پەرەگراف- كەركوك ناو
ژنێكی دووگیان، دوای نەشتەرگەری منداڵبوونو بەهۆی لێدانی دەرزییەوە، دەستی تووشی قڵیشان دەبێتو لە نەخۆشخانە بە حاڵەتێكی "دەگمەن" ناوی دەبەن، ئەوەش بەوتەی هاوسەرەكەی لەئەنجامی هەڵەی پزیشكییەوە بووە هەرچەندە لایەنی پەیوەندیدار ڕەتیدەكاتەوە.
نۆزان سەڵاحەدین، پێرێ 25-4 لە قەزای دوبزەوە (35كم باكوری ڕۆژئاوای كەركوك) دەچێتە نەخۆشخانەی ئەهلی (داروحیكمە)ی شاری كەركوك بۆ نەشتەرگەری منداڵبوون، دواتر لەكاتی وەرگرتنی چارەسەرەكانیدا یەكێك لە دەرزییەكان دەماری دەستی دەتەقێنێتو لەڕێی نەشتەرگەرییەكی دیكەوە لە نەخۆشخانەیەكی حكومی، باری تەندروستی جێگیر دەكرێت.
"سەرەتا ویستم لە نەخۆشخانەی ئازادی نەشتەرگەری بۆ بكرێت، بەڵام دواتر بۆچوونی خۆم گۆڕی، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە چارسەری بۆ بكرێت بردمانە نەخۆشخانەی (دارو حیكمە)"، وەهاب ئەحمەد هاوسەری ئەو ژنە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
لەبەرانبەر نەشتەرگەری منداڵبوونەكەدا، بڕی 450 هەزار دینار لەو ژنە وەرگیراوە جگە لە پێدانی نزیكەی 120 هەزار دیناری تر وەكو بەخشش بە كارمەندانی نەخۆشخانەكە.
هاوسەرەكەی دەڵێت "دوای ئەوەی منداڵەكە لە دایك بوو، موغەزییان بۆ خێزانم بەست، داوام لە پەرستارەكان كرد دەرزی ئازارشكێنی بۆ بكەن بەڵام داوای بەخششیان دەكرد."
دواتر پەرستارێكی نەخۆشخانەكە ڕازی دەبێت دەرزی ئازارشكێنی بۆ بكات، وەكو وەهاب باسیكرد "دەرزییەكەی زۆر خێرا لە دەمارەوە لە خێزانم دا، چەندجارێك وتم دەبێت ئەو دەرزییە لەسەرخۆ بەكاربێت بەڵام گوێی پێنەدام."
كاتژمێرێك دوای بەكارهێنانی دەرزییەكە، دەماری دەستی ئەو ژنە بە تەواوی شین دەبێتەوەو دەمارێكی دەتەقێت، بۆیە نەخۆشخانە ئەهلییەكە ناتوانن چارەسەری بۆ بكەنو ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی حكومی كەركوك دەكرێت.
كەركوك، 25-4-2017، نۆزان سەڵاحەدین دوای قڵیشانی دەستی بەهۆی دەرزییەكەوە، فۆتۆكە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە گیراوەو بڵاوكراوەتەوە.
وەهاب دەڵێت درەنگانی شەو بەپەلە نەشتەرگەرییان بۆ دەستی كردووە، "پزیشكەكانی نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك وتیان حاڵەتێكی دەگمەنەو یەكەمجارە حاڵەتێكی هاوشێوە ببینن."
فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بە پاساوی ئەوەی نەخۆشخانەكە لەسەر كەرتی تایبەتە قسەی لەسەر ناكەن.
حسێن عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ پەیوەندییەكیان بە فەرمانگەی تەندروستیەوە نیە… پەیوەندی بە ئێمەوە نیە."
هەرچەندە باری تەندروستی ئەو ژنە جێگیرە، بەڵام دەستی قڵیشاوەو هاوسەرەكەی جەختدەكاتەوە لەوەی، سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەرستارە تۆمار دەكات كە دەرزییەكەی كردووەو هەرگیز بێدەنگ نابێت.
سەندیكای پزیشكانی عیراق، لە بارەی ڕوداوەكەوە پشتگیری بۆ نەخۆشخانەكە نیشاندەدات.
دەریا ئەحمەد، بەرپرسی لقی كەركوكی سەندیكاكە بە (كەركوك ناو)ی وت "دیارە ئەمە هەڵەی پزیشكی نەبووە، پزیشكەكە دەرمانی كردۆتە ناو موغەزییەكەوە، دەماری ژنەكە تەحەممولی نەكردووە بۆیە دەمارێكی دەستی تەقیووە."
ئەوان لیژنەیان بۆ لیكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە پێكهێناوەو وەكو دەریا ئەحمەد دەڵێت، هاوسەری ئەو ژنە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات.
ئەوە یەكەمجار نییە لەكاتی وەرگرتنی چارەسەردا ڕووداو لە نەخۆشخانەكانی كەركوك ڕووبدات، ناوەڕاستی ئەم مانگە منداڵێك لەكاتی وەرگرتنی چارەسەر گیانی لە دەستداو پێشتریش، وەزارەتی تەندروستی عیراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی گیانلەدەستدانی دوو كچ لە نەخۆشخانەی ئازادی.
جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە(كەركوك ناو)ی وت"ئاگاداری وردەكاری ڕووداوەكە نیم، … بەڵام ناكرێت ڕۆژانە هەڵەی پزیشكی بەرامبەر بەهاوڵاتیان تۆماربكرێت، بۆیە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی مافی خۆیان وەربگرنەوە پێویستە سكاڵا تۆمار بكەنو پزیشكانی كەمتەرخەم سزابدرێن."