر نەخۆشخانەكە لەدەرمانخانەیەك دەرزییەكەمان كڕی‌و لەگەڵ موغەدیەك تێكەڵیان كرد‌و لێیاندا، كەمێكی نەبرد وتیان منداڵەكەتان گیانی لەدەستدا، كاتێك بینیمان كەف لەدەم‌و لوتیەوە دەرهاتبوو."

 

تەرمی منداڵەكە هەر ئەوكات براوەتە پزیشكی داد بۆ ئەنجامدانی توێكاری‌و تائێستا بەتەواوی هۆكاری ڕووداوەكە ڕوون نیە.

 

مامی ئەو منداڵە دەڵێت "سكاڵامان دژی نەخۆشخانەكە تۆماركردوە لەبنكەی پۆلیسی قۆریە، چونكە منداڵەكە بەپێی خۆی چوە نەخۆشخانە‌و بەمردویی دەرمانكرد."

 

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) بۆ لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكە تەندروستی كەركوك لیژنەیەكی پێكهێناوە، بەڵام هەوڵەكان بۆ وەرگرتنی لێدوان لە بەرپرسانی نەخۆشخانە‌و فەرمانگەی تەندروستی بێ‌ ئاكام بوون.

 

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی كاروباری منداڵان‌و مافەكانی مرۆڤ لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە(كەركوك ناو)ی وت "چاودێری كاری لیژنەكە دەكەین، چونكە لیژنەكە گوێ‌ لەپزیشكەكان‌و كەسوكاری منداڵەكە دەگرێت، دەمانەوێت بزانین ئەو دەرزییەی لەو منداڵە دراوە لەگەڵ نەخۆشییەكەی و تەمەنی گونجاوبووە یان بزانین پزیشكەكان هەڵەیان كردوە."

 

هەروەها جەختیكردەوە "ئەگەر مەبەست یان هەڵە هەبێت بەپێی یاسا سزا دەدرێن، كەمتەرخەمی لەمردنی منداڵەكەدا هەبێت ڕێگەنادەین بەبێ‌ سزا ڕوداوەكە تێپەڕێت."

 

ئەوە یەكەمجار نیە ڕوداوی هاوشێوە لە كەركوك ڕوبدات، وەزارەتی تەندروستی عێراق مانگی ئازاری ئەمساڵ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی گیانلەدەستدانی دوو كچ لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك، ئەوەش دوای تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن كەسوكاریانەوە.

 

یەكێك لەو دۆسیەیانە هێلین چێنەر-ی تەمەن 14 ساڵە، كە 18-1ی ئەمساڵ نەشتەرگەریی ڕێخۆڵە كوێرەی بۆ كرا لەنەخۆشخانەی ئازادی‌و دوای سێ ڕۆژ لە بێهۆشی، گیانی لەدەستدا.

 

ساڵی ڕابردووش، گیانلەدەستدانی كچێكی دوو ساڵ (كەژین) بەهۆی پێوەدانی دوپشك، خۆپیشاندانی كەسوكارەكەی‌و چالاكوانانی مەدەنی بەدواداهات، دژی نەبوونی دەرمانی دژە ژەهر.