لەشەوی یارییەكەی ڕیاڵ‌و بەرشەلۆنە لە هەولێر بە دۆشكە‌و بیكەیسی تەقەی خۆشیی كراوە

30-04-2017 12:30

 

پەرەگراف

 

پۆلیسی هەولێر بەردەوامە لە دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لە شەوی یارییەكەی ڕیاڵ مەدریدو بەرشەلۆنەدا تەقەی خۆشییان كردووەو تائێستا 131 كەس دەستگیركراون، لەو شەوەدا چەكی قورس بەكارهێنراوەو بە دۆشكەو بیكەیسی تەقە كراوە.

 

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری دەستگیركراوانی خستەڕوو، ڕایگەیاند لەسەر تەقەی خۆشیی"131 كەس دەستگیركراون، 56یان لای پۆلیس‌و 75یان لای ئاسایش." ئەوەشی خستەڕوو بەردەوام دەبن لە دەستگیركردنی ئەو كەسانەی دیكەش كە تەقەیان كردووەو لە هەڵمەتەكەیاندا چەكی مۆڵەتدراو بێ مۆڵەتیان دەستبەسەردا گرتووەو ڕێكاری یاسایی توندیان لەدژ دەگرنەبەر.

 

بەهۆی هەبوونی چەك لەدەستی خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان، زۆرجار تەقەكردن لەناوچە جیاجیاكان ڕوودەدات، بەجۆرێك هەندێكجار بەهۆی ئەنجامی یاریی یانە ناودارەكانی جیهان، خەڵك دەستدەكەن بە تەقەكردنی خۆشی‌و هەندێكجار شەڕ لە نێوان هاندەرانیش دروست دەبێت، وەك ئەوەی شەوی 23ی ئەم مانگە لە هەولێر ڕوویدا دوای كۆتایی هاتنی یاریی كلاسیكۆی نێوان هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید‌و بەرشەلۆنەی ئیسپانی كە بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ لە ڕیاڵ مەدریدی بردەوە.

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر باسیلەوەشكرد لەو شەوەدا، "فەوزاو كێشەی زۆر لەم شارە دروست بوو" ئاماژەی بەوەشكرد زۆربەی تەقەكان لە ماڵانەوە بووەو ئەو كەسانەی دەستگیركراون هەموویان هاوڵاتین‌و تێیاندایە كەسوكاریان چەكدارن، وتی"لەهەندێك شوێن چەكی قورس بەكارهاتووە، دۆشكەو بیكەیسی بەكارهاتووە، بەڵام ئیجرائات كراوەو دەستبەسەر ئەو چەكانەدا گیراوە."

 

عەبدولخالق تەلعەت باسیلەوەشكرد، كەسانێك دەستگیركراون كە 14 ساڵ‌و 15 ساڵ بوون‌و چەكیان پێبووە، وتیشی"خەڵكێك دەستگیركراوە نازانێت ئەو یارییە هەبووە یان نەبووە؟ یان ئەو دوو یانەیە كێن‌و بەرشەلۆنەو ڕیاڵ چین، هەرلەخۆوە تەقەی كردووەو ناوی ناوە تەقەی خۆشیی، ئەمەش خۆشیی نییەو تەنها ناخۆشییە."

 

هەر لەو شەوەدا كەسێك بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم دەبلیو خۆیكرد بەناو هاندەرانداو سێ كەسی بریندار كرد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر زانیاریی لەسەر ئەو شۆفێرە ئاشكراكردو وتی"تاوانباری بی ئێمەكە دەستگیركراوەو پێشتریش چەندین جاری دیكە دەستگیركراوەو دوای تەواوبوونی حوكمەكەی ئەوكارانە دووبارە دەكاتەوە، داوا لەدادگا دەكەین سزای توندتری بدات."

 

هەبوونی چەكێكی زۆر لەماڵانداو حزبی بوونی كەسانی چەكدار، وایكردووە لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانیشدا پەنا بۆ چەك ببرێت، وەك ئەوەی 18ی ئەم مانگە كە دوو بنەماڵە لە شاری هەولێر بە هۆی كێشەیەكەوە شەڕ لەنێوانیان ڕوویداو بەهۆیەوە تەقەیەكی زۆر كرا، ئەوەش ترس‌و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی ئەو شارە دروست كرد.

 

ئەو دوو بنەماڵەیە لە عەشیرەتی "خەیلانی" بوون‌و شەڕ لەنێوانیان ڕوویداو بە چەكی كڵاشینكۆف تەقەیەكی زۆریان لەیەكتر كرد لە گەڕەكی باداوەی هەولێر، تەقەكان زیانی گیانییان نەبوو.

 

هەرچەندە یاسایەك هەیە بۆ ڕێكخستنی چەك‌و مۆڵەت پێدان، بەڵام وەك سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمان باسیدەكات لەگەڵ ئەوەی یاساكە پێویستی بە پێداچوونەوەیە هاوكات وەكخۆی جێبەجێ ناكرێت، ئەوەش بە یەكێك لە كێشەكان ناو دەبات.

 

"بەپێی یاسا دەبێت تەنها وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی چەك هەڵگرتن بدات، بەڵام زۆرجار دامودەزگای دیكەش مۆڵەت دەدەن، خەڵك هەیە مۆڵەتی پێدراوە چەك هەڵگرێت بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەكی لەسەبێت‌و پێویستی بێت." ئەیوب عەبدوڵا بۆ پەرەگراف وای وت.

 

لەبارەی ڕۆڵی حزب لەو ڕووداوانەو پشت بەستنی تەقەكەرەكان بە حزب‌و لاوازی ڕۆڵی حكومەت، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش ئەوەی خستەڕوو، واقیعی كوردستان بەجۆرێكە حزب باڵادەستەو پێویستە لەم ڕوەوە ڕۆڵێكی باش ببینێت.

 

"حكومەت خۆی چاوی لەدەستی حزبەو تەداخولی دەكات‌و پێشێلكاریی بەرامبەر دەكات، پێویستە حزبەكان ئەندامەكان هۆشیار بكەنەوەو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و دەسەڵاتی دادوەری بەهەمان شێوە ڕۆڵی خۆیان ببینن."