چیرۆكی ئەو پێشمەرگەیەی دەیەوێت گورچیلەی‌ بفرۆشێت بۆ چارەسەری كوڕەكەی

16-05-2017 03:17
خدر شاوری‌و محەمەدی كوڕی.

 

پەرەگراف

 

هەژاری‌و نەخۆشكەوتنی كوڕەكەی، تەنگی بە ژیانی پێشمەرگەیەك هەڵچنیوەو گەیاندویەتییە ئەو بڕوایەی گورچیلەیەكی خۆی‌و خانوەكەی بفرۆشێت لە پێناو ڕزگاركردنی ژیانی كوڕە تاقانەكەی.

 

خدر هەمزە شاوری، تەمەن 43 ساڵ، پێشمەرگەیە لە لیوای 7، لەسەرەتای شەڕی داعشەوە لە میحوەرەكانی بەعشیقەو شەنگال بەشداری شەڕی كردووە، ئەو ئێستا مۆڵەتی وەرگرتووەو هەوڵەكانی چڕ كردوەتەوە بۆ چارەسەری نەخۆشیی كوڕەكەی، ئەگەر بە بەخشینی بەشێك لە جەستەی خۆیشی بێت.

 

دۆخی ژیانی خدر بەجۆرێكە وای لێكرد لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك ژمارە مۆبایلەكەی دابنێت‌و بنوسێت"سلاو هاورییان ئەم كورەم زۆر نەخۆشە باری ئابوریم زۆر خراپە ئەمەوی كورجیلەم بفرۆشم."

 

 

خدر شاوری‌و محەمەدی كوڕی لە نەخۆشخانە.

 

خدر ماوەی 26 ساڵە پێشمەرگەیەو ئێستا موچەكەی 840 هەزار دینارە، خاوەنی 3 كچ‌و كوڕێكە، كوڕەكەی بەناوی برا شەهیدەكەیەوە ناو ناوە محەمەد كە لە ڕاپەڕنەكەی بەهاری 1991دا شەهید بووە، دوو برای دیكەشی پێشمەرگەن.

 

پۆستەكەی خدر لە فەیسبوك كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوەو وەك خۆی بۆ پەرەگراف باسیدەكات خزم‌و كەسوكارو دۆستەكانی بەدەمیەوە چوون‌و نەیان هێشتوە ئەوكارە بكات، وتیشی"دەربازی كاك كۆسرەت قسەی لەگەڵ براكەم كردووە‌و هاتوەتەسەر خەت دەڵێت بیهێننە نەخۆشخانەی كاك كۆسرەت لەهەولێر هەموو چارەسەرێكی لەئەستۆی من."

 

كوڕەكەی خدر شاوری نەخۆشی شێرپەنجەی هەیەو مانگی 3ی ئەمساڵ لەڕێی وەزارەتی تەندروستییەوە ڕەوانەی توركیا كراوە، لەوێ پزیشكەكان ویستویانە قاچی ببڕنەوە، بەڵام خدر پرسی بە پزیشكەكانی وەزارەتی تەندروستی كردووەو ئەوان ڕەزامەند نەبوون‌و پێیان وتووە ئەوكارە نەكات.

 

"لەتوركیا چەند نەخۆشخانەیەكمان كرد، دواتر پێیان وتین چارەسەری كیمیایی دەتوانێت ساڵێك بۆ ساڵ‌و نیوێك ڕایبگرێت، ئێستا 21 ڕۆژ جارێك لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی چارەسەری كیمیایی وەردەگرێت."خدر وای وت.

 

پزیشكەكان هیوایەك دەدەنە خدر بۆ چارەسەری تەواوەتیی كوڕەكەی ئەوەش بە بردنە دەرەوەی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، ئێستا تاكە داواكاریی خدر گەیاندنی محەمەدە بۆ ئەو وڵاتە بە مەبەستی چارەسەر كردنی.

 

ڕەوشی ژیان‌و گوزەرانی خدر بەجۆرێكە دوای گەڕانەوەی لە ئەركی پێشمەرگایەتی كرێكاری دەكات بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەی كە لە خانویەكی بچوكی گڵدا دەژین لە شاری ڕانیە.

 

بارودۆخی ژیانی هێزەكانی پێشمەرگە بەگشتی باش نییەو موچەكانیان هێندە نییە پێداویستییەكانی ژیانیان دابین بكات، زۆر پێشمەرگە وەك خدر دوای گەِرانەوەیان لەئەركی پێشمەرگایەتی كرێكاری یاخود كارێكی دیكە دەكەن.

 

هەرچەندە خدر شاوری توانیویەتی دەنگی خۆی بگەیەنێت‌و حكومەت‌و بەرپرسان تاڕادەیەك بەدەمیەوە چوون، بەڵام زۆر پێشمەرگەی دیكە هەن ژیانی خۆیان خستوەتە مەترسییەوە بۆ پاراستنی كوردستان‌و خۆیان یاخود ئەندامانی خێزانەكانیان پێویستیان بە چارەسەر هەیەو حكومەت وەك پێویست ئاوڕیان لێ ناداتەوەو سیستمێك دانەنراوە بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو حاڵەتانەو كەسەكان خۆیان لەسەر ئاستی كەسیی كاری بۆ دەكەن.

 

لەبارەی هاوكاریكردنی خدر لەلایەن وەزارەتەكەیەوە، هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن‌و هۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەرچەندە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو لە وەزارەتەكەیان بۆ ئەو حاڵەتانە كارێكی ئەوتۆناكرێت، بەڵام وتی"با لیواكەی خۆی كتابی بۆ بكات بۆ وەزارەت ئێمەش چیمان پێبكرێت هاوكاری دەكەین."

 

 

خدر شاوری‌(بیكەیسی بەدەستەكە) لەگەڵ پێشمەرگەیەك لەبەرەی پێشەوەی شەڕی داعش.

 

"نامەوێت ئەو منداڵە لەبەردەستم تەواوببێت، وتم خانوەكەی بۆ دەفرۆشم دەفتەرێك دەفتەرو نیوێك بكات لەگەڵ گورچیلەكەی خۆم بەڕێی دەكەم بۆ ئەڵمانیا." خدر شاوری وادەڵێت.

 

ئەو پێشمەرگەیە لەكاتی قسەكردنی بۆ پەرەگراف ناوی چەند پەرلەمانتارو بەرپرسانی لیواكەی خۆی‌و پزیشكانی وەزارەتی تەندروستی هێنا كە لەماوەی ڕابردوودا هاوكارییان كردووەو سوپاسی كردن بۆ بەدەمەوە چوونی.

 

"تەنها داواكاریم ئەوەیە دەمەوێت بۆمببەن بۆ ئەڵمانیا یان هەروڵاتێك كە چارەسەری بكرێت."خدر وای وت.